حەڤدە ساڵ لەمەوبەر مێژووی كۆماری عیراق وەرچەرخانێكی گەورەی بەخۆیەوەبینی، كە مام جەلال وەك یەكەم كورد لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە بە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا. مام بووە سەرۆكی گشت عیراقییەكان بەبێ جیاوازیی بیروڕای سیاسی و ئایینی و نەتەوەیی.
لەم یادەدا دەكرێت بوترێت لە ماوەی سەرۆكایەتیی سەرۆك مام جەلال-دا، ئەگەر هەموو كێشەكانیش چارەسەر نەكرابێت، بەڵام هەمیشە زمانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن لەناو لایەنەكاندا بوونی هەبووە، بەوەش جۆرێك لە دڵنیایی و سەقامگیریی نەك تەنها لای عیراقییەكان چەسپاندبوو، بەڵكو وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و جیهانیش ئومێدیان لەسەر قورسایی و پێگەكەی هەڵچنیبوو، كە سەرۆكێكی نوێی وەك مام جەلال بەهۆی پەیوەندییە بەرفراوانە دیپلۆماسی و كۆمەڵایەتییەكانییەوە توانیبووی هاوسەنگییەكان وەها رابگرێت، كە لە ناو عیراقییەكاندا نازناوی (صمام الامان)یان پێبەخشیبوو.
جێی وەبیرهێنانەوەیە ئەو راستییە بڵێین لەكاتی سەرۆكایەتیی سەرۆك مام جەلال-دا عیراق لە قۆناغی سەرپێكەوتن و بنیاتناندا هەنگاوی دەنا، بەڵام ئەفسوس ماڵئاوایی و كۆچی ئەبەدیی مام، ئەو هیوا و ئومێدەی نەهێشت و عیراق و ناوچەكەش كەوتنە قۆناغێكی پڕ كێشمەكێشی سیاسی و نەتەوەیی و مەزهەبییەوە.
ئەمڕۆ كە ئەم یادە دەكەینەوە، عیراق بە دۆخێكی سیاسیی نەخوازراودا تێپەڕدەبێت و بەهۆی نەبوونی دیالۆگێكی نیشتمانی بۆ چارەسەری كێشەكان، ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بەو سیاسەتە حەكیمانەیەی سەرۆك مام جەلال-ە تا گیانی تەبایی و پێكەوەژیان لە عیراق و كوردستانیشدا زیندووبكەینەوە و وڵات و ناوچەكە لە قووڵكردنەوەی كێشە سیاسی و جۆراوجۆرەكان بەدووربگرین و ئارامیی زیاتر بۆ گەلانی عیراق و هەرێمی كوردستان بەدیبهێنین.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان