ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
به پێی راپۆرتێكی نووسینگه‌ی ئاماری ئه‌وروپا كه به یۆرۆستات ناسراوه، له ساڵی 2021دا رێژه‌ی هه‌نارده‌ی ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی یه‌كێتیی ئه‌وروپا به به‌راورد به ساڵی پێشتر %69 زیادی كردووه، به‌های كۆی گشتی ئۆتۆمبێله فرۆشراوه‌كانیش ده‌كاته زیاتر له 44 ملیار دۆلار، ئه‌مه‌ش گه‌شه‌كردنێكی به‌رچاوه له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلی هاوڕێی ژینگه‌دا له‌سه‌ر ئاستی جیهان، له هه‌مان كاتیش‌دا سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌به‌رئه‌وه‌ی له ساڵی 2020 وه رێژه‌ی هه‌نارده‌ی ئۆتۆمبێلی له هاورده‌ی زیاتر بووه‌و به‌شێك له هاوسه‌نگی بازرگانیی بۆ فه‌راهه‌م ده‌كات.
راپۆرته‌كه‌ی یۆرۆستات ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات له‌و دوو ساڵه‌دا زۆرترین هه‌نارده‌ی ئۆتۆبێلی كاره‌بایی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ بریتانیا بووه، كه به گوێره‌ی ئامار ساڵی یه‌كه‌م %26 و ساڵی دووه‌م %28ی ئۆتۆمبێله‌كان له بریتانیا فرۆشراون، له دوای بریتانیاش زۆرترین هه‌نارده بۆ چین و ئه‌مریكا بووه، ژاپۆنیش %23ی هه‌نارده‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپای له‌و ئۆتۆمبێلانه به‌ركه‌وتووه.
دوو جۆری سه‌ره‌كی لێدروستكراوه
ئۆتۆمبێله كاره‌باییه‌كان به گشتی دوو جۆرن، جۆرێكیان پێیان دوترێ دووڕه‌گه، كه به كاره‌باو به‌نزینیش كار ده‌كه‌ن، جۆره‌كه‌ی دیكه ته‌نیا به كاره‌با كارده‌كه‌ن، تا ئێستاش زۆرترین هه‌نارده‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ وڵاتانی دیكه له جۆری ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی دووڕه‌گه‌یه. یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی هه‌نارده‌ی وڵاتان كردووه، له هه‌مان كاتدا له ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی له هه‌ردوو جۆره‌كه‌ی له وڵاتانی دیكه هاورده كردووه، بۆ نموونه %43ی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی ته‌نیا به كاره‌با كار ده‌كه‌ن له چینه‌وه هاورده‌ی كردووه، به‌ڵام ئۆتۆمبێلی دووڕه‌گه زیاتر له ئه‌مریكاوه هاورده‌ی كردووه.
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا گرنگییه‌كی زۆر به دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی ده‌درێت و هه‌وڵ ده‌درێت بۆ هاتوچۆ، پشتبه‌ستن به سووته‌مه‌نی وه‌ك به‌نزین و گاز كه‌م بكرێته‌وه، زۆرێك له كۆمپانیاكانی تایبه‌ت به دروستكردنی ئۆتۆمبێل ئه‌م سیاسه‌ته‌یان كردۆته ستراتیژی داهاتوو، ئه‌ویش له‌لایه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی قه‌یرانی سووته‌مه‌نی له‌سه‌ر ئاستی جیهان رۆژ به رۆژ له هه‌ڵكشاندایه‌و له هه‌مان كاتیش‌دا وازهێنان له سووته‌مه‌نی كاربۆناوی خزمه‌تێكی باشه له بواری رێگرتن له پیسبوونی ژینگه‌دا.
كێشه‌كانی ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی
بۆ دروستكردنی باشترین ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی كۆمپانیاكان له پێشبڕكێدان، چونكه زۆر باش ده‌زانن داهاتوو بۆ ئه‌و جۆره ئۆتۆمبێله‌یه، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی جۆری پاترییه‌كه‌یه‌تی و توانای بڕینی زۆرترین مه‌ودا به یه‌ك جار چارجكردن، بۆ نموونه ئۆتۆمبێلی (لۆسید ئایر) وه‌ك باشترین ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی ده‌ستنیشان كراوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له توانایدا هه‌یه به یه‌ك جار چارجكردن 837 كیلۆمه‌تر ده‌بڕێت.
یه‌كێكی دیكه له كێشه‌ی ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی ئه‌وه‌یه كه به‌شی پێویست وێسگه‌ی چارجكردنه‌وه له‌سه‌ر ئاستی جیهان نییه، جگه له‌وه‌ش كێشه‌ی خایاندنی كاتی چارجكردنه‌وه یه‌كێكی دیكه‌یه له كێشه‌كان و ئه‌ویش په‌یوه‌سته به جۆری ئۆتۆمبێله‌كه‌وه‌و هه‌ندێكیان حه‌وت سه‌عات و هه‌ندێكی دیكه‌شیان 12 سه‌عاتی ده‌وێ.
حه‌وت بژارده له بازاڕدا هه‌یه
ئه‌و ئۆتۆمبێله كاره‌باییانه‌ی كه تا ئێستا دروستكراون، حه‌وت جۆریان وه‌ك باشترین ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی ده‌ستنیشان كراون و پله‌به‌ندیشیان بۆ كراوه:
حه‌وته‌م: ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی (تێسلا وای)، ئۆتۆمبێلێكی بچووكی وه‌رزشییه، به‌ڵام بۆ زۆربه‌ی كاری رۆژانه به‌كار دێت، دوو مه‌كینه‌ی هه‌یه‌و ده‌بڵ ئه‌كسله، به یه‌ك جار چارجكردنه‌وه توانای بڕینی 531 كیلۆمه‌تری هه‌یه، هه‌رچه‌نده به‌م دواییانه كۆمپانیاكه نرخی ئه‌م ئۆتۆمبێله‌ی گران كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فرۆشی كه‌می نه‌كردووه.
شه‌شه‌م: ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی (تێسلا ئێكس)، ئه‌مه‌شیان دوو مه‌كینه‌ی هه‌یه‌و حه‌وت نه‌فه‌ر ده‌گرێت، خێراییه‌كه‌ی 100 كیلۆمه‌تره له سه‌عاتێكدا.
پێنجه‌م: ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی (تێسلا 3)، له هه‌ردوو تێسلاكه‌ی دیكه زیاتر مه‌ودا ده‌بڕێت و له توانایدا هه‌یه به یه‌ك جار چارجكردن 576 كیلۆمه‌تر ببڕێت.
چواره‌م: ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی (بی ئێم ده‌بڵیو ئای درایڤ 50 سپۆرت)، یه‌كێكه له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی به یه‌ك جار چارجكردن توانای بڕینی 611 كیلۆمه‌تری هه‌یه‌و به‌وه‌ش ناسراوه كه خێرایی چارجكردنه‌وه‌ی زۆر به‌رزه.
سێیه‌م: ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی (تێسلا ئێس)، توانای بڕینی 646 كیلۆمه‌تری هه‌یه به یه‌ك جار چارجكردنه‌وه، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی خێرایی لێخۆڕینی له 112 كیلۆمه‌تر له سه‌عاتێكدا تێنه‌په‌ڕێت.
دووه‌م: ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی (مارسیدس EQS)، یه‌كێكه له‌و ئۆتۆمبێله كاره‌باییانه‌ی به یه‌ك جار چارجكردن توانای بڕینی 679 كیلۆمه‌تری هه‌یه‌و به پاتری لیسیۆم ئایۆن كار ده‌كات.
یه‌كه‌م: ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی (لۆسید ئایر دریم)، ئه‌مه‌یان پله‌ی یه‌كه‌می بۆ ده‌ستنیشان كراوه له نێوان هه‌موو ئۆتۆمبێله كاره‌باییه‌كاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به یه‌ك جار چارجكردن توانای بڕینی 837 كیلۆمه‌تری هه‌یه‌و ئاژانسی پاراستنی ژینگه واته (EPA) به باشترین ئۆتۆمبێلی هاوڕێی ژینگه‌ی داده‌نێت.
شۆڕشێك به‌ڕێوه‌یه
هه‌موو ئه‌و جۆرانه‌ی ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی به‌ڵگه‌و نیشانه‌ی پێشكه‌وتنن له ته‌كنه‌لۆژیای دروستكردنی ئۆتۆمبێلدا، به‌ڵام هێشتا كۆمپانیاكان پێشبڕكێ له‌سه‌ر داهێنانی نوێ له‌و بواره‌دا ده‌كه‌ن و پسپۆڕان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه له داهاتوودا ئۆتۆمبێلی زۆر له‌وه باشتریش ده‌كه‌وێته بازاڕه‌وه، جگه له‌وه‌ش ئێستا هه‌ره‌یه‌ك له كۆمپانیاكانی تێسلا و بی ئێم ده‌بڵیو ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی ئه‌وتۆیان خستۆته بازاڕه‌وه كه پێویستی به شۆفێر نییه‌و به وته‌ی پسپۆڕانیش به هاتنی ئۆتۆمبێلی زیره‌ك، شۆڕشێك له بواری گواستنه‌وه‌و گه‌یاندندا روو ده‌دات، به تایبه‌ت كه رێژی رووداوی ئۆتۆمبێل زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه‌و سه‌لامه‌تی ده‌گاته ئاستێكی باڵا.
سه‌رچاوه: ئاژانسه‌كان