پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا پێشنیازێكی بۆ كەمكردنەوەی رێژەی دەردانی غازی ژەهراوی لە ئۆتۆمبێلە نوێیەكاندا تا ئاستی سفر پەسەندكرد، ئەمەش بەو مانایە لێكدەدرێتەوە كە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی غاز و بەنزین قەدەغە بكات.
لە دوای پەسەندكردنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای قەدەغەكردنی فرۆشتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەوە كە ژینگە پیس دەكەن، بڕیارە یاساكە لە ساڵی 2035ەوە بچێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە و كۆتایی بەو ئۆتۆمبێلانە بهێنرێت كە بزوێنەری سووتەمەنییان لە سەرەو لە بری ئەوە تەنیا رێگە بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی دەدرێت.
هەروەها ئەم پڕۆژەیاسایە، بەشێكە لە پاكێجێكی تایبەت بە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا لە یەكێتیی ئەوروپا، كە ئامانجێتی تا ساڵی 2030، دەردانی غازی ژەهراوی بەراورد بە ساڵی 1990، بە رێژەی لەسەدا 55 كەم بكاتەوە.