لاپەڕەی ئابووری
كۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئێران ئاشكرایدەكات: توانای بەرهەمهێنانی نەوتیان گەیاندۆتە دۆخی پێش ساڵی 2018 و سەپاندنی سزاكان بەسەر وڵاتەكەیاندا. بەڕێوەبەری كۆمپانیاكەش دەڵێت: «دەتوانین سەقامگیریی بۆ بازاڕی وزە بگەڕێنینەوە».
موحسن خەجستە میهر، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئێران، بە ئاژانسی «ئیرنا»ی رەسمی وڵاتەكەی راگەیاندووە: توانای بەرهەمهێنانی نەوتمان گەیاندۆتە دۆخی پێش سەپاندنی سزاكان بەسەر وڵاتەكەماندا لە ساڵی 2018دا، بەجۆرێك ئێستا تێكڕا رۆژانە بڕی سێ ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنین.
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئەو كۆمپانیایە دەڵێت: «لە ئەگەری دروستبوونی ئاڵۆزیی لە بازاڕی وزەی جیهان، وڵاتەكەمان دەتوانێت سەقامگیریی بۆ بازاڕی وزە بگەڕێنێتەوە».
رۆژی 1ی ئەم مانگە، جەواد ئوجی وەزیری نەوتی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: داهاتی نەوتی وڵاتەكەمان لە ماوەی ساڵی رابردوودا گەیشتۆتە بڕی 18 ملیار دۆلار، كە ئەو بڕەش دوو هێندە و نیوی ساڵی پێشتر بووە.
ئەمریكا لە ماوەی سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، كشانەوەی لە رێكەوتنی ئەتۆمیی 2015 راگەیاند، هەروەها سزاكانی جارێكی دیكە گەڕاندەوە بۆ سەر ئێران، دواتریش ئێران قۆناغ بە قۆناغ دەستبەرداربوونی خۆی لە پابەندبوون بەو رێكەوتنە جێبەجێكرد.
لە رۆژی 17ی ئازاری ئەمساڵیش، نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: نزیكین لە گەیشتن بە رێكەوتنێك لەگەڵ ئێران سەبارەت بە زیندووكردنەوەی رێكەوتنە ناوەكییەكەی ساڵی 2015، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە خاڵی كۆتایی و پێمانوایە سەرجەم بەربەستەكان تێدەپەڕێنین.
جێگەی ئاماژەیە، بۆ زیندووكردنەوەی رێكەوتنە ناوەكییەكەی ساڵی 2015، ماوەی 11 مانگە وەفدی دانوستانكاری ئێران لە ڤییەنا سەرقاڵی گفتوگۆی راستەوخۆیە لەگەڵ هەریەك لە وڵاتانی (فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، روسیا و چین) و بە شێوەی ناڕاستەوخۆش لەگەڵ ئەمریكا، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجام.