پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لەسەر بنەمای لێهاتوویی دەبێت

10:50 - 2022-12-07
ڕاپۆرت
846 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

سارا عەزیز 16 ساڵە مامۆستایە، هەر هەواڵ و زانیارییەک لە کەناڵەکانی راگەیاندن لەسەر بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەران بڵاودەبێتەوە سەرنجی رادەکێشێت و وتی، حکومەت جگە لە پێنەدانی مووچە و بڕین و پاشەکەوتکردنی بەشێک لە مووچەکەم لە ساڵانی رابردوودا دوو پلە بەرزکردنەوە قەرزارمە و دەبوو ئێستا مووچەکەم لەوە زیاتر بێت کە وەریدەگرم.
بەبیانووی قەیرانی دارایی نزیکەی حەوت ساڵە حکومەتی هەرێم پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی راگرتووە و بەپێی نوێترین بڕیاریش لەمەودوا پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەبێت بەپێی پێوەر و بنەماکانی ئەنجومەنی گشتی راژە و لەسەر بنەمای لێهاتوویی بکرێت، نەک ماوەی راژە.

پلەبەرزکردنەوە مافێکی یاسایی فەرمانبەرانە
ئەمە لەکاتێکدایە بە گوێرەی مادەی 18 لە یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە 24ی ساڵی 1960، پلەبەرزکردنەوە مافێکی یاسایی فەرمانبەرانە و لەسەر بنەمای لێهاتویی و ماوەی خزمەتە.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان راپۆرتێکی لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مووچە پاشەکەوتکراوەکان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران و چاوەڕوانی وەزیری داراییە بۆ ئەوەی لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بکەن.
زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە لیژنەی دارایی راپۆرتێکمان لەسەر پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ئامادەکردووە و پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانمان کردووە بۆ ئەوەی وەزیری دارایی بێتە پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر بکەن.
وتیشی، راپۆرتەکە لە  یاداشتی 12 پەرلەمانتار پێکهاتووە و چەند تەوەرێک لە خۆدەگرێت گرنگترینیان بابەتی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
بەپێی بڕیارێکی حکومەتی هەرێم لە (26-10-2022) دەرکراوە تیایدا هاتووە، «پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەر لەسەر بنەمای لێهاتوویی فەرمانبەر دەکرێت، نەک تەنها پشت بە ماوەی راژە ببەسترێت،  ئەویش بەپێی رکابەری بێ و شەش مانگیش دوای پێدانی پلەکە لەژێر تاقیکردنەوەدا دەبێت».

پلە بەرزکردنەوە هەموو فەرمانبەران ناگرێتەوە
بەگوێرەی بڕیارەکە، نابێت پلەبەرزکردنەوە تەنها پشت بە تەواوکردنی راژە ببەسترێت و لەمەولا پلە بەرزکردنەوە هەموو فەرمانبەران ناگرێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە وەزارەتەکان بە فەرمانی وەزیر لیژنەیەک پێکدێت بۆ پاڵاوتنی ئەو فەرمانبەرانەی شایستەی پلەبەرزکردنەوەن.
زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکردوە، لە راپۆرتەکەدا داوایان کردووە حکومەت چارەسەرێک بۆ مووچە پاشەکەوتکراوەکان بدۆزێتەوە و بەو پێیەی هاووڵاتیانیش قەرزاری حکومەتن، بەشێک لە مووچە پاشەکەوتکراوەکانیان بخرێتە بری قەرزەکانیان.
عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچونی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ساڵانە یاسای بودجە ئامادە دەکرێت، ئەوەی پێویستە دەستنیشان بکرێت ئەوەیە چەند پلەی بەتاڵ و چەند پلە بەرزکردنەوەمان پێویستە، ئێستا ئەنجومەنی راژە لەو چوارچێوەیەدا سەرقاڵی کارەکانییەتی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا ئامادەکاریی دەکرێت بۆ ئەوەی پلە بەرزکردنەوە لە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستاندا جێگیربکرێت، بەڵام ئەوەش پشت بەو بەشە بودجەیە دەبەستێت لە عیراقەوە بۆمان تەرخان دەکرێت، هەرکاتێک ئەنجومەنی راژە کاری خۆی لەبارەی بەرزکردنەوەی پلە تەواو کرد، بڕیار دەدەن چۆن کاری لەسەربکەن.

زیاتر لە 750 هەزار مووچەخۆر هەیە
بەپێی یاسا کەمترین پارەی پلە بەرزکردنەوە لە 29 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات، زۆرترینیشیان بەپێی پلەی وەزیفی 120 هەزار دینارە. 
لەبارەی گۆڕانکاریکردن لە شێوازی پلەبەرزکردنەوە و لەسەر بنەمای لێهاتوویی، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون روونیکردووەتەوە، لە هەندێک وەزارەت و فەرمانگە ژمارەی فەرمانبەر زیاترە لەوەی پێویستە، ئەوکاتە پلەبەرزکردنەوە تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە شایستەن، بۆیە ئەم پڕۆسەیە وردە و دەبێت دادپەروەری تێدابێت.
بەپێی داتاکانی حکومەتی هەرێم، زیاتر لە 750 هەزار مووچەخۆری سەربازی و مەدەنی لە هەرێم هەیە.
لەبارەی نیگەرانیی فەرمانبەران بەوەی نایەکسانی بکرێت لە پلە بەرزکردنەوە، عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون دەڵێت: بڕیاری حکومەتی هەرێم هەیە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی راژە لە هەموو پلەکان بکۆڵێتەوە، بەتایبەت فەرمانبەری شارستانی، بڕیارەکە داوا دەکات ئەوەی پێویست بێت بۆ دەستنیشانکردنی پلەی بەتاڵ و پلەی پێویست بۆ بەرزکردنەوە بیکات، یاسای راژەی شارستانی و یاسای میلاکات ئەو فەرمانبەرانە دیاریدەکات شایستەی بەرزکردنەوەی پلەن.
ئەو بڕیارەی حکومەتی هەرێم لە کاتێدایە لە چەند ساڵی رابردوودا بەبیانووی قەیرانی مووچەخۆران بەشێک لە مووچەکەیان پاشەکەوتکرا و بەشێکی دیکەشیان پێنەدرا و تا ئێستاش چارەنووسی دانەوەیان لەلایەن حکومەتەوە یەکلایی نەکراوەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان