بە كێڵگەی نەوتی و خاڵی سنووریی وەهمی، تاڵانیی داهات دەكرێت

09:09 - 2022-12-08
ڕاپۆرت
305 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتی، پشتیوانی لە پرسی داهات و خەرجیی شەفاف و گەڕاندنەوەی داهات بۆ خەزێنەی گشتی دەكات.
زۆرترین خاڵی سنووریی نێودەوڵەتیی رەسمی و ناڕەسمی لە سنووری هەولێر و دهۆكدان، هاوكات هەولێر و دهۆك هاوسنووری سێ وڵاتن كە توركیا، سوریا و ئێرانە و زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لێوەدەكرێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایگەیاندووە: «كەس نازانێت لە سنووری سوریا و هەرێمی كوردستان چی هاوردە و هەناردە دەكرێت، لەكاتێكدا ئەو داهاتانە لە هیچ تۆمارێكی حكومەتدا تۆمارنەكراون، جگەلەوەش ئێستا كێڵگەی نەوتی خەیاڵی هەیە، بە نموونە عەین زالە، كە كێڵگەیەكی نەوتی خەیاڵییە و دیارنییە نەوتەكەی بۆ كوێ دەڕوات؟ داهاتەكەی چی لێدێت؟!».

داهاتی خاڵە سنوورییەكانی سوریا  ناگەڕێتەوە بۆ حكومەت
شەمۆل ئاشتی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە  PUKMEDIAی راگەیاندووە: «حكومەتی هەرێم ئاگاداری ئەو خاڵە سنوورییانەیە بەتایبەتی لەنێوان سوریا و هەرێمدا، كە داهاتەكانیان ناگەڕێنرێنەوە بۆ حكومەت، بەڵام خۆی لێ بێدەنگ كردووە». وتیشی: «هیچ ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاگاداری داهاتی خاڵە سنوورییەكانی وەك ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەرانیش نییە تا بە خاڵە سنوورییە ناڕەسمییەكان دەگات».
ژمارەیەكی زۆر خاڵی سنووریی ناڕەسمی لە سنووری هەولێر و دهۆك هەن، داهاتیان نادیارە و ناگەڕێنرێنەوە بۆ حكومەت، تەنانەت شەخسی بنەماڵە هەیە خاوەنی خاڵی سنووری و كێڵگەی نەوتی تایبەت بە خۆیەتی. شەمۆل ئاشتی، دەڵێت: «شەخس لەناو بنەماڵەدا هەیە خاوەنی خاڵی سنووری و كێڵگەی نەوتی تایبەت بە خۆیەتی و حكومەت ناتوانێت پێی بڵێ ئەو پارەیەت لەكوێ بوو؟!، یان پێی بڵێ بۆ داهاتەكەی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی».
پارتی بڕێكی زۆر داهاتی لە خاڵە سنوورییە ناڕەسمییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و سوریا دەستدەكەوێت و نایەوێت داهات شەفاف بێت.
لەوبارەیەوە، ئاراس محەمەد ئاغا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: «واباشترە پارتی باسی ئەو داهاتانە بكات كە لە خاڵە وەهمییە سنوورییەكانی نێوان هەرێم و سوریا دەستیدەكەوێت و تا ئێستا یەك دیناری ناگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی حكومەت». وتیشی: «پارتی رێگانادات هیچ لایەنێك لە داهاتی رەسمی و ناڕەسمیی خاڵە سنوورییەكان، هەروەها داهاتی ناوخۆی هەولێر و دهۆك و تەنانەت داهاتی نەوتیش ئاگاداربێت، ئەمەش چەوتیی حوكمڕانییە، كە لەم كابینەیەدا تۆخبۆتەوە و یەكێتی دەیەوێت راستی بكاتەوە». ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە «شەفافیەت لەناو پارتی لەئارادا نییە، هەر ئەم عەقڵییەتەشە حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەم رۆژە گەیاندووە و خەڵكیشی رەزیل كردووە».

سیاسەتی برسیكردن
پارتی لە رێگای حكومەت و پەرلەمانەوە خواستە نایاساییەكانی جێبەجێدەكات و نایەوێت داهات و خەرجی شەفاف بێت، بۆ خەڵكیش سیاسەتی برسیكردن پەیڕەودەكات.
كاروان گەزنەیی ئەندامی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی دیارنەمانی داهاتی نەوتی و نانەوتی لە هەرێمی كوردستاندا، لە لێدوانێكدا بۆ PUKMEDIA تەئكیددەكاتەوە كە «پارتی لەناو حكومەت سیاسەتی برسیكردنی خەڵك پەیڕەودەكات، ئەگەر سەرجەم داهاتەكان بە شەفافی كۆبكرێنەوە و بە یەكسانی بەسەر پارێزگاكاندا دابەشبكرێت، خەڵك حاڵی بەم رۆژە نەدەگەیشت». ئەوەشی خستۆتەڕوو «پارتی لەڕێگای پەرلەمان و حكومەتەوە رێگریی دەكات كە داهات و خەرجی شەفاف بێت، چەندینجار لە پەرلەمان ویستوومانە ئەو پرسە بخەینە بەرنامەی كارەوە، بەڵام خودی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنی پارتی، رێگربوون».
ناشەفافیی داهات و خەرجی لەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تۆختربۆتەوە، ئەمەش چەوتیی بەڕێوەبردنی حوكمڕانییە و یەكێتی بە ئاشكرا داوای راستكردنەوەی رێڕەوی چەوتی حوكمڕانی لە هەرێم دەكات، بۆ ئەوەش زۆربەی لایەنە سیاسییەكان پشتیوانی لە یەكێتی دەكەن.

 PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان