سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا سەردانی كیێڤی كرد

09:29 - 2022-04-11
جیهان
562 جار خوێندراوەتەوە

سەبارەت بە سەردانەكەی بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ ئۆكرانیا ‌و پاشان كۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئەو وڵاتە لە كیێڤی پایتەخت، بەلای زیلینسكی-یەوە ئاماژەی تایبەتی هەیە، چونكە یەكەم لێپرسراوی گروپی حەوت (G7)ە كە لە سەرەتای هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا لە 24ی شوباتی رابردووەوە، سەردانی ئۆكرانیا بكات، لەبەرئەوە پێشوازییەكی تایبەتی لێكرد.  
وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند: جۆنسۆن سەردانی ئۆكرانیای كردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆببێتەوە ‌و پشتیوانیی خۆی بۆ گەلی ئۆكرانیا دەربخات. وتیشی: وتوێژی نێوانیان دەربارەی هاوكاریی نوێی لەندەنە بۆ كیێڤ، كە خۆی لە هاوكاریی سەربازی ‌و داراییدا دەبینێتەوە.  
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەندریە سیبیها یاریدەدەری سەرۆكی ئۆكرانیا لە فەیسبووك نووسیویەتی: بەریتانیا پێشەنگە لە بواری پشتیوانیی بەرگریی بۆ ئۆكرانیا، جۆنسۆن سەركردەی هاوپەیمانییەكی دژی جەنگە، سەركردەی سزاكانە بەسەر روسیادا. 
پێش سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ ئۆكرانیا، كارل نیهایمەر راوێژكاری نەمسا سەردانی ئەو وڵاتەی كرد ‌و لەگەڵ زیلینكی كۆبۆوە. هەروەها ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا لەگەڵ جۆزیپ بۆریل وەزیری دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا ‌و ئیدوارد هیگر سەرۆك وەزیرانی سلۆڤاكیا سەردانی ئۆكرانیایان كرد ‌و پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو وڵاتە دەربڕی.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان