د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا پێشوازیكرد لە وەفدی هاوپەیمانیی كوردانی فەیلی بە سەرۆكایەتیی شێخ ئەسعەد فەیلی و لە دیدارێكدا، باس لە مێژووی گەشاوەی كوردانی فەیلی و رۆڵی گرنگیان لە بنیاتنانی شارستانیەتی عیراق كرا.
سەرۆك كۆمار، جەختیكردەوە كە كوردانی فەیلی بەشێكی گرنگی عیراقن و رۆڵەكانیان قوربانییەكی گەورەیان لەپێناوی ئازادیدا بەخشیوە، سەرەڕای ئەوەی رووبەڕووی ئاوارەیی و نەهامەتییەكانی ژیان كراونەتەوە، بەردەوام ویستیان نیشانداوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكان. وتیشی: فەیلییەكان بەشدارییەكی گرنگیان هەیە لە بنیاتنانی كۆمەڵگە، پێشكەوتن و گەشەپێدانی وڵاتدا، بۆیە گرنگە بەردەوامبن لە چالاكییە كەلتورییەكانیان بۆ ئاشناكردنی نەوەكانی داهاتوو.
لە دیدارێكی دیكەدا، سەرۆك كۆمار و عەبدولعەزیز شەمەری باڵیۆزی سعودیە لە عیراق، باسیان لە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوو وڵات كرد و تەئكیدیان لە بەردەوامیدان بە هێنانەدیی بەرژەوەندییە باڵاكان و پشتیوانیكردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە، كردەوە.
لەلایەكی دیكەوە و لەمیانی پێشوازی لە ئیسماعیل خودایر حەلوب پارێزگاری سەڵاحەدین و وەفدی یاوەری، سەرۆك كۆمار، جەختیكردەوە لە «پێویستیی چەسپاندنی ئاسایش و ئۆقرەیی لە پارێزگاكەدا و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی».
ئاماژەشی كرد بە بەرنامەی وەزاریی حكومەتی نوێ، كە تیشك دەخاتەسەر پڕۆژەكانی پەیوەست بە خزمەتگوزاری و بژێویی هاووڵاتیان و پشتگیرییكردنی تەواوی پارێزگاكان بەبێ جیاوازی، ئەوەشی لەسەر پارێزگار و لێپرسراوان پێویستە «كاركردنە بۆ دڵنیابوون لە دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و پەرەپێدان بە بارودۆخی ژیانیانە».