د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لە بەغدا پێشوازیكرد لە محەمەد سدیق كازم باڵیۆزی ئێران لە عیراق و لەدیدارێكدا باس لە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوو وڵات كرا.
سەرۆك كۆمار و باڵیۆزی ئێران جەختیانكردەوە لەسەر پێویستیی پەرەپێدان و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاریی بنیاتنەری نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاكاندا لەپێناوی هێنانەدیی خواستەكان بۆ پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی و باشتركردنی ئاستی پەیوەندییەكان.
لەلایەكی دیكەوە، سەرۆك كۆمار، پێشوازیكرد لە قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و گرنگی چەسپاندنی سەقامگیریی بۆ بەدیهێنانی ئۆقرەیی و سەلامەتیی هاووڵاتیان و پاڵپشتی لە پێشكەوتنە ئابوورییەكانی وڵات، تەئكیدی لەسەر كرایەوە.
لە دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار، دووپاتیكردەوە كە سەقامگیریی ئەمنی بەشێوەیەكی كاریگەر رۆڵی دەبێت لە هاندانی وەبەرهێنان بۆ پەرەپێدانی ئابووری و رەخساندنی دەرفەتی كار و بەدیهێنانی مافی رەوای هاووڵاتی لە خۆشگوزەرانی و ژیانێكی شایستەدا. بەگرنگیشی زانی لە شارەكاندا سیمای سەربازی نەهێڵرێت و بلۆكە كۆنكرێتییەكان كە كاریگەرییان لەسەر جموجوڵی هاووڵاتیان هەیە، لاببرێن.