نۆره‌ی‌ رۆمیۆ بێكهامه

10:53 - 2023-01-10
وەرزش
345 جار خوێندراوەتەوە

سۆزیار یوسف

 ڕۆمیۆ بێکهام کوڕی دووه‌می‌ دەیڤید بێکهامی کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، بە خواستن تا كۆتایی ئه‌م وه‌رزه پەیوەندی بە تیپی دووه‌می یانەی‌  برێنتفۆردی ئینگلیزییەوە کرد.‌ 

رۆمیۆ  لە یانەی ئینتەر میامی ئەمریکا یاریی ده‌كات، لەبەر ئەوەی‌ خولی ئەمریکا وەستاوە، بۆ ئەوەی به‌رده‌وام بێت له‌ مه‌شق و راهێنان و یاریكردن، یانه‌ ئینگلیزیه‌كه‌ گرێبه‌ستێكی کاتیی‌ له‌گه‌ڵ ئیمزا كردووه‌.‌ 
ڕۆمیۆ پێشتر  لە ئەکادیمیای ئارسناڵ بووه ‌و دوو مانگی ڕابردووش لەگەڵ تیپە نوێیەکەی ڕاهێنانی کردووە. 
 ڕۆمیۆ پاش گرێبه‌ستەکە‌ ده‌ڵێت؛ «لە ماوەی وەستاندنی خولەکەدا هاتمەوە ئێرە بۆ ئەوەی توانای‌ جه‌سته‌یم  بپارێزم، دواتریش ئه‌گه‌ر له‌ تواناکانم رازیبوون حەزدەکەم بۆ تیپی‌ یه‌كه‌م یاریی بكه‌م». 
ڕۆمیۆ لەوە ماوە کەمەدا لەو یانەیە، لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر یانەی بارسیلۆنا چەند خولەکێک بەشداریی لە یارییەکی دۆستانەدا کرد، یانەی ئینتەر میامی پشکی باوکی تیایە.
ڕاهێنەری برێنتفۆرد، نیل مەکڤارلین، وتی؛ ئێمە زۆر دڵخۆشین بە ڕۆمیۆ، ئەو لە ئینتەر میامیەوە هاتۆتە لای ئێمە بە ئامانجی کارکردن لەگەڵ ئێمە دوای وەستانی خولی ئەمریکا، زۆر باش خۆی گونجاندووە، بۆیه‌ هیوادارین ئاستی‌ به‌رزتر ببێته‌وه‌و بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ یانه‌كه‌مان بمێنێته‌وه».‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان