دۆسێ

ئێزدییەکان کوردی رەسەنن یان...؟

11:27 - 2023-01-11
دووتوێ
991 جار خوێندراوەتەوە
کەریم سارمەمی

مێژوو، ئایین و بوونی ئێزدییەکان لە کوردستان

بەهۆی زۆرێک لەو کوشتار و دەربەدەرییەی کە لەسەر دەستی سیستمە حکومڕانەکانی ئەم ناوچەیە، زۆرێک لە گێڕانەوە و دۆکیۆمێنت کردنی مێژوو و کەلتور و داب و نەریتی کوردە ئێزدییەکان شێوێنراوە، هەر بە هۆی ئەو گوشارە ناوچەییەی لەسەر خۆیان و ئایینەکەشیان بووە، زۆربەی دەقە ئایینی و مێژووییەکانیان بە دەماودەم لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە گوستراوەتەوە و ئەوەی توانراوە بەو جۆرە لە فەوتان رزگارکراوە.
ئەم بابەتەی نووسەر و توێژەر کەریم سارمەمی توێژینەوەیەکی بنکۆڵکاریی و بەراوردکارییە سەبارەت بەو ستەمەی لە ئێزیدییەکان کراوە بە درێژایی مێژوو، بەتایبەتی سەردەمێک لە سایەی داگیرکاریی عوسمانییەکاندا و سەردەمانێکیش لە حکومڕانیی داگیرکاریی قاجارییەکاندا لە سنووری ناوچەکانی موسڵ و رۆژئاوای کوردستان. 
بەشێکی توێژینەوەکەش تایبەتە بەو ستەمەی بە درێژایی مێژوو لە رووی ئایین و زمان و کەلتور و داب و نەریتیان کراوە لە فەرمانەکانی سوڵتانی عوسمانییەوە تا دەگاتە ترۆپکی دڕندایەتی لە سەروبەندی هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کە هێشتا شوێنەوارەکانی نەڕەویوەتەوە.
بەشێکیشی تایبەتە بە لێکچوون و تێڕوانینی ئایینی لە نێوان ئایینی زەردەشتی و یارسانی و ئێزدی و جیاوازییەکانیاندا.    

دۆسێ

پێشەکی
ئەوەی لێرەدا هەوڵدەدەم وەک خوێندنەوە و راڤەکردنێکی سەرەتایی بیخەمەڕوو، بریتییە لە پێشەکیی کتێبی ئێزدییەکان ئایین، مێژوو و حەقیقەتی هەبوونیان، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا چاپ دەکرێت. 
گرنگیی ئەم باسە، زیاتر لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە دوژمنی نوێ، واتە توندڕەویی ئایینی بەچەک و ئایدیولۆژیای نوێ سەریهەڵداوە و لە ھیچ کردەوەیەک ناسڵەمێتەوە، چونکە بە گەیشتن بە خۆشییە ئەزەلییەکانی جیهانەکەی تر بارگاویکراوە، سەبارەت بە خوشییە شەیتانی و کورتخانەکانی ئەم جیهانە کە بە جیهانێکی فانی و تاقیگەی تاقیکردنەوەی تاکی باوەڕدار ناوزەدکراوە. 
بۆ بەرگرتن بە تەشەنەسەندنی بیرۆکەی جیهاد و بەکەم زانینی ئایینەکانی تر، زۆر پێویستە کە بە ئاشکراو بەبێ ترس دەقە ئایینیەکان راڤەی نوێان بۆ بکرێت، تا سنوور بەزاندنەکان بەڕاشکاوی دەستنیشان بکرێن و سنووری ئایین لە کۆمەڵگە و دەوڵەتدا روون ببێتەوە. 
ئەوەی کە لە کوردستاندا دەبینرێت، ئەوەیە رۆژ لەدوای رۆژ لێکدانەوەی دۆگمایی لەسەر ئایین، لە پەرەسەندندایە و دەستێوەردانی هەندێک لە پیاوانی ئایینی بەرفراوانتر دەبێت و هەر جۆرە رەخنەیەک بەرپەرچدانەوەی توندی لێدەکەوێتەوە و هیچ جێگەیەک بۆ دیالۆگ و تۆلیرانس نەماوەتەوە.
کوردستان بەدڕێژایی مێژووی دروستبوونی، لانکەی پێکەوەژیانی ئایین و باوەڕە جیاوازەکان بووە، بەشێوەیەک هیچ ئایین و بیروباوەڕێک نادۆزینەوە لق و پۆیەکی لە کوردستاندا شین نەبووبێت و ریشەی نەبێت.
وڵاتێکی سەرسووڕهێنەرمان هەیە، هەموو رەنگەکانی لەخۆگرتووە بۆ جوانبوون و گەشانەوە و پێشکەوتنی فرەڕەنگی بیر و بۆچوونە جیاوازەکانی ئایین و فیکر و ئایدۆلۆژیا، ئەوەی بۆ ئێمە و نەوەی داهاتووش گرنگە، تێگەیشتنە لە دەوڵەمەندیی کەلتور لەسەر خاکی کوردستان، هەر لە باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاڤا و بگرە تا دەگاتە ئەو وڵاتانەی دەرەوەش کە رەوەندی کوردی لێ نیشتەجێ بووە.
جوگرافیای کوردستان یارمەتیدەرە بۆ شرۆڤەکردنی فرەچەشنی ئایینەکانی یارستانی، ئێزدی، زەردەشتی، مانی، جوو و کریستیانەکان بە ناونیشانە جۆراوجۆرەکانییەوە، مسوڵمانی سوننە و شیعە و سۆفیگەریی و هەموویان بەیەکەوە بە درێژایی مێژوو لەسەر ئەم خاکە ژیاون و هاوسەنگیی نێوان خۆیان بەشێوەیەکی کاتی پاراستووە، بەڵام لە هەندێک قۆناغی مێژووییدا لەبەر ھۆکاری کارەساتی گەورەی جەنگ و کوشتاری ناوخۆیی و دژە کردەوەکانی نێوانیان، ئەم پێکەوەژیان و تۆلیرانسە تووشی درزی گەورە بووە و تائێستاش جەنگی نێوان ئایینەکان بە تێزی مۆدێرن و پاشکەوتوو بەردەوامە.
زانستی ئاییناسی و ئەنترۆپۆلۆژیا لەم چەند سەدەیەی دواییدا، بەڕێژەیەکی زۆر پێشکەوتووە و بەهەزاران کتێب و سەرچاوەی لێکۆلینەوە لەوبارەیەوە لەلایەن ئاییناسەکانەوە پێشکەش بە خوێنەران کراوە بۆ تێگەیشتن و زانیاریی زیاتر سەبارەت بە ئایینەکان و خوداپەرستی تاکەکان.
هەروەک هەموومان ئاگادارین لەم چەند ساڵەی دواییدا گروپی تیرۆریستی ـ تەکفیری داعش دەستیکرد بە کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنی رەگەزیی و کەلتوری و ئایینی ئێزدییەکان، بۆیە ناوی ئەو دەستەیە لە کوردەکان زۆر کەوتۆتە سەر زمانی خەڵک و کەم کەس هەیە، بەو ناوە ئاشنا نەبێت، بەڵام بەداخەوە زۆربەی خەڵک ناسین و ئاگایی و زانیاریی دروستیان لەبارەی ئایینی ئێزدی و باوەڕ و ئیمانداریی کوردە ئێریدییەکانەوە نییە و بە هەڵە ئەوان بە «شەیتان پەرست» و «ئاگرپەرست» پێناسە دەکەن.

کوردبوونیان لەژێر مەترسیدایە
هەنووکە گوشارێکی زۆر و بەپیلان دژبە ئێزدییەکان بەڕێوەدەچێت، نەک تەنیا هەوڵی زۆرەملێی دژبە باوەڕە ئایینییەکانیان دەدرێت، بەڵکو بوونی نەتەوەیی و شوناسی کوردانەشیان لەژێر مەترسیدایە. لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارمداوە لە درێژەی ئەو بابەتەدا کۆمەڵێک زانیاریی گرنگ سەبارەت بە ناسین و ناساندنی راستتر و زۆرتری ئێزدییەکان لە روانگەی باوەڕداریی و دابونەریت و کەلتوری ئێزدییەکان بخەمەڕوو، هەتا ببێتە ھۆکاری باشتر و زیاتر  ناسینی کەمینەی ئێزدی بۆ هەموو خوێنەرانی خۆشەویستی کورد و کۆمەڵگەی ئێرانی لەبارەی مێژوو و سەرچاوەکانی ئایینی ئێزدی لەسەر خاکی کوردستان.
هەروەک دەزانن گەلی کورد خاوەنی کۆنترین ئایینە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کۆنترین ئایینیش لە میزۆپۆتامیا و زاگرۆسدا ئایینی کوردە ئێزدییەکانە.
جیاوازی ئایینەکانی کورد لەگەڵ ئایینەکانی ئەوانی تردا ئەمڕۆ لەوەدایە کە بۆ نموونە ئایینی سامییەکان لەسەر دوو ستوونی شەیتان و خودا خوڵقاوە و ئەم دوو ستوونەش دژبەریی یەکترین، لە ئایینەکانی کەوناری کوردیدا شەیتان لە خودایە و جوودا نییە لەو، بۆچی؟ چونکە سێبەر لە رووناکی دەخوڵقێت و ئەگەر رووناکی نەبێت، سێبەر یان شەیتان لەئارادا نابێت و لە گەردیلەکانی رووناکیدا ئەم پێکهاتانە دەبن.
 ئەم خوێندنەوەیە تەواو لەگەڵ بنەماکانی سروشتدا یەکدەگرێتەوە و عەقڵانییە کە ئەمڕۆ نزیکییەکی زۆر لە نێوان بۆچوونە ماتریاڵیزمەکان و ئایینە کوردییەکاندا هەیە و دەتوانین توانای هاوسێبوونی راستەوخۆ لە نێوانیاندا بخەینە بەرباس. یەکێک لەو ھۆکارانەی کە دەتوانین بیسەلمێنین کە کۆنترین کەمینەی ئایینی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت، ئەوا کوردە ئێزدییەکانن کە سەرەڕای ئەو هەموو فەرمان و قڕکردنەی لە دژیان بەڕێوەچووە تا ئەمڕۆ، درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن لەسەر خاکی کوردستان.
هەموو ساڵێک لە یەکەمین چوارشەممەی مانگی نیساندا، پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی لە ناوچەی لالش لە باشووری کوردستان لە دەوری یەک کۆدەبنەوە و یەکێک لە رێوڕەسمە سەرەکییەکانی ئایینی خۆیان بەڕێوەدەبەن. 
بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، ئێزدییەکان میراتی شارستانیی مێژووی میزۆپۆتامیان و هەر لەو خاکەش نیشتەجێ بوون شانبەشانی گەلانی ئێران و ھیند و ئێرانییەکان. 
ئایینی ئێزدی هەر وەک لەسەرچاوە ئێزدییەکانیشدا ئاماژەی پێکراوە، کۆنترین ئایینە لەناو گەلی کورددا. زۆرجار بە هەڵە یاخود بەھۆی لێکدانەوەی چەوتەوە یان بەئەنقەست بە ئێزدییەکان دەوترێت «شەیتان پەرست» یان «پەیڕەوانی یەزیدی کوڕی معاویە»، بەڵام سەرجەم ئیماندارانی ئەم ئایینە، هەر دوو پێناسەکە رەتدەکەنەوە و تەنانەت تۆمەتی پەیڕەوی لە یەزیدی کوڕی معاویە دەگەڕێننەوە بۆ پڕوپاگەندەی سەردەمی سەفەوییەکان. هەروەها رژێمی بەعس و شیعە توندڕەوەکانیش لە هەوڵێکی بەردەوامدان بۆئەوەی ئایینی ئێزدی وەک میراتێکی «یەزید» بە خەڵک بناسێنن و لە کوردیان جیابکەنەوە. 

یەکتاپەرستی لای ئێزدییەکان
ئێزدییەکان یەکتاپەرستن و «مەلەک تاوس» هێمای پیرۆزیی ئەوانە کە لە روانگەی خۆیانەوە، لە سەرووی هەموو فریشتەکانەوەیە. ئێزدییەکان بڕوایان بە هێزی ئیلاھی هەیە و دەڵێن پەروەردگار، خۆی بەشێوازی جۆراوجۆری مرۆیی پیشان دەدات کە هەر کامیان بەرپرسیارێتی بەشێک لە کاروبارەکانی دونیا دەگرنە ئەستۆ. ئەوەش چەند لایەنێکی وێکچووی هەیە لەگەڵ ئایینەکانی ئاسیای دووردا.
 یەکێک لەو تاک و هێما ئیلاھییانەی کۆمەڵگەی ئێزدی «شێخ هادی»یە کە گۆڕەکەی لە پەرستگای ئێزدییەکانە لە ناوچەی شێخان و گوندی لالش کە دەکەوێتە باشووری کوردستانەوە. 
«مەلەک شێخ حەسەن»، «مەلەک شێخ فەخرەدین»، «شێخ شەمس»، «پیر حەسەن» و «مەلەک نەسرەدین» چەندین نموونەی ترن.
 ئایینی ئێزدی یەکێکە لە کۆنترین ئایینەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کە مێژووی دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش زایین. 
ئایینی ئێزدی لەناو ئایینە جیهانییەکاندا دانی پێدا نەنراوە، چونکە بە جۆرێک لە جۆرەکان نکۆڵی لە بوونی تاکخودایی دەکات و زیاتر گرنگی دەدات بە سروشت.

ئێزدییزم، ئایینێک لە قووڵایی مێژوودا
«ئەی ئێزدی گەورە! بەڕاستیش کە تۆ پادشای جیهانیت و ئێزدان رۆژیدەری هەموو پاکڕەوشتان و ماسی و جن و ئادەمیزاد و پەروەردەگاری جیهانی بەرزە، ئەی مەزدا! مزگێنی هاوکاری بدە بە خەڵکی کوردستان کە دەفتەری ئیمان و باوەڕی بڵاوبکەنەوە و بیرچەوتەکانیش نابوود بکەن و شۆڕشێک لە کوردستان هەڵگیرسێنە تا شکۆی ئێران هەمیشە راوەستا و قاییم بمێنێتەوە و سەرزەمینی بێدینی وێران بکە»، ئەوە وەڕگێرانی یەکێک لە نزاکانی دوای نوێژی شەشەکانی ئێزدییەکانە، کەمینەیەک بە ئایینێکی سەرسووڕهێنەر و کەمتر ناسراوە، کەمینەیەکی بچووک بە بیروباوەڕێکی چەندلایەنە و ناکۆک، خەڵکانێک کە تاچەند ساڵ پێش ئێستا هەر بە (یەهوودی) دەخوێنرانەوە، هەندێکیش بە زەردەشتی و هەندێکیش بە مێهرپەرەست و هەندێکیش بە تاخمێکی مسوڵمانی کافر بوو دەیانناساندن! بەڵام ئێستاش زۆرن ئەوانەی هەر بە شەیتان پەرەست دەیانناسن و بێگومان بە شێوەیەکیش ئەم پاشگرە راستە، ئەگەرچی لێکچوونی ئەم ئایینە لەگەڵ هیچ یەک لەو ئایینانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردووە، ناتوانین نکوڵی لێبکەین.

داب و نەریتی زەماوەند و ئەرکەکانی بووک و زاوا لە پەرستگەدا

ئەم توێژینەوەیە هەوڵدانێکە بەبێ لایەنگریی و رق و کینە بۆ ناساندن و ئاشکراکردن و شیکارکردنی ئەندێشە و پێکهاتەی ئێزدییەکان، تا هەم گۆشەیەکی بچووکی ناسراوەکانی ئەو نەتەوەیە دووبارە ئاشکرابکەین و هەمیش ببێتە دەرگای گفتوگۆیەک سەبارەت بەوەی کە بەشەیتان پەرەست ناودێرکراون. 
بەبێ دڵەڕاوکێ ئەم توێژینەوەیە کەموکووڕیی زۆرە کە هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەرچاوەی باوەڕپێکراو و سەرمایە و میرات و پاشخانی مێژوویی نووسراو و بەدۆکیۆمێنتکراو سەبارەت بە ئێزدییەکان و کەمبوون یان هەر نەبوونی ژێدەری باش.
ئێزدییەکان کەمینەیەکی ئایینین کە لە وڵاتانی عیراق، تورکیا، ئێران، روسیا و ناوچەی کەرەباخ و ئەرمەنستان و کۆمەڵێک وڵاتی ئەوروپاییدا نیشتەجێبوون، لەم چەند دەیەیەی دواییدا کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵکی ئێزدی کۆچیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کردووە، زۆرینەی کۆچەرانی ئێزدی ئێستا لە ئەڵمانیا دەژین و زیاتر لە نیوەی ئێزدییەکان لە باشووری کوردستان دەژین و پەرستگای مەزهەبی خۆیان (لالش)ی نزیکی شنگاڵ و بۆتە شوێنی پیرۆزی بەڕێوەبردنی کەرنەڤاڵی ئایینی خۆیان لە بۆنە و رۆژە پیرۆزەکاندا. 
زمانی ئێزدییەکان کوردییە، ئەوان لە باشووری کوردستان لە ناوچەی شێخان و لالش و شنگال و بەپێ سەرچاوە رەسمییەکانی بنکەی لالش و ناوەندی رەسمیی راگەیاندنی خۆیان لەنێوان (600) بۆ (700) هەزار کەس دەبن و لە جیهاندا نزیکەی(1.5) ملیۆن کەس دەبن.
زمانی ئێزدییەکان کوردییە و بەزاراوەی کرمانجی ژووروو دەدوێن، هەرچەندە بەدرێژایی مێژوو و لەبەر هۆکاری ئازار و ئەشکەنجەی بەشێک لە مسوڵمانانی توندڕەو و بەتایبەتی دەوڵەتی عوسمانی کە بەسەریاندا سەپێندراوە، ژمارەیەکی زۆریان بەناچاری بوون بەمسوڵمان و ژمارەیەکیشیان سەرەڕای ئەوەی ئایین و کەلتوری خۆیان پاراستووە، بەڵام بۆئەوەی لە ئاسایش و ئارامیدا بمێننەوە، لەترسی کۆمەڵکوژیی و تاڵانی نەوە دوور و درێژکانیان بە زمانی عەرەبی و تورکی قسە دەکەن و تەنیا ئاشنایی ئەوان لەگەڵ زمانی کوردیدا دەگەڕێتەوە بۆ کتێبە پیرۆزەکەیان کە بە زمانی کوردی نووسراوە، هەرچەند ژمارەی ئێزدی غەیرە کورد زۆر کەمە.

شێوەی ناولێنانی وشەی ئێزدی
ئێزدییەکان خۆیان بە ئێزدی پێناسە دەکەن، وشەی ئێزید لە کتێبی ئاڤێستادا بە مانای «ئێزتا»یە و لە زمانی پەهلەوی کۆندا بە «یەزتا» یا «یەزت» نووسراوە و لە زمانی فارسی و کوردی ئەمڕۆشدا (زمانی ئێزدییەکان) «ئێزید» بەمانای خودایە.
 تاقمێکی جیاواز، ئێریدییەکان بە «ئێزدی» و سەر بە رەوتی یەزید کوڕی معاوییە و گرووپێکیش ئێزدییەکان سەربە تایفەی خەواریج نەهروان بەناوی یەزید کوڕی ئەنیسەی بەیانی دەزانن، ئەم هەڵەیەش لەبەر ئەوە روویداوە کە عەرەبەکان وشەی «ئێزدی» کە لە شێوە زاری پەهلەویی کۆن وەرگیراوە، هاوتایە لەگەڵ یەزید کە لە زمانی عەرەبیدا وەریانگرتووە. بێگومان ئێزدییەکان خۆشیان لەبەر ئێش و ئازار و ناخۆشی لەلایەن عەرەبەکان و  بەعەرەبکردنیان لەم چەواشەکارییەدا بێ رۆڵ نەبوون و یەزیدی کوڕی مەعاوییە بە یەکێک لە پیرۆزییەکانی خۆیان دەزانن.
ئێزدییەکان خۆیان باوەڕییان بەوەیە کە لە نەوەی «ئێزدان»ن، ئەوان باوەڕیان وایە کە خودا (شەیتان ـ مەلیکە تاوس) چۆن دەیەویست نەتەوەی ئێزدی لە نەتەوەکانی تر جیاواز و تایبەت بکات، بۆ «شاید کوڕی جەراح» کوڕی حەرزەتی ئادەم، کە بێ جووتگرتن بەشێوەی هاوزەگی لەدایکبووە، فریشتەیەکی لە بەهەشتەوە ناردووە تا لە گەڵیدا زەواج بکات و بەرهەمی ئەم زەواجەش کوڕێک بەناوی «ئیزدان»بووە، کە نەتەوەی ئێزدی لە بنەچەی ئەو پێکهاتووە.
ئێزدییەکان خۆیان بە سەرەکیترین ئایینە تەوحیدییەکان دەزانن، ئێزدی بڕوایان بە تاک خودایی هەیە و خۆیان بە یەکەمین خواپەرستانی جیهان دەزانن. پێیانوایە لە جیهاندا خودایەکی خێر و خودایەکی شەڕ نییە، بەڵکو تەنیا یەک خودا هەیە کە هەم خێرە و هەم شەڕ. دوو جەمسەربوونی سروشت، چاکە و خراپە، نوور و تاریکی لە سروشتی مرۆڤیشدا هەیە. کەواتە هەر ئێزدییەک هەڵگری هەردوو لایەنەکەیە، کە رەنگدانەوەی دوو جەمسەربوونی سروشتە وەک رۆژ و شەو، مانگ و خۆر. کەواتە ئێمە دەڵێین ھیچ خودایەکی خراپ یان بوونەوەرێکی نەگریس نییە کە مرۆڤ بەرەو خراپە رێنوێنی بکات و هەموو شتێک پەیوەندیی بە خودی مرۆڤەوە هەیە.»
ئەمجۆرە تێڕوانینە نکوڵیکردن ناگەیەنێت لە بوونی خودا، بەڵکو جۆرێکە لە تێڕوانینی پلورالیزمانە کە بوونی خوا لە جیهان و شتەکانی ناو سروشتدا دەسەلمێنێت.
 هەروەها دەرباەرەی پیرۆزبوونی خۆر لەناو ئێزدییەکاندا دەڵێن: «هێمای پیرۆزی خوا رۆژە. رۆژ بۆ ئەو کەسانەی پەیڕەوی لە مەلەک تاوس دەکەن، نیشانەی رووناکی و ئەگەر سەرپێچیشی لێ بکرێت ئەوا ئاگرێک دەیانسوتێنێت». سەبارەت بە مەلەک تاوس دەڵێن «تاوس مەلەک یەکێکە لە ناوەکانی خودا، بەرلە دەرکەوتنی ئایینەکانی جیهان، خۆر سیمبۆلی خودا بووە و  هێماکەشی تاوس بووە. ئەم بڕوایە هێشتا لەناو ئێزدییەکاندا ماوەتەوە». 
هەندێک کەس ئێزدییەکان بەشەیتان پەرست دەزانن، بەوتەی شارەزایانی ئایینی، ھۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ مەلەک تاوس کە شەیتانە. بەڵام «جەمال نەبەز» نووسەر و زمانناسی کورد، بۆچوونی وایە کە وشەی تاوس ریشەیەکی یۆنانی هەیە کە ئەو وشەیەش واتە زئۆس یان نئۆس کە مانای خودا دەگەیەنێت.
ئێزدی خاوەنی ئاینی تایبەتن و زۆربەیان لە باشووری کوردستانن لە دەڤەری شێخانی نێوان شاری موسڵ و دھۆک و دەڤەری شنگال لەسەر سنووری عیراق - سوریا دەژین. هەروەها لە بۆتان و دەرباسییە و باکووری پارێزگای حەسەکە و دەڤەری عەفرین لە حەلەب و ئەلەگەزی ئەرمەنستان و پارێزگای قارس و ئەردێخانی باکووری خۆرهەڵاتی تورکیادا دەژین. 
ئێزدی بە کوردی کورمانجی دەئاخڤن، بەشێکی کوردانی ئێزدی لە ئەرمەنستان وەک گەورەترین کەمینەی ئایینی و ئیتنیکی و لە ناوچەی «تەفلیس» نیشتەجێبوون. هەرچەندە بەشێکی زۆریش کۆچەری ئەڵمانیا و ئەوروپا بوون.
ئێزدییەکان لە پێڤی (داسنی) بۆ خۆناساندن سوود وەردەگرن و ناوی ئێزدییەکان یا ئێزیدییەکان ھیچ پەیوەندییەکی بە «یەزید» و هەروەها شاری «یەزد»ەوە نییە.
پۆشاکی کۆنی ئەو پێکهاتەیە رەنگی سپییە و بەساڵچووانیان لە ناوچەی (شنگال) هەتا ئێستاش هەر ئەو پۆشاکە سپییە دەپۆشن.
خودا، گەورەی ئێزدییەکان بە «ئێزدان» دەناسرێت و ئەوان ئەم خودایەیان زۆر پێ بەهێزە و بە بیروباوەڕی ئەوان عیبادەتی راستەوخۆی ئەم خودایە مومکین نییە، ئێزدان لە روانگەی ئێزدییەکانەوە خوڵقێنەری هەبوونە، بەڵام پاسەوانی هەبوون نییە، حەوت رۆحی پیرۆز لە ئێزدان جیابۆتەوە کە مەزنترینان خودای «مەلیکە تاوسە»، مەلیکە تاوس شای هەموو (فریشتەکانە). مەلیکە تاوس بریتییە لە عەزازیل یان (شەیتان) کە حوکمی هەموو زەوی دەکات بە یارمەتی و هاوکاریی حەوت فریشتەی دیکە، ئەو حەوت فریشتەیەش لەژێر فەرمانی خودای گەورەدان.
ئەوان مەلیکە (تاوس) بە بازووی جێبەجێکردنی داواکارییە پیرۆزەکان دەزانن، چونکە (تاوس) لە بیروباوەڕە کۆنەکانی ئێزدییەکاندا هێمای هەربوون و هەمیشەییە، چونکە گۆشتی»تاوس»  ھیچکات ناگەنێت و لە روانگەی ئێزدییەکانەوە خودای (تاوس) نیشاندانی جوانی دەروونی خودایە و هەرگیز لەم هەبوونە پاکە دوور ناکەوێتەوە و جیاناکرێتەوە.
لەبەر ئەو ھۆکارەش هەندێک لە مێژوونووسان بیروباوەڕەکانی ئێزدی دەخەنە ناو گروپی باوەڕەکانی تاکپەرستییەوە، هەرچەندە ئێزدییەکان پێنج جار لە شەو و رۆژدا بۆ (مەلیکە تاوس) نوێژ دەکەن و یەکێک لە باوەڕەکانیان کە دەبێتە ھۆکاری ئەوەی بە شەیتان پەرست بناسرێن لەلایەن خەڵک و ئایینەکانی ترەوە ئەوەیە پاشا بە شێوەی تاوس شێوە دەکێشرێت. «ئاو»، «خۆڵ» و «هەوا» لە دروشمە پیرۆزەکانی ئایینی ئێزدین کە هەرسێکیان ژیان پێکدەهێنن. 
هەروەها ئێزدییەکان مەزارێکی زۆر پیرۆزیان هەیە کە سەردانی دەکەن کە مەزاری شێخ عەدی کوڕی موسافیرە کە لە لالشدایە.

کتێبە پیرۆزەکانی ئێزدی
کتێبی (جیلوە) یەکێکە لە دوو کتێبی پیرۆزی ئایینی ئێزدی، ئەم کتێبە بە شێوەی یەکەم کەسی نووسراوە و بە گوێرەی ئێزدییەکان خۆیان وتەی خودایە. کە لەناویدا بناغەکانی باوەڕداری ئایینی ئێزدی تێدا شیکراوەتەوە.
دووهەم کتێبی پیرۆزی ئێزدییەکان بەناوی (مەسحەفی رەش) یان هەمان (کتێبی رەشی ئێزدی) کۆمەڵێک بانگەشە و سروودی لە وەسف و ستایشی گەورەکانی خۆیان تێدا تۆمار کراوە، بەپێ گێڕانەوەی ئێزدی لێبۆوە لە وشەی «ئێزید»یا «ئێزتە»یە کە بەمانای «ئاینی خودایی»یە و یەزدانێت تێرمیکە کە یەکەمجار لەلایەن میهرداد ئیزەدییەوە بە کۆمەڵە ئایینە مێژووییەکانی کورد دەوترا.
 یەزدان وشەیەکە بە واتای خودا. ئەم ئایینانە هەندێک تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، بەڵام ئەوەی لەناو هەموویاندا هاوبەشە، ئەوەیە کە هەموویان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئایینی زەردەشتییەوە.
مسحەفی رەش-یش لەلایەن کوڕی شێخ ئادی شێخ حەسەنەوە لە ساڵی (1195) دا نووسراوە و لە کتێبە پیرۆزە قەبارە گەورەکەی یارسانییەکاندا زیاتر زانیاری دەگرێتەخۆ و بەشێوەیەکی روونتر بابەتەکان تاوتوێ دەکات، ئەگەرچی زۆر دوعاو نزای سەیر لەخۆدەگرێت. مسحەفی رەش، بە زمانی کۆنی کرمانجی نووسراوە و شایانی باسیشە کە ئەو چەشنە کرمانجییە لە سەدەی 13دا، لە ناوچەی هەکاریدا شێوەزاری ئاخافتن بووە، هەربۆیە زۆربەی لایەنگرە باوەڕدارەکانی ئێزدییەکان لە ناوچەی هەکاری- باکووری کوردستاندان. 
ئێزدییەکان باوەڕیان وایە کە شێخ ئادی، لە ناوچەی بیقاع-ی سەربە لوبنان لەدایکبووە و بە ئادی هەکاری بەناوبانگە.
ئێزدییەکانیش وەک زۆربەی ئایینە مێژووییەکان باوەڕییان وایە کە جیهان و هەر شتێکی تێیدایە لە چوار توخمی سەرەکی (ئاو + با + خاک + ئاگر) پێکهاتووە. 
ئێزدییەکان هەروەک سۆفییەکان لە مەراسیمی خۆیاندا بە دەڕبرین و زیکری سۆفیانە خۆشی وەردەگرن و شۆێنکەوتوانی خۆیان بەسەر سێ بەشی «پیر» و «شێخ» و «مورید»دا دابەش دەکەن، هەرچەندە بەشێک لە گەنجانی ئێزدی بە دەستلێهەڵگرتن لە بیروباوەڕی باب و باپیرانی خۆیان لەسەر بنەمای دوورکەوتنەوە لە پەیڕەوانی ئایینەکانی تر، بەشداری بزووتنەوە چەپ و مارکسیستەکانی باکوور و باشووری کوردستانی گەورە بوون و لەناو رێزی هێزە چەکدارەکانی کورددا لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری سەدام حسێن دەستیان بە خەباتی چەکداری کردووە. خانەوادەکانی ئەوانیش وەک زۆربەی ماڵباتە کوردییەکانی تری باشووری کوردستان کەوتنە بەر هێرش و پەلاماری دەڕندانەی سوپای دیکتاتۆری رژێمی سەدام حسێن.
ئەندامانی پێکهاتەی ئێزدی خۆیان بە (دواسین) پێناسە دەکەن و نەمانی شوێنەواری میراتی نووسراو و بەڵگەیی لە ناویاندا بۆتە ھۆکاری ئەوەی تا بیروباوەڕی راستەقینەی ئەوان زۆر روون نەبێت و لەبەر ئەم ھۆکارەش لە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەکانی ئەم بیروباوەڕە ناڕاستی و شرۆڤەکردنی زۆر بەرچاو دەکەوێت. 
بۆنموونە تێکەڵکردن و نزیککردنەوەی ئێزدییەکان لە «زەردەشتییەکان» یان «رۆژ پەرەستەکان»، بەشێکە لەم لێکدانەوە نادروستانە.
لە هەردوو کتێبە پیرۆزەکەی ئێزدییەکاندا «جیلوە و مەسحەفی رەش»دا، باس لە «مەلەک تاوس-لۆسیفەر»کراوە. 
لە»جیلوە»دا بەم شێوەیە باس لە»مەلەک تاوس» دەکرێت:
من- مەلەک تاوس- پێش دروستبوونی دونیا و بوونەوەران هەبووم، من هەم و هەتا هەتایەش بۆ بەڕێوەبردنی دونیا دەمێنم و بەردەوام دەبم. ھیچ جێگەیەک نییە منی لێ نەبم. هەر شتێک کە لە دونیادا هەیە و دەبێت، بەبێ رازیبوونی من و قایلبوونم مەحاڵە، ھیچ فریشتەیەک دەست لە ئیشەکانی من وەرنادات و من چی بڵێم ئەوەیە).

لە -مەسحەفی رەش-دا  ئەمەی خوارەوە بەرچاو دەکەوێت
(ئەفەریدەکار «رەنگە مەبەست لە رۆحی رەها بێت» لە ناوەڕۆکی پیرۆزی خۆی مروارییەکی سپی خوڵقاند و دواتریش باڵندەیەکی ئەفسوناوی بەناوی «ئەنفار» مروارییە سپییەکەی خستە سەر پشتی باڵندەکە و چل هەزار ساڵ لەوێدا مایەوە و پاشان لە رۆژی یەکشەممەدا «عەزازیل» واتە «مەلەک تاوس»ی لێ هاتە دەرەوە.
شایانی باسە ناوی فریشتەکان، چ لای ئێزدییەکان و چ لای عەلەوییەکان و چ لای یارسانییەکان لەیەکتری دەچن و تەنیا خاڵێکی جیاکەرەوەش لای عەلەوییەکان و یارسانییەکان سەرجەم حەوت فریشتە هەیە، بەڵام لای ئێزدییەکان حەوت فریشتە بەجیاو «رۆحی رەها»و دەسەڵاتداریش بەجیا لەسەروو ئەوانەوە حوکم دەکات.
لەسەر دیواری شوێنە پیرۆزەکانی ئێزدییەکان کۆمەڵێک وێنەی «رۆژ» بەرچاو دەکەوێت و بەو وێنانە خەمڵێندراوە، یا ئەوەی کە گۆڕەکانیان روو بە لای رۆژهەڵات و رۆژ جێگیرکراوە و مردووەکانی خۆیان بەو شێوەیە دەنێژن.
(دکتۆر خەلیل جەندی رەشۆ)، یەکێکە لە مامۆستاکانی زانکۆی (گۆتینگن)ـ ی ئەڵمانیا کە خۆشی بەرەگەز لە شێخەکانی ئێزدییە، دەربارەی جەژنی ساڵی نوێی ئێزدییەکان دەڵێت: «جەژنی چوارشەممەی سوور لە راستیدا جەژنی دەستپێکی ساڵی ئێزدییەکانە کە لەناو نەتەوەکانی تردا بە (نەورۆز) دەناسرێت، بەڵام ئێزدییەکان ئەم جەژنە بەسەر ساڵ یان چوار شەممەی سووردا ناودێر دەکەن. 
لەناو ئاینی کریستیانەکاندا بە چوارشەممەی خۆڵەمێشی دەناسرێت و یەکەم رۆژی بەڕۆژووبوونە لای خاچ پەرستان و لەو رۆژەدا ئەوانیش پێچەوانەی ئێزدییەکان بەرۆژوو دەبن.

وێنەی خۆر وەک خاڵی هاوبەش لە نێوان زەردەشتییەکان و ئێزدییەکاندا

ئەم جەژنە دەکەوێتە شەوی یەکەمی چوارشەممەی مانگی (ئاپریل) کە ئێزدییەکان مانگی (نیسانی)پێ دەڵێن و بەڕێوەدەچێت. ئێزدییەکان باوەڕیان وایە لەم رۆژەدا فریشتەیەک کە ئەوان بە مەلیکە تاوس پێناسەی دەکەن، لە ئاسمانەوە دێتە سەر زەوی و لەگەڵ خۆی خێروبەرەکەت دەهێنێت، هەر بەم بۆنەیەشەوە ئەوەی هەندێکجار بە جەژنی «مەلیکە تاوس» دەیناسێنن، جەژنی چوارشەممەی سوور کە چەند هەفتەیەک پێش هاتنی نەورۆز بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ ئایین و فەرهەنگی جیاواز هاوتەریبە و هەندێک لەوانە لەگەڵ فەرهەنگی نەورۆزی وڵات و نەتەوەکانی تردا جیاوازییان هەیە، یەکێک لە جیاوازەییەکانی ئەوەیە کە لەو مانگەدا زەماوند و جووتبوون بۆ ئێزدییەکان قەدەغەیە، چۆن دەڵێن مانگی نیسان کە بە بووکە «شووتیش» دەناسرێت، خۆی بووکی هەموو مانگەکان و بووکی ساڵە و پیرۆزە، لەو مانگەدا کەس مافی ئەوەی نییە زەوی هەڵبکۆڵێت لەبەرئەوەی کە لەو مانگەدا  تەواوی رووەکەکان، دەرختەکان و گوڵەکان لەسەر زەوی شین دەبنەوە و دێنەدەرێ.
نەریتێکی تری ئەم جەژنە ئەوەیە کە هێلکەکان رەنگ دەکەن، بۆچی؟ چونکە شێوەی هێلکەش وەک شێوەی زەوی وایە و رەنگکردنی بەو مانایە دێت کە دەیانەوێ دنیا بەو رەنگانەوە بێت و ببێتە ھۆکاری سەوزبوونی دەشت و بیابانەکان.
یەکێک لە نەریتە سەیرەکانی تری ئێزدییەکان ئەوەیە کە بەیانی زووی ساڵی نوێ، دەڕۆنە پێدەشتەکان و دەست و رووی خۆیان بە دڵۆپەکانی ئاوەنگ پاک دەکەنەوە و باوەڕییان وایە کە ئەگەر کەسێک نەخۆش بێت، دەبێ ئەم کارە بکات بۆ شیفای نەخۆشەکەیان، ئاردیش لە جەژنی سەرساڵی ئێزدییەکاندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە و ئەوان ئەو ئاردە کە لەگەڵ خۆیاندا دەیبەنە ناو دەشت، هەویری پێ دروستدەکەن و دواتریش چەپکە گوڵێک لە ناوەندی هەویرەکەدا دادەنێن و لە سەربانی ماڵەکانیان هەڵی داوسن، وەک ئەوەی بەهار هاتۆتە نێو ماڵەکانیان و دووبارە وەک سروشت دەژێنەوە.
لە دەرەوەی ئەوانەش، ژنەکانیان جۆرە نانێک بەناوی (ماتەمینی) دروست دەکەن کە وەکو خێر لەگەڵ خۆیان دەیبەنە سەر گۆڕستان، ئێزدییەکانیش هاوشێوەی کوردە زازاکان ئاینێکیان هەیە کە هەندێکجار پێی دەڵێن تەواف و هەندێکجاریش ناوی کۆمەڵی لێ دەنێن. 
مێژووی یەکەمین تەوافکردن دەگەڕێتەوە بۆ یەک گوندی ئێزدی نشین بەناوی (باشیک و بەخرانە) کە لە رۆژانی هەینیدا دوای چوارشەممە سوورە دەستپێدەکات، دوای ئەوەش بەلانیکەمەوە لە تەواوی گوندە ئێزدییەکان ئەم نەریتە پەیڕەو دەکرێت.
هەر تەوافێک تەنیا یەک دانە فریشتەی هەیە، ئەوەیش تایبەتە بە ئێزدییەکان خۆیان، ئەم تەوافانە تا کۆتاییەکانی مانگی «شەشی» زایینی کە ئێزدییەکان پێی دەڵێن (حوزەیران) دڕێژە دەکێشی و ئەوەش سیمبۆلی نەورۆزە لەناو ئێزدییەکاندا.
ئێزدییەکان لەهەر وەرزێکی ساڵدا جەژنێکیان هەیە، بەڵام تایبەتمەندیی جەژنی سەری ساڵ کە لە یەکەمین چوارشەممەی مانگی نیساندا یان هەمان ئاپڕیل-دا بەڕێوەدەچێت، ئەوەیە کە خەڵک دوای 13 رۆژ جارێکی تر جەژن دەگرنەوە کە دەتوانین لەگەڵ سیانزەبەدەری ئێرانییەکاندا بەراوردی بکەین، باوەڕیان بە تێداژیانەوە و بەرەوپێگەیشتنی رۆح بە شێوەی دووبارە ژیانەوە، هەروەها  فووتێکردن لە لێکۆلینەوە بەردەوامەکان سەبارەت بە ئایینی و نەریتی و کەلتوری کەمینەی ئێزدی، ئێزدییەکانیان بەستۆتەوە بە رێبازەکانی خۆرهەڵاتی دێرینەوە.
کچان و کوڕانی ناو قوتابخانەی ئایینی ئێزدی لە مەزارگەی لالش سروودی تایبەت دەخوێنن و ئەوان پێنج جار لە شەو و رۆژدا بۆ مەلیکە تاوس نوێژ دەخوێنن و سوجدەی بۆ دەبەن. 
یەکێک لەو باوەڕانەی کە دەبێتە ھۆکاری ئەوەی ئێزدییەکان بە شەیتان پەرست بناسێنرێن ئەوەیە کە ئەوان  خۆیان مەلیکە تاوس بە شەیتان پەرست دەناسێنن، ئەوانە لەسەر ئەو بڕوایەن کە رۆحی ئەوانەی مردوون دەتوانی لە قاڵبی شتەکانی تردا ئاشکرا ببێتەوە، ئەوان شاخێکی پیرۆزییان هەیە بەناوی «عەرەفات» و دوو کانیاوی تێدایە بەناوی کانیاوی زەمزەم» یان «کانی سپی»، زۆربەی بیروباوەڕەکانی ئێزدی لەناو ئایینەکانی کریستیان و زەردشتی و بوداییدا هەیە، ئەوان هەم رێز لە کتێبی پیرۆزی ئینجیل دەگرن و هەمیش لە کتێبی پیرۆزی قورئان، بەڵام زۆربەی ئایینەکانی ئەوان تەنیا لە رێگەی زارەکی گوێزاوەتەوە. بۆیە وا بیری لێ دەکرێتەوە کە ئێزدییەکان درێژ کراوەی ئایینی میترایی و میهرپەرستی بن، بۆیە زۆربەی دابونەریتی ئایینی میترایی لەناو کەلتور و ئایینی ئەواندا هەیە.
 «تاوس» سیمبوڵی شەش ناوچەی جیاجیای نیشتەجێبوونی ئێزدییەکانە و لەوانەش سوریا- زۆزان»ساسۆن- ساسون»، باکووری خۆرئاوای ئەنادۆڵ»باکووری کوردستان» و شنگال و شێخان» دۆڵی زێی گەورە» تەبرێز «ئەزەربایجان»و «قەوقاسیا-مۆسکۆ». بە مەبەستی پیرۆزکردنی کۆتەڵەکە لە تەبرێزەوە دەبرێتە مۆسکۆ، شایانی باسە لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتی جاراندا رێگە نەدەدرا، بەڵام ئێستا لەوێوە و پاشان بە هەموو ناوچەکاندا دەگەڕێنرێت.

سیمبوڵی پیرۆزیی ئایینەکەیان
 یەکەم پاڕانەوە (نزا) کە لە سێ کاتدا بەڕێوەدەچێت، بە تایبەتی لە کاتی هەڵهاتنی خۆر و ئاوابوونیدا ئێزدییەکان لەم کاتانەدا داوای خێر و خۆشی بۆ خۆیان و هەموو مرۆڤایەتی دەکەن. ئێزدی وەکو ئایین رێگە و شێوازی تایبەت بە خۆیان هەیە، لەکاتی بەجێگەیاندنی نوێژدا بۆ خودا کە بەزمانی ئاری کۆن پێی دەڵێن (خودێ) یان (ئێزدان) کە کۆمەڵێک نزا دەکەن بە تایبەتی لەکاتی هەڵهاتنی خۆر و نیوەڕۆ و کاتی خۆرئاوابووندا.
ئەوان بڕوایان وایە رۆحی ئەوانەی کە مردوون، دەتوانێت لە چوارچێوەی لاشەی تردا زیندووببێتەوە، یەکێک لە باوەڕەکانیان ئەوەیە کە رۆحی ئێزدی ناتوانێت گۆڕانی بەسەردا بێت و سەرلەنوێ زیندوو ببێتەوە، هەر بۆیەش ئێزدی باوەڕی وایە بەھیچ شێوەیەک ناتوانی ببیتە پەیڕەو و باوەڕمەندی ئایین و بیروباوەڕێکی تر، لەبەرئەوەی ئەم ئیشە پێویستی بە سەرلەنوێ درووستبوون و گۆڕانکاری لە رۆحی تاکدا هەیە، لەبەر ئەم ھۆکارەشە کە ئێزدییەکان ساڵانێکی زۆرە لە دەڤەری خۆیاندا تووشی کێشە و ئاستەنگی زۆر بوونەتەوە، بەڵام تائێستاش دەستیان لە بیروباوەڕی خۆیان هەڵنەگرتووە.

ئێزدییەکان هەمان گاور پەرست یا گەبراکانن؟
تائێستا لەسەر ئاینی گەبرییەکان بەداخەوە ھیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی و زانستی سەربەخۆمان لەبەردەستدا نییە،  تەنیا شتێک کە ماوەتەوە لەوان، ناوی خۆیانە و ھیچی تر، لە کتێبی ئایینی و جوگرافیایی نەتەوەکانی تردا وەک «بەخشینەکان» و «ئایدۆلۆژییەکان» و «قەڵەمڕەوان» باسی ئایینی گەبراییەکان کراوە و هەندێکیان ئەوانە وەک ئەو کوردە زەردەشتییانە دەناسن کە نەبوون بە مسوڵمان و پاڵیان بە چیاکانەوە داوە و پاشانیش لەداخاندا بوون بە گاوری سەرکۆ بە «مەجووس» دەیانناسێنن، بەڵام بە بۆچوونی من لەنێوان ئایینی زەردەشتی و گەبری یا گاور پەرستەکاندا جیاوازییەکی زۆر هەیە و لە گەشبینترین حاڵەتدا دەتوانین بڵێین یەکێک لە هێماکانی ناسراوی زەردەشتی بوون، بەڵام بەتەواوی زەردەشتی نەبوون. بۆنموونە لە هەرشونێک گۆڕستان و ئارامگەیەکی شوێنەواری مێژوویی بەرچاو دەکەوێت، بە گۆڕستانی گەبرەییەکان دەناسرێت و لەناو ئەم گۆڕانەشدا شەخسەکان بە جلوبەرگ و هەموو کەلوپەلەکانی خۆیانەوە نێژراون، ئێستا ئەوەی کە زەردەشتییەکان خاوەنی قەبر نین و مردووەکانی خۆیان لە جێگەی تایبەتی بە خواردنی مردووەکان لەلایەن باڵندەکانەوە دادەنا، بەڵام لەنێوان شوێنەواری بەجێماو لە گەبرییەکان دەتوانین هاوشێوە بوونێک لەگەڵ ئایینی ئێزدی ئاشکرا بکەین و لەم رووەوە پسپۆڕانی بواری ئارکۆڵۆژی ئێستاش سەرقاڵی توێژینەوەن.

ئێزدییەکان و داب و نەریتیان
ئێزدییەکان بەردەوام کۆمەڵەیەکی داخراو بوون و خۆیان بە کوردی رەسەن دەناسێنن، رێگە بە بێگانە نادەن بۆ ناو خۆیان و بیروباوەڕی خۆشیان لە خەڵکی دەشارنەوە، لەگەڵ تەواوی ئەم جیاوازییەیاندا، ئێزدی سەر بەو تیرە و رەگەزانەن کە لە چواردەوری خۆیاندا دەژین و بە شێوە زاری کرمانجی (باکوور) دەدوێن و ھیچ جیاوازییان نییە، بەشێکیان(شێخی عەدی ـ ئادی) بە خودا دەناسن و بەشێکیش بە شەریکی خودای دەزانن، هەندێکی تریش ئەو بە نێردراو و وەزیری پایەبەرزی خودا دەزانن کە ھیچ فەرمانێک بێ دەنگ و راوێژکردن لەگەڵ ئەودا دەرناچێت.
یەکێک لە لێکچوونەکان روو بە خۆرهەڵاتبوونی گۆڕەکانە، لە پێوەندی لەگەڵ شاردنەوەی و دەرکردنی بەشێک لە ئێزدییەکان، تێگەیشتنێکی هەڵە هەیە سەبارەت بە پەیوەندیی ئەم ئایینە لەگەڵ فەلسەفەی (دووانەیی جیهانی زەردەشتییەکان) واتە هەمان رووناکی و تاریکی و هەتا خۆرپەرستەکان دروست بووە.
توێژەران لەم ساڵانەی دواییدا ئاشکرایان کردووە کە پەرستگەکانی ئێزدیی بە وێنەی خۆر رازێنراونەتەوە و گۆڕەکانی ئەوانیش رووەو خۆرهەڵاتن.
 زۆربەی ئەو شوێنانەی گۆڕی گەبرییەکانی تێدایە لە ناوچەکانی کرماشان و خۆرهەڵاتی کوردستان و ناوچەی قەھستان لە باشووری خۆراسانن، لە ناوچەی دهستانی گۆناباد کە قەڵای ساسانییەکانی لێیە، کۆمەڵێک گۆڕی ئێزدی لە چواردەوری ئەوی دۆزراونەتەوە رووەو خۆر لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا نێژراون.
منداڵەکان بەدەستی پیر یا(مۆبەدەکان) کە لە زمانی کوردیدا بە گەورە مەلای زەردەشتییەکانیش ناودەبرێن، بە ئاوی پیرۆز پاک دەکرێنەوە، دوای باوەڕهێنان بە ئاینی خۆیان، لەکاتی ژنهێنان و شووکردندا، پیرەکە نانێۆی دەکاتە دوو پارچە و پارچەیەکی دەداتە بووک و پارچەکەی تریشی دەدات بە زاوا، لە مانگی سێپتەمبەر دا ئێزدییەکان بۆ ماوەی سێ رۆژ بەڕۆژوو دەبن و داوی ئەوەش لەگەڵ پیر یان هەمان مەلای گەورەی خۆیاندا شەراب نۆش دەکەن.
لە (15 – 20) ی سێپتەمبەر ئێزدییەکان رێوڕەسمی سەردانی گشتی ساڵانە لە مەزارگەی شێخ عەدی لە لالش بەڕێوەدەبەن، لە درێژەی ئەوەشدا رێوڕەسمی پاککردنەوە لەناو روودخانە بەڕێوەدەبەن. 
هەروەها رێوڕەسمی قوربانی ئاژەڵان و خەتەنەش بەڕێوە دەبەن و وێنەکانی مەلیکە تاوس لە هەموو شۆنێکی پەرستگاکان، زیارەتگە و گۆڕەکانی ئێزدییەکاندا هەن، ناوی خودای ئەوان (باڵاترین پلەی رەبانی) ئێزدان ـە، بیرکردنەوە لەسەر ئەوەیە کە ئەو لە شکۆ و ڕێزی گەورەی هەیە، کە ناتوانرێت راستەوخۆ عیبادەت بکرێت، رۆڵی ئەم پلەوپایە خوداییە لە هەمانکاتدا رۆڵێکی ناچالاکە. ئەو جیهانی خوڵقاندووە، بەڵام پارێزگاری جیهان نییە!
حەوت رۆح (فروهەر)ی گەورە لەو پێکهاتووە کە گرنگترینی ئەو مەلیکە تاوس، جێگری ئیرادەی خودایە.
خراپترین چارەنووس بۆ باوەڕمەندێکی ئایینی ئێزدی، دەرکردنە لەناو کومەڵگەی ئێزدییەکان، چونکە ئەوە مانای ئەوەیە کە ئیتر رۆحی ئەو شەخسە دەرکراوە، هەرگیز پێشکەوتنی نابێت. گفتوگۆ لەگەڵ هەر ئایین و ئایینێکی تردا بۆ ئەوان بەتەواوی مەحاڵە و زۆربەی ئێزدییەکان ئێستا کە تورکیا ئەوانی سەربەست و ئازادکردووە لەدوای ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەی کە کێشاویانە لە پرۆسەی راگواستنەوە دەگەڕێنەوە، بەڵام دوای ئەو هەموو ساڵە لە دەربەدەری و ئاوارەیی، دەستبەرداری ئایین و بیروباوەڕی خۆیان نەبوون لە عیبادەت و دابونەریتی خۆیان دوورنەکەوتوونەتەوە.
ئەو مەسەلەیە گوایە تێگەیشتنی باڵای ئەوانە لە شوناس و کەسایەتی خۆیان، ژانی ئێزدی لە ناوچەکانی دوور هەڵکەوتووەکانی خۆیان شنگال، جلی سونەتی سپی خۆیان دەپۆشن و ئەم نەریتە لەناو زەردەشتییەکانیشدا هەیە و لە ئێزدیزم نزیکەی حەوت هەزار ساڵ مێژووی هەیە و هاوردەی ناو زەردەشتییەکانیش بووە.

پرەنسیپەکانی باوەڕی ئێزدی
باوەڕی بە خودای تاقانە و دروستکەری ئاسمان و زەویی و خوڵقێنەرەی حەوت مەلائیکە بۆ یارمەتیدانی خودا هەیە بەم شێوەیە:
 ــ خوڵقاندنی مەلیکە تاوس لە رۆژی یەکشەممە دا.
ــ دەردائیل یا شێخ حەسەن لە رۆژی دووشەممەدا.
ــ ئیسرافیل یا شێخ شەمسەدین لە رۆژی سێشەممەدا.
ــ‌ میکائیل یا شێخ ئەبوبەکر لە رۆژی چوارشەممەدا.
ــ جوبرائیل یا شێخ سەجادین لە رۆژی پێنجشەممەدا.
ــ شەمنائیل یا شێخ ناسرەدین لە رۆژی هەینیدا.
ــ مەلیکە نورائیل یا شێخ فەخرەدین رۆژی شەممە و دواتر خودا بەهاوکاریی ئەو شێخە جیهانی ئافراندووە و بە کەشتی هاتۆتە ناوچەی لالش و زەوی و ئاسمانی بەشێوەی ئێستا لێکردووە.
ئەوان باوەڕییان وایە هەموو فریشتەکان بە کرنووشبردن بۆ مرۆڤ هاوبەش بوون، بۆیە شەیتان بۆتە سەروەری هەموو فریشتەکان، هەربۆیە رێز لە وێنەی گەورەی مەلیکە تاوس دەگرن و ئەم کارەش بە ھۆکاری پاک بوونەوە لە گوناە و قبووڵی عیبادەتەکان دەزانن، ئێزدییەکان باوەڕیان وایە کە ئادەم و حەوا خودا خەڵقی کردوون و ئیشی ئەوانی راسپاردوە بە مەلەکە تاوس.
دەڵێن شەیتان لەلایەن مەلکە تاوس لە بەهەشت دەرکراوە و بۆیە تەنیا باوەڕییان بەوەی هەیە، کە ئێزدییەکان لە نەوەی (ئادەم) و ئەوانی تر هەموو لە نەوەی هاوبەشی ئادەم و حەوان، هەربۆیە تێکەڵاوبوون و هاوسەرگیریی لەگەڵ منداڵانی ئادەم و حەوا بە حەڵاڵ نازانن.
نوێژ؛ بەم چۆنایەتییەی کە لەکاتی دەرکەوتنی خۆر لە خەو هەڵدەستن و بەپێی پەتی روو بە خۆر رادەوەستن و چوار جاران سوجدە دەبەن و نزایەکی تایبەت بە زمانی کوردی دەخوێنن.
سێ رۆژ بەڕۆژوو دەبن لە رۆژەکانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممەی مانگی دیسێمبەردا کە کورتترین رۆژەکانی ساڵن و رۆژووی تایبەتیش هەشتا رۆژە، نیوەی لە (20 )ی مانگی دیسێمبەری زایینی و نیوەی تری لە (20 ) مانگی جوڵای زایینی دەستپێدەکەن.
لە مێژووی ئێزدییەکاندا کەسایەتی ناوداری زۆر هەبووە، لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە رۆڵی شەرفەدین و میر جەعفەری داسنی و میر ئامادین و میر هەسلمەمان و پیر رەشی حەیران ئێزدی میرزا بدەین کە هەرموویان میرایەتی و بەرپرسیارەتیان لە شوێنەکانی کوردستاندا کردووە لە سەردەمی چەرخەکانی 10 و 11 و 15 و 16 ی زایینیدا ژیاون، دیسان بابی شێخ ناسر کە لە ساڵەکانی 1810 – 1880 ژیاوە و زۆربەی ئەو مێژوونووس و خۆرهەڵاتناسانەی کە روویان لە کوردستان کردووە، سەردانی ئەم شێخە بەتوانا و عاقڵمەندەیان کردووە، هەروەها رۆڵی ژنانی ئێزدیش گەشاوە دەبینن لە مێژووی ئێزدییەکاندا، نموونەی هەرە بەرچاویش (خاتوو فەخرا کە وەکو خاس لەلایەن ئێزدییان ناسراوە، خانزادی پیر مام و مەیان خاتوون).
یەکێک لە کەسایەتییە هەرە گرنگەکانی ئێزدییەکان «شێخ ئادی»یە، گرنگی و پیرۆزێتی لای ئێزدییەکان وەک «ساهاک»ی یارسانییەکان و «حەزرەتی عەلی» عەلەوییەکان وایە و سەیر لەوەشدایە کە سەردەمی ژیانی شێخ عەدی یا ئادی و ساهاک و حاجی بێکتاش-ی عەلەوییەکان، لەنێوان سەدەی (11 و 12)ەدایە و بەپێی باوەڕی شوێنکەوتوانی « شێخ ئادی و ساهاک لە 100 ساڵ زیاتر ژیاون».
ئێزدییەکان زیارەتگەی (شێخ ئادی) یان وەک شوێنی پیرۆزی خۆیان هەڵبژاردووە و رێوڕەسمی خۆیان لە رۆژەکانی 15ی مانگی دیسێمبەری زایینی دەستپێدەکەن و لە 20 ی مانگدا کۆتایی پێدەهێنن.
 لەسەر هەر تاکێکی ئێزدی لە هەر تەمەنێکدا بێت فەرزە کە ساڵی یەکجار حەج بکات.
شێخ ئادی عارفێکی گەورەیە کە لە قۆناغێکی مێژوویی ئایینی ئێزدییەکاندا لە باشووری عیراقەوە چۆتە ناو ئێزدییەکانەوە و ئایینی ئەوانی وەک ئایینی خۆی قبووڵکردووە و بڕوای پێ هێناوە، بەشێوەیەک ئایینی ئێزدی کردۆتە رێباز و تەریقەتێکی عیرفانی، کە پەیوەندیی مورید و مەرادی لەسەر زاڵبووە، ئەو تێدا بە قووڵی شارەزا بووە و ئێزدییەکانی لەناو کۆمەڵی مسوڵماندا دەرخستووە و دووری خستوونەتەوە، لەدوای ئەویش جێگرەوەکانی هەمان ئەو رەوتەیان درێژەپێداوە، تا دەگاتە رۆژگاری ئەمڕۆ.
ئەو وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی بناغەکانی ئایینی ئێزدی بەبیر دەخەنەوە.
ئەو لە ساڵی (1160)ی زایینی لە دەڤەری لالش کۆچی دوایی کردووە، بۆیە هەر ئێزدییەک لانیکەم بەپێی توانای خۆی دەبێ جارێک سەردانی مەزاری ئەو بکات لە لالش و پەیمان نوێ بکاتەوە.
لە هەندێک لە سەرچاوەکانی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ئایینی ئێزدی نووسراوە، کە یەکێک لە راسپێردەکانی (شێخ ئادی) بۆ پەیڕەوانی خۆی پارێزگاریکردن لەکتێبەکان بووە (تونجی، ل38)، بۆیە هەر ئەو وەسێتەی بۆتە هۆکاری پەڕەگرتنی نەخوێندەواری لەناو پەێڕەوەکانیدا، لەبەر ئەم هۆکارەش، ئەوان بیروباوەڕەکانیان بە شێوەی زارەکی و بێ نووسین و بەڵگە دەگوازنەوە. هەر ئەمەشە وایکردووە کە ئێزدییەکان سەرچاوەی نووسراوی مێژوویی و کتێب و دەق و بەڵگەنامەی تایبەت بە خۆیان زۆر کەم بێت، جگە لە دوو کتێبە پیرۆزەکەیان.

پەرستگای لالش پیرۆزترین شوێنی ئێزدییەکان

گرێ ژیان
زیارەتکاران دوای چوونە ناو مەزارگە لەو پەڕۆ رەنگاوڕەنگانەی کە لەناو خانووەکەدا دانراون، سێ گرێ لێدەدن بە نیشانەی سەختی و ناخۆشییەکانی ژیانیان، بە بڕوای ئەم زیارەتکارانە، کاتێک کەسێکی تریش ئەم گرێیانە بکاتەوە، ئەوا کێشە و ناخۆشییەکانی ژیانی ئەوەیش چارەسەر دەبێت.

پەڕۆ لەسەر بەرد
نەریتێکی دیکەی ئەو زیارەتکارانە ئەوەیە پارچە پەڕۆیەک لە ناوەوەی ئارامگەکەوە بۆسەر تاشەبەردێک فڕێدەدن و ئەگەر پارچە پەڕۆکە بکەوێتە سەر تاشەبەردەکە و لەسەری بمێنێتەوە، ئەوا فڕێدەری ئەو کارە وەک کەسێکی پێوقەدەم بەخێر دەناسرێت.

دەرختی ئامێز
لە بۆنەیەکی تردا، زیارەتکار کۆڵەکە دارێکی گەورە کە لە لاشەی دەرخت دروستبووە و ناوی (درەختی ئامێزە) لەباوەش دەکات و ئەگەر پەنجەکانی لە هەردوولاوە بگەنەوە بەیەکتری، ئەوا بەکەسێکی پێوقەدەم بەخێری دەزانن. 
لەبۆنەکانی تری ئایینی ئێزدیدا دەتوانین ئاماژە بە «هەڵپەڕکێی ئێواران» و رێوڕەسمی «غوسڵدەرکردن» لەناو کانی سپی و قوربانیکردنی ئاژەڵ بە مەبەستی تێرکردنی شێخ ئادی و مردووەکانیان ئاماژە پێ بکەین.
نەریتە قەدەغەکراوەکانی ناو ئایینی ئێزدی، وەک نموونەی پۆشینی جلوبەرگی رەنگ نیلی و کراسی مل کراوە، نەخواردنی کاھوو و کەلەرم، کە دیارە ئەمانە و زۆر شتی دیکەش لە ئایینی ئێزدییەکاندا دەچنە ریزی شتە حەرامەکانەوە. ئێزدییەکان وەک تاک دەبێ جێبەجێ بکەن و هەرگیز نابێت کاھو و کەلەرم لە کێڵگەکانیاندا بچێنن.
لەو مانگەی ئەوان دەستدەکەن بە رۆژووگرتنی خۆیان بۆ ماوەی40 رۆژ، لەسەر ئەو باوەڕەن کە شێخ ئادی لەم 40 رۆژەدا کۆمەڵێک ئامۆژگاری نهێنی فێری پەیڕەوەکانی دەکات، بەوتەی ئێزدییەکان، خودا لە دەستپێکی ساڵی نوێدا کە یەکەمین رۆژی چوارشەممەی ساڵە چاوپێکەوتنی دەبێت لەگەڵ ئێزدییەکاندا و هەواڵەکانی ساڵی داهاتوویان بۆ دەگێڕێتەوە و لەگەڵ شۆنکەوتووانی خۆی حیسابی ساڵانەی پاکتاو دەکات. بە بڕوای ئەوان، ئەو کێوەی لالشی لەسەر دروستبووە، یەکەمین شوێنی نیشتەجێبوونی خودا بووە و خودا دوای ئەوە بۆ ماوەی سێ هەزار ساڵ لەناو یەک کەشتیدا لەسەر دەریا گەڕاوە.
لە کەرنەڤاڵە ئاینییەکانی لالش-یشدا راو و گرتنی گای بەرەڵڵا وەک گەمەیەک بەڕێوەدەچێت و پاش گرتنیشی دەکرێتە قوربانی و دواتریش پێش ئەوەی گۆشتەکەی بەسەر ئامادەبووەکاندا دابەشبکرێت، گۆشتەکەی بەدەوری نزرگەی شەمسەدین-دا دەگێڕدرێت. 
جێگەی داخە کە هەردەم دەسەڵاتە سەردەستەکان، هەوڵی شێواندنی مێژوو و کەلتوری دێرینی ئێزدییەکانیان داوە و بە ئاڕاستەی چەواشەکردنی راستیەکاندا هەنگاویان ناوە و هەر بۆ نموونە بنەچەی ئێزدییەکانیان بردۆتەوە بۆ «یەزیدی کوڕی معاوییە» بەمەبەستی هەڵخەڵەتاندنیان و کەم تا زۆریش لەمەدا سەرکەوتوو بوون، جا هەر لەوەش گەڕێن کە بەزۆرەملێ دشداشەیان پێ لەبەرکردوون، یان وایان لێکردوون منداڵەکانیان ناوبنێن «یەزید»
بەڕاستی ئەمە تاوانێکی زۆر گەورەیە پێکهاتەیەکی ئایینی و ئەتنیکی رەسەن و خاوەن کەلتوری وەک ئێزدی بخرێتە ژێر گومانەوە و لەژێر گوشاری سیستماتیکدا ئێزدییەکان لە ریشەوە تێک بشکێنن و نکوڵی لە پێناسە و مێژوو و حەقیقەتیان بکرێت و بەهەموو شێوەیەکیش هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەیان بدرێت وەک ئەوەی لەو چەند ساڵەی دواییدا رێکخراوی تیرۆریستی ـ تەکفیری «داعش» کردی.

سەرچاوەکان:
ـ
کتێبی ئێزدییەکان و رەگەزی پەیدابوون/ بەرهەمی دکتۆر میھرداد. ر. ئێزدی، مامۆستای مێژوو و زمانە خۆرهەڵاتییەکانی زانکۆی هارڤارد ـ ئەمریکا.
ـ ئینسکلۆپیدیای ئێزدییەکان ـ بەشی مێژوو و رەگەز و بنەچەی پەیدابوونی ئایینی ئێزدییەکان.
ـ ئێزدییەت لە کۆن و نوێدا» / ئیسماعیل بەگی چۆل -1934، چاپخانەی ئەمریکی-بەیروت.

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان