رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە زاری بەرپرسانی ئەمریكاوە بڵاویكردۆتەوە: روسیا هەڵەیەكی ستراتیژیی گەورەی كرد بە هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا، كە بووە هۆی ئەوەی هەریەك لە سوید و فنلەندا خۆیان بۆ بەئەندامبوون لە پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ئامادە بكەن.
رۆژنامەكە ئاشكرایكردووە: لەمیانی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سوید و فنلەندا كە هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو، مەسەلەی بەئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتەی ئەسكەندەنافیا تاوتوێكراوە.
روونیشیكردۆتەوە: چاوەڕوان دەكرێت، مانگی حوزەیرانی داهاتوو فنلەندا داواكاریی بەئەندامبوون لە ناتۆ پێشكەش بكات، پاشان سویدیش هەمان هەنگاو بنێت.
مانگی رابردوو، سانا مارین سەرۆك وەزیرانی فنلەندا رایگەیاندبوو، كە دوای ئەوەی حكومەت و پەرلەمانی وڵاتەكەی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی بەئەندامبوونی فنلەندایان هەڵسەنگاند، وڵاتەكەی بڕیاری داوە ببێتە ئەندامی ناتۆ. وتیشی: بەئەندامبوون یان بەئەندامنەبوون لە ناتۆ، دوو ئەگەرن و ئەنجامیان هەیە، ئێمە پێویستمان بە هەڵسەنگاندنی شوێنەوارە كورت و درێژمەوداكانی هەیە و پێویستە ئامانجێكمان هەبێت، ئەویش گەرەنتیی سەقامگیریی فنلەندا و فنلەندییەكانە لە هەموو بارەكاندا.
لای خۆشیانەوە، بەرپرسانی سوید رایانگەیاندووە، كە ئەوان لە بڕیارداندا سەربەخۆن و روسیا هیچ مافێكی بەسەر وڵاتەكەیانەوە نییە.
سەرچاوە/ ئاژانسەكان