ئایا مەكیاڤیللی كەسێكی ئاكارگەرا بوو؟

10:35 - 2023-01-24
ڕاپۆرت
359 جار خوێندراوەتەوە
#مەکیاڤیللی

حازم الصاغیة‌

و: موعتەسەم محەمەد

بۆ ماوەیەكی زۆر دەستەواژەی «ئامانجەكان پاساو دەدەن بە بەكارهێنانی ئامڕازەكان»، وەك ئاماژەیەك بۆ سیاسەتێكی هەلپەرستانەی دوور لە ئاكار لەگەڵ ناوی فەیلەسوفی ئیتالی مەکیاڤیللیدا هاوتا كرابوو. ئەو هاوتاكردنە بەری بە هەندێك نەگرت كە وەڵامەكەیان بەڵێ بێت و بڵێن: بەڵێ كەسێكی مۆڕاڵ (ئاكارگەرا) بووە. مەبەستەكەش ئەوە بووە، كە خزمەتی پێشكەوتن و ناوەندگەرایی مرۆڤی كردووە، كە سەردەمەكەی، سەردەمی رێنیسانس ئەوەی دەویست، چونكە ئەو پیاوە، كە دامەزراندنی «زانستی سیاسەت»ی دەخرێتەپاڵ، بەتایبەتی كتێبەكەی «میر»، كە بەرنامەیەكی بۆ فەرمانڕەوایی پێشكەش كرد، پشتی بە فەلسەفەی سروشتی مرۆیی بەستبوو. 
مەکیاڤیللی ئاكارگەرایی سیاسەتی لە ئاكارگەرایی ئایینی و میتافیزیكی جیاكردەوە، ئەو باوەڕی بە كۆت و بەندێك نەبوو كە پێوەرە غەیبیەكان دەیسەپێنن. لەبەرئەوەی هیچ چاكەخوازییەكی رەها یان باڵا نییە «Summum Bonum» لە مرۆڤ لە پێشتر بێت. ئەوەی لای ئەو گرنگ بووە، گەیشتن بووە بە ئامانج، نیازەكانیش بە كارەكان و دەرەنجامی كارەكان دەپێورێن.

ئیتالیای سەدەی16
ئیتالیاكەی ئەو، ئیتالیای سەدەی (16) بووە، پێكهاتبوو لە كۆمەڵە دەوڵەتۆكەیەكی سەربەخۆ و بەزۆریش ناكۆك بوون لەنێوان خۆیاندا، رووبەڕووی دەستدرێژی فەرەنسی و ئیسپانیەكانیش دەبوونەوە. لەبەرئەوەی لاوازییەكەیان هیچ شكۆیەكی بۆ نەهێشبوونەوە، پێویستیشە میر «فەرمانڕەوا» یەكیان بخاتەوە. هەركەسێك فەرمانڕەوایی دەوڵەتی شاری فلۆرەنسا بكات، پێویستە هێرش بەرێتە سەر شارێكی دیكە و بەو شێوەیە بەردەوام بێت هەتا هەموو شارەكان یەك دەخاتەوە و سەرلەنوێ ئیمپراتۆریەتی رۆمانی زیندوو دەكاتەوە. بۆ یەكخستنەوەی ئیتالیا و رزگاركردنی لە «بەربەرەكان»، كتێبەكەی بە بانگهێشتێك كۆتایی پێهێنا بۆ فەرمانڕەواكانی فلۆرەنسا لە خێزانی «Medici» كە ماوەیەكی زۆر فەرمانڕەوای فلۆرەنسا بوون.
ئەوەی لەلای ئەو زۆر پێویست بوو، لادانی كڵێسای كۆن و چەمكە ئاكارییە ئامادەكراوەكان بوو، بۆ چاكەخوازی «فەزیلەت» و خراپەكاری، ئەوەش لەبەرئەوەی مەسیحیەت دەوڵەت لاواز دەكات و سیستمی «پاپا»ییش بەو دەسەڵات و گەندەڵییەی ئەو رۆژەوە، هۆكاری سەرەكی بێدەسەڵاتی ئیتالیا و لێكترازانی بوو.

شكۆداركردن و پاراستنی دەسەڵات
ئەوانەی هەموو ئاكارگەراییەكیان لە مەکیاڤیللیدا رەتدەكردەوە، پێیان وابوو، كە فەلسەفەكەی لە پێناو شكۆداركردن و پاراستنی دەسەڵاتە، دەیەوێت هەركاتێك پێویستی كرد دڵڕەقیی و فێڵبازی بڵند بكاتەوە بۆ ئاستی پڕەنسیپ. پێییان وابوو هەموو بەهاكانی سەروژێر كردووە، ناوەڕۆكێكی ئامڕازیی و ئەركگەرایی بە هەڵسەنگاندنەكەی دەبەخشێت: ئەوەی گومانمان دەكرد چاكە بێت، رەنگە بگۆڕێت بۆ خراپە و بەپێچەوانەشەوە. دۆخەكە خۆی بڕیار دەدات چی بكرێت، «میر» پێیوایە ترساندن چاكترین چەكی فەرمانڕەوایە، كارێكی باشیشە ئەگەر میر لەلای خەڵك خۆشەویست بێت، بەڵام ترساندن ئەو ئامڕازەیە كە دەبێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ پاراستنی میرنشینەكەی (ئیمارەتەكەی). ئەگەر بژرادەش لەنێوان ترساندن و خۆشەویستیدا قەتیس كرا، ئەوكاتە بژاردەی یەكەم چاكترە. هەرچی درۆ و بێوەفاییشە، هەركات سوودی هەبوو كارێكی ستایش كراوە.

ترس و فەرمانڕەوایی
سیاسەتمەداری نموونەیی ئەو «سیزار بۆرجیا ـ Csar de Borja» بوو، كە سەربازێكی بەكرێگیراو و كوڕی ناشەرعی «پاپا ئەلكسەندەر»ی شەشەم بوو. ئەمە برا گەورەكەی خۆی كوشت، كە باوكی هەڵیبژاردبوو بۆ كاری سیاسەت، جارێك یاریدەدەرەكەی دەنێرێت بۆ سەپاندنی دەسەڵات بەسەر ناوچەیەكی یاخی بوودا، دوای ئەوەی یاریدەدەرەكەی هاندەدات خەڵكی ناوچەكە بتۆقێنن بۆ ئەوەی خۆیان بدەن بەدەستەوە، لە دوای جێبەجێکردنی كارەكە، لاشەی نێردەكەی خۆی لەتوپەت دەكات. بەو شێوەیە خەڵكەكە دووجار دەترسێنێت، بەڵام رق و توڕەیی خەڵكەكە چیتر بە ئاڕاستەی بۆرجیا نەبوو، بەڵكو بە ئاڕاستەی نێردەكەی بوو، كە فەرمانەكانی جێبەجێكرد و پاشان بەتەنها سزادرا. 
گرنگ ئەوەیە ترس هەبێت لە فەرمانڕەوا بەبێ ئەوەی رقی لێ هەڵبگیرێت، لەبەرئەوەی ئەگەر رق لە فەرمانڕوا هەڵگیرا، مەترسی رووخاندنی دەكەوێتە سەر. بۆرجیا كە بە دڵڕەق و فێڵباز ناسرا، دەسەڵاتی بۆ خۆی و ئارامی و گەشەكردنیشی بۆ ژێردەستەكانی مسۆگەر كرد. كەواتە لە نەریتی مەکیاڤیللیدا فەرمانڕەوایەكی چاكە.

سروشتی مرۆیی
بە گونجاو زانینی ئەم شێوازە لە فەرمانڕەوایی، هۆكارەكەی ئەوەیە، كە ئێمە لە جەنگەڵ و گەردوونێكی ناشیرین و بێ ئاكاردا دەژین. ئەو ویستی لەوەمان رزگار بكات، كە بە منداڵانە و هەستكردن بە تاوانی دەزانێت لە بەرامبەر ئەم جیهانەدا. ئەو هەستانە هیچ پاساوێكیان نییە، چونكە خودی سروشتی مرۆیی خراپ و گۆڕاوە واتا ناجێگیرە، رێك وەك سروشت كە تیایدا بەهێزەكان بێهێزەكان دەخۆن. ئەگەر دەركەوتنمان لەبەر چەند هۆكارێكی كرداریی و بە دیمەنی كەسێكی خودا پەرست و سك هەڵگوشیو پێویست بێت، ئەوە كێشەیەك نییە، بەو مەرجەی لە ناخەوە بەو شێوەیە نەبین.
لەبەرئەوەی مەکیاڤیللی باسی ژیانی وەك خۆی كرد، نەك وەك ئەوەی خەیاڵ دەكەین چۆن بێت، لەبەرئەوەش كە خەڵك زۆرینەیان خراپن، بەڵكو دڕندەن، پێویست بوو بەهاكان لەگەڵ ئەو واقیعەدا بگونجێندرێت، نەك بە موجەرەدیی و رەهایی لێی بڕوانرێت. چونكە وەك خودی خۆی گرنگ نییە، بەڵكو گرنگیەكەی بە كاردانەوەكانیەتی لەسەر دەسەڵات و پڕۆژە سیاسیەكەی.

بەخشندەیی چاكترە لە پیسكەیی
راستە بەخشندەیی چاكترە لە پیسكەیی، بەڵام ئەگەر بەخشندەیی فەرمانڕەوا بوو بە هۆكاری بارگرانی لەسەر خەڵك لە رێگەی باجەوە، رەنگیشە لەدواییدا نەویستراو و ناشیرین بێت و بڕووخێنرێت، ئەوكاتە ئەو پیسكەییەی كە دەیبەخشێت لە سەپاندنی باج، دەبێت بە بەخشندەیی. لویسی 12 بە پیسكەیی تۆمەتبار دەكرا، بەڵام هەموو جەنگەكانی كرد بەبێ ئەوەی باج بسەپێنێت، ئەوەش بۆی بوو بە بەخشندەیی. جێبەجێكردنی بەڵێنەكان لە بەڵێن شكێنی چاكترە، بەڵام هەندێك بارودۆخ بەڵێن شكێنیت بەسەردا دەسەپێنێت، «پاپا ئەلكسەندەر»ی شەشەم بەڵێنەكانی جێبەجێ نەدەكرد و زۆر سەركەوتووش بوو لە كارەكەیدا. 
لەڕووی پڕەنسیپەوە بەزەیی چاكترە لە دڕندەیی، بەڵام فلۆرەنسییەكان كاتێك رەتیان كردەوە دەستوەردان بكەن لە «بیسۆیا»ی دراوسێیاندا بۆ سەركوتكردنی راپەڕینەكەیان، لە پەرۆشییانەوە بۆ ئەوەی وەك خەڵكێكی بە بەزەیی دەربكەون، دەرەنجامەكەی ئەوەبوو كە شارەكەیان وێرانكرا. كەواتە دڕندەیی لەو دۆخانەدا لە بەزەیی بە بەزەییترە. 

چاكەكاریی و خراپەكاری
لە كۆتاییشدا چاكەكاری لە خراپەكاری باشترە، بەڵام فەرمانڕەوا دەبێت هەر كاتێك پێویست بوو بزانێت چۆن خراپەكاری دەكات. ئەو كاتەش كە ئەو كارە دەكات، پێویستە سەركەوتوو بێت لەوەدا كە خۆی وەك كەسێكی بەسۆز و راستگۆ و نەرموونیان پیشان بدات، بە شێوەیەك ئەو كەسانە پێی بخەڵەتێن كە تەنها دەكەونە ژێر كاریگەری شێوە و دەرەنجامەوە. هەروەها دەبێت لە بڕیاردان و جێبەجێكردنی بڕیاردا یەكلاكەرەوە دەربكەوێت و خۆی لابدات لەوانەی ستایشی دەسەڵاتداران دەكەن، لەو كاتەدا كە بارودۆخ هێمن دەردەكەوێت دەبێت خۆی بۆ روبەڕوبوونەوەی تەنگژەكان ئامادە بكات و دۆخەكە بۆ چارەنووس بەجێنەهێڵێت.

رێوی و شێر
فەرمانڕەوای باش لە دوو دڕندەوە فێر دەبێت، رێوی و شێر. لە یەكەمیانەوە فێری دۆزینەوەی تەڵەكان و بەكارهێنانی زیرەكییەكەی دەبێت بۆ مانەوەی خۆی، لە دووەمیشیانەوە فێری ئازایەتی شەڕكردن و بەكارهێنانی هێزەكەیی و ترساندنی رێوییەكان دەبێت. هەرچی ئەوانەشە كە تەنها و بەردەوام وەك شێر دەجووڵێنەوە، ئەوانە «گەمژەن».
راستە كتێبەكەی مەکیاڤیللی تیۆری سیاسی لە هەواڵەكردن بۆ دیسپلینی میتافیزیكی راگرت، جا ئەو دیسپلینە لە «شێوە چاكەكاریەكەی ئەفلاتون» بێت یان بەپێی ئاینی مەسیحی بێت. پاڵنەری ئەو بۆچوونەش لاوازی متمانەكردنی بوو بە مرۆڤایەتی، رەفتارەكانی ئێمەی ئازادكرد لەوەی ملكەچی ئەو جۆرە لە دەسەڵات ببین. بەڵام بە قانع بوونی بەو كردارەی هەموو پێوەرەكانی ئاكاری بۆ پێوانەكردن هەڵوەشاندەوە، لەجیاتی ئەوەی ئەفلاتونیزم و مەسیحیەت تێپەڕێنێت، هەڵگەڕایەوە بۆ هەڵوێستی سۆفیزم (Sophism)، كە لەلای ئەوان ئامانج دەسەڵات و جێبەجێكردنی حەزە مرۆییەكانە. لەبەرئەوە ئەو ئاینەی بەدڵی مەکیاڤیللی بوو، ئاینی بت پەرستی رۆمانی بوو، چونكە خزمەتی بە دەوڵەت و سوپاكەی دەكرد، ئەو رۆمای كۆن و مێژووەكەی خۆش دەویست، چونكە لەو جۆرە سەركردانەی زۆر بوو. بۆیە «چاكەخوازی ـ فەزیلەت» یان ئەوەی «لەزمانی ئیتالیدا پێی دەڵێن Virtu، كە زۆر لە چاكەخوازی فروانترە لە زمانەكانی دیكەدا، لەبەرئەوەی دادوەریی و بەزەیی و بەخشندەیی و گەیشتن بە شكۆمەندی» كە ئەوەیش لە پاڵەوانی ئەفسانەییدا جێنشین دەبێت و جگە لە سەركەوتن هیچ شتێكی دیكە نایانجوڵێنێت.

دەرەنجام
بەمەش مەکیاڤیللی لە سیستمی كۆنی كۆبوونەوەوە گواستینیەوە بۆ سروشتی رووت و بەشێوەیەك مامەڵەی لەگەڵ كردین، وەك ئەوەی بەدەر لە هەموو منێكی باڵا تەنها بە ئارەزووەكانمانەوە (غەریزەكانمان) پەیوەست بین.ئەمەش بەگشتی، پێناسەیەكی دانایانە بۆ سەركوتكردن و كتێبەكەی كرد بە هاوڕێی هەمیشەیی هیتلەر و ستالین.

سەرچاوە: رۆژنامەی الشرق الاوسط، ژمارە161116، پێنج شەممە،12/1/2023 

بابەتە پەیوەندیدارەکان