داستانی سەری رەش

10:31 - 2023-01-31
دووتوێ
413 جار خوێندراوەتەوە
#کۆسرەت رەسوڵ عەلی

بەكر مستەفا : ساڵی 1987 مەڵبەندی 3 ی هەولێر كە یەكێك بوو لە مەڵبەندە بەهێز و كاریگەرەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سەرتاسەری كوردستان، كاك كۆسرەت رەسوڵ عەلی-ی لێپرسراوی ئەو مەڵبەندە بوو، تیپە كاریگەرەكانی پێكهاتبوون لە تیپی 86 ی دەشتی هەولێر كە شەهید رێباز سەرتیپی بوو، 87 ی قەرەچوخ مام غەفور سەرتیپی بوو، 85 ی بەڕانەتی كە شەهید تەحسین كاوانی سەرتیپی بوو ، تیپی 90 جەنگی فەقێیانی سەرتیپی بوو كە هەم باواجی بوو هەمیش تیپی مەڵبەند بوو بەشێوەیەك وەكو پاسەوانی تیپی مەڵبەند بارەگاكەیان لە كرۆژ بوو نزیك بارەگای مەڵبەند بوو لە سماقووڵی، تیپی 91 ی سەفین كە كاك سەفین مەلا قەرە  سەرتیپی بوو ، تیپی 93 ی كۆیەش من سەرتیپی بووم ، كە ئەو تیپانە تیپی كاریگەر بوون و پێشمەرگەی باش و خۆنەویستیان هەبوو.

 كاك كۆسرەتیش وەك لێپرسراوی مەڵبەندەکە، شارەزای تیپەكان و شارەزای بارودۆخەكە ببوو و دەستی بەجموجۆڵ كرد،  پیاوێك بوو هەم خۆی بە جووڵە بوو هەم جووڵێنەریش بوو.
ساڵی 1987 بووە ساڵی چالاكی و دەستكەوتی زۆر و ناو و دەنگی زۆر بۆ مەڵبەندی 3 بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەهەموو روویەكەوە، چەند چالاكییەك و چەند داستانی گەورە تۆمار كران كە هێزی پێشمەرگە و مەڵبەندی 3 ئەوەندە بەورە بەرزییەوە هاتنە مەیدان، بۆیە بیر لە چالاکیی چۆنایەتی گەورەتر كرایەوە كە لەهەموو جیهاندا دەنگ بداتەوە، لەبەرئەوەی سەدام حسێن ئەوكاتە كەسێكی زۆر ناودار بوو لەناو سەركردەكانی عەرەب و بگرە لە هەموو جیهاندا، هەروەها سوپایەكی زۆر بەهێزی هەبوو كە ئەگەر شتێك هەڕەشەی لەو سوپایە بکردایە، لە میدیاکانی جیهانەوە باس دەكرا. ئێمەش بەگشتی وەكو كوردو وەكو یەكێتی زۆرمان مەراق بوو کە لە هەواڵەكانی جیهان و بەتایبەتی میدیاکانی وڵاتانی عەرەبییەوە باس بكرێین ، 
دیارە چالاكییەكانی تر ئەوەندە لە میدیا جیهانی و عەرەبییەکانەوە باس نەدەكرا، لای ئێمە گرنگ بوو دەستكەوتی زۆری تێدابوو، بەڵام دەنگی نەدەدایەوە وەكو پێویست.
 كاك كۆسرەت بیری لەوە كردبۆوە کە ئەگەر کۆشکە هاوینەکەی سەدام حسێن كە لە سەری رەش بوو و لە سێ كۆشكی جیاجیا پێکهاتبوو بگیرێت ئەوا لە هەموو میدیاکانەوە باس دەکرێت و دەنگ دەداتەوە، بۆیە دەستی كرد بە هەوڵدان تا رێگایەك ببینێتەوە بۆئەوەی بتوانین لەسەری رەش شتێك بكەین، بۆ ئەوەش لە رێگای رێكخستنەكان و پەیوەندییەكانی خۆییەوە توانی پەیوەندیی دروست بكات و هەندێك كەسی هاندا كە چەك هەڵبگرن كە خەڵكی مەسیف و دەوروبەری بوون و پەیوەندیشیان لەگەڵ یەكێتی و كاك كۆسرەت و مەڵبەندیش هەبێت، یەكیك لەوانە شەهید نامیق بوو كە خەڵكی كۆڕێ بوو، كوڕێكی زۆر جەسوور و چاونەترس و ئازا بوو، هەروەك كوڕێكی زیرەكیش بوو، بە ئیزن و ئاگاداریی مەڵبەند و كاك كۆسرەت ئەو چەكی هەڵگرت و بووە بە ئامر سریە لەوێ، دیارە سێ رەبیەیان لە سەری رەش رادەستی نامیق كرد كە خەڵكی ناوچەكەیە و چەكدارەكانی ئەو هەموو خەڵكی ناوچەكەن و ئازاو شارەزا بوون كە ئەو سێ رەبیەیە بووە جێپێیەكی زۆر بەهێز بۆ ئەوەی ئەگەر ئێمە بمانەوێت سەری رەش بگرین، ئەو هاوكاریمان بكات بە بەردەوامیش لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ كاك كۆسرەت و مەڵبەند تا وایلێهات نامیق بە ئازایی و جەسووریی و زیرەكی خۆی، چەندین ئامر كەرت و ئامر مەفرەزەی یەكێتی بردە ناو رەبایەكانی خۆی و چەندین رۆژیش مانەوە كە من نازانم چەند رۆژ بوو، كە برادەرەكان هەندێكیان ماون و هەندێكی تریان كۆچی دواییان كردووە یان شەهید بوون ، بەڵام هەندێكیان هەر ماون كە حەزناكەم ناویان بێنم نەبادا ناوی هەندێكیان بێنم و  هەندێكیانم لەبیربچێت، بەڵام ئەوە ماون و ئەگەر پێویست بكات، دەتوانین ناویشیان بهێنین.
هەڵەی عەدە د جیهازەكە و بەفرە زۆرەكە
هەڤاڵ بەكر مستەفا، لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا لەبارەی ئەو داستانەی سەری رەشەوە، دەڵێت: ئەوان چوونە رەبیەكان و بوونە چەكداری ئەو، دەسووڕانەوە و دەڕۆیشتن و دەچوونە مەسیف و بەچاکیش واجبیان دەبینی، بەڵام بەچاكیش دیقەتیان دەداو شارەزا بوون كە واجباتی پاسەوانانی کۆشکەکە لەكوێ هەیە و خاڵی پاسەوانییەكانی ئەوێ لە كوێیەو خاڵی لاوازی هێزەکانی رژێم لەكوێدایە و رێی و جێیەكان لە كوێیە و هەموو شتێك شارەزا ببوون، ئیتر  پەیوەندیان كرد و هاتنەوە بۆ مەڵبەند بۆئەوەی هێز كۆبكەینەوە و بچین سەری رەش بگرین، لەناكاو كاك كۆسرەت بروسكەیەكی كرد، دیارە تیپی 90 و 85 و 91 لە مەڵبەند نزیك بوون، پەیوەندی پێیوەكردن و ئاسان بوو لە رێگای مەڵبەند كە لە سماقوڵی و سەروچاوە بوون، بەڵام تیپی 86ی دەشتی هەولێر و تیپی 87 ی قەرەچوخ و تیپی 93 ی كۆیە كە ئێمە بووین دوور بووین لە دۆڵی سماقووڵی و لە مەڵبەند، بۆیە بروسكەی بۆ كردین كە من بیرم ماوە لەوانەیە دەستوخەتەكەی نەزانم، بەڵام بیرم ماوە بروسكەكە بۆ كاك رێباز و مام غەفور و مامۆستا بەكر هەر یەكێکتان 150 پێشمەرگە بێنن و وەرنە مەڵبەند.
 كە بروسكەكەم خوێندەوە زانیم چالاكییەكی گەورە هەیە بۆیە داوای 150 پێشمەرگە و سەرتیپەكانیش دەكات، حەتمەن هەر فەرماندەیەک هەوڵدەدات پێشمەرگە باش و ئازاكان و هێزە باشەكەی خۆی لەگەڵ خۆیدا ببات، بۆیە من 150 پێشمەرگەی چاكم هەڵبژارد كە ئامر كەرت و ئامر مەفرەزە و ئەوانەی زیاتر شارەزا بوون، بەڕێكەوتین بۆ مەڵبەند و بۆ رۆژی دواتر گەیشتینە سماقووڵی -گرتك، لەوێ هێزەكەم جێگیر كرد و دابەشبوون بەسەر ماڵەكاندا و خۆم چوومە سماقووڵی و سەروچاوە بۆ ماڵی كاك كۆسرەت و بارەگاکەی كە هەمووی بەیەكەوە بوون لەناو ئاوەگرد، ئەوەندەی پێنەچوو بۆ عەسرەكەی مام غەفوور و كاك رێبازیش هاتن كە ئەوان هاتن یەكی 15 پێشمەرگەیان لەگەڵدا بوو، تومەز نازانم شەهید رێباز ئەوە شەهید بووە، بەڵام مام غەفور ماوە عەدەد جیهازەكانی ئەوان یان ئەو عەدەد جیهازەکەی كاك كۆسرەت بروسكەكەی بەهەڵە بۆ كردبوون، سفرێك لاچووبوو لەجیاتی ئەوەی بڵێ خۆتان و 150 پێشمەرگە وەرن، نووسرابوو خۆتان و 15 پێشمەرگە وەرن ، بۆیە شەهید رێباز و مام غەفور یەكی 15 پێشمەرگەیان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو، هاتن لەبیرمە كاك كۆسرەت لێی پرسین هێزەكەتان هێناوە؟ ئەوانیش وتیان وەڵا هێز ئەوەتا لەگەڵمانە، ئەویش وتی: چۆن چیتان لەگەڵە وتیان جەنابت وتوتە یەكی 15 پێشمەرگە بێنن لە وەڵامدا وتی 15 پێشمەرگەی چی من داوای 150 پێشمەرگەم كردووە، ئەوانیش وتیان عەدەد جیهازەكە وای بەئێمە وت ئەویش وتی: دەبێ بەپەلە بچن هێز بهێنن.
پشووەكەی ماڵی كاك كۆسرەت
ئێ چوون و هێز هێنان لەدەشتی هەولێر هەر خۆی پەڕینەوەی جادە و هاتنەوەكەی دوو شەوی دەوێت بۆ ئەوەی شەوی یەكەم بچیت بپەڕیتەوە و شەوی دووەمیش كە هێزەكەت كۆكردەوە بێی بەشەو بپەڕیتەوە ئەوان ناچار كەوتنە پەلەقاژەی ئەوەی بچن هێز بێنن، رۆیشتن لەماوەی ئەو دوو شەوە هاتنەوە، بەڵام كاتێك هاتنەوە ئەو شەوەی ئەوان گەیشتنەوە، بەفرێكی ئێجگار زۆر باری، چونكە مێژووەكەی مانگی یەك بوو كە لە 24 و 25 ی 1 ی 1988 بوو، هاتنەوە بەڵام بەفرەكە بواری هیچی نەدەدا، لە ماڵی كاك كۆسرەت مانەوە كە مەبەستم ئەو هەڵە هونەرییەی ئەو جیهازە نەبوایە ئێمە ئەو رۆژەی كە دەچووین سەری رەش بگرین، هێشتا بەفر نەكەوتبوو هیچی وا نەبوو، تەنیا سەرما بوو، جاروبار كڕێوەیەك یا بەفرێك دەبوو، بەڵام نەباریبوو، كە لەوانەیە زۆر بەئاسانی دەمانگرت و دەستكەوتی زیاترمان دەبوو و كاریگەرتریش دەبوو، بەڵام ئەو هەڵە هونەرییەی جیهازەكان ئەو شتەی دروستكرد، بۆیە ماینەوە.
سەرتیپەكانی تری ئەوێش هاتن، بۆ نمونە كاك سەفینیش هات شەهید تەحسینیش هات لەوێ لە ماڵی كاك كۆسرەت بووین، شەو و رۆژ تەماشامان دەكرد بەفر رێگەی نەدەدا ناچار دەبووین هەر تەماشا بكەین و بیربكەینەوە و چی بكەین كە كارەكان هەمووی دابەشكرابوون هەر لەڕۆژی یەكەمدا كوێ دەگرین یا كێ كوێ ناگرێت، هەمووی كاك كۆسرەت لەلای روون بوو، چونكە ئەو كۆمەڵە برادەرەی كە ناردبووە سەری رەش لەگەڵ نامیق، هەموو جێگا و رێگاكان شارەزا بوون، هەمووی جوان وەكو خۆی دابەشكردبوو، من ناچمە ناو ئەوەی بەدرێژی باسی ئەوە بكەم كێ بۆ كوێ دانراو كوێ بۆ كوێ دانەنرا، چونكە زۆری بەسەردا چووە، لەوانەیە هەڵە بكەم، بەڵام هەمووی بێ ئەرك نەبوون، ئەو پێنج شەش تیپە هەر تیپێكی ئەركی خۆی هەبوو، وابزانم چوار رۆژی برد لە ماڵی كاك كۆسرەت و لە بارەگای ئەو بووین، كاك كۆسرەت پیاوێكی بەخشندە و چاوتێر و بە موجامەلەیە، بۆیە شەو و رۆژ باسی هێرشەكەمان دەكرد، كە چۆنی دەكەین و چی ناكەین، بەڵام باقیەكەی تریش ئەوەندە خواردنی باشی دەداینێ، ئێواران گۆشت و قەل و ئەو شتانەی پەیدا دەكرد لەو گوندانە. كاك كۆسرەت پەیوەندیی فراوان بوو، خەڵك زۆر خۆشیاندەویست و دۆستی زۆر بوو، هەنگوین و گوێزیان بۆ دەهێنا،  ئەویش ئەوەندەی دەرخواردی ئێمە دابوو كە وایكردبوو خۆمان بیربچێت كە پشوویەك بوو بۆ خۆمان دادەنیشتین شەو  و رۆژ ئەوە تەماشای دەرەوەمان دەكرد، پاشان ئەو خۆی زوو زوو دەچووە دەرەوە هیچ بوار نەبوو، ئەگەر ببوایە رۆژیش هەر وەكو شەو بوو هەر بەفر دەباری.
نوكتەكەی مام غەفور
ئەگەر هەڵە نەبم وابزانم رۆژی چوارەم بوو كە لەوێ بووین، بەڵام دەكاتە رۆژی 27 لەسەر 28 كە بەفر نەبوو دونیا روون بوو، هیچ نەدەباری، هاتینە دەرەوە كاك كۆسرەت وتی: وەڵڵا با دەستپێبكەین كە سبەینێ‌ زوو بوو، وتی بابچین ! تەماشای یەكتریمان كرد ئەگەر بڵێم لە هەموومان كەسمان نەچووە ئەقڵمانەوە، چونكە بەفرەكە زۆر بوو، چوار رۆژ بوو لەسەر یەك بەفر دەباری، بەڵام ئەو ئەوەندە مەراقی بوو ئیشەكانی خۆی رێكخستبوو، مەزبووت بوو، هەروەها رێزیشمان دەگرت كەسمان نەمانوت نەخێر، ئەوەبوو رۆیشتین بەپێ بەڕێكەوتین لە سماقووڵی و سەروچاوە بۆ سولاوك، هەر چۆنێک بڕۆیت چوار سەعات رێگایە بەناو ئەو بەفرەدا دەڕۆیشتین زۆر هیلاك ببوین هەر كەسیش فەرمانی بە هێزەكەی خۆی كردبوو كە بێتە ئەوێ، بەڵام ئێمە ئەو كۆمەڵەیەی سەرتیپەكان و مەفرەزەكانی كە لەگەڵ خۆمان بوون، لەوانەیە لەگەڵ ئەوەی كاك كۆسرەتدا 80 بۆ 90 بۆ 100 كەسێك دەبووین ئەوە بەیەكەوە دەڕۆیشتین، تیپەكانیش پێمان وتبوون جووڵە بكەن و هێزەكان بێنن، هەمووی لەوێ یەكبگرینەوە، رۆیشتین زۆر هیلاك بووین لەڕێگا، چونكە وەكو وتم چوار سەعات رێگا دەبێت، لەبیرمە وەكو نوكتە ئەوە زۆر جاران بە هەڵە دەیگێڕنەوە، بەڵام من زۆر بەوردی لەبیرمە مام غەفور لە تەنیشت یەك و بەنزیك لەیەك لەناو بەفرەکەدا دەڕۆیشتین كە شڵپ و هۆڕی بەفر بوو هات خۆی لەتەنیشتی من داو وتی: وەڵاهی ئەو پیاوە ئەوەندەی هەنگوین و گوێز و گۆشت داینێ مرۆڤ لەڕووی نایەت، دەنا ئەوە كەی رۆژی گرتنی سەری رەشە، ئەوەبوو یەكێك لە قسەكانی مام غەفور بوو، بەڵام من هەست دەكەم لەملاو لەولا بەجۆری تر دەیگێڕنەوە، خۆتان دەزانن ئەوە چل ساڵێكی بەسەردا رۆیشتووە، بەڵام رێك بەو جۆرە بوو.
كۆشكەكانی سەدام گیران
مامۆستا بەكر مستەفا، لە درێژەی گێڕانەوەكانیدا وتی:  رۆیشتین و گەیشتینە سولاوك، نانی بەیانیمان خواردبوو، ئەو هەموو هێزە لە سولاوك و زیارەت خڕبوونەوە  لەبەر زۆریی پێشمەرگە و کەمیی نان، پێشمەرگە هەبوو شتێكی دەخوارد كە نانی نیوەڕۆی دەكرد، بەڵام لەوانەیە ژمارەیەكی ئێجگار زۆریش نانیان نەخواردبێت و بەبەریان نەکەوتبێت، هەر لەوێ كۆبوونەوەیەكی ترمان كرد و دانیشتین و هەریەكە و چووە سەر كاری خۆی، دواتر بەڕێكەوتین بۆ سەرەوە بۆ سەر سەری رەش كە دەچووینە ئەوێ، كە دوا بەرزایی هیچ هەورازێک  و بەرزاییەکی تر نەدەما لەوێ رەبیەكانی نامیقی لێبوو، لەوێ ماوەیەكی زۆر ماینەوە و هەر بەپێوە پشوویەکمان دا نەوەك بەدانیشتنەوە، ئەوەبوو تا كارەكان رێكخرا هەر كەسە و رۆیشت بۆ كارەكەی خۆی سەعاتی سفر دانرابوو و لەو کاتەدا دەستپێكرا و كۆشكەكانی سەدام دەستیان بەسەرداگیرا  و ئەو ئامانجەی هەمانبوو هەمووی جێبەجێكرا وەكو پێویست، بەڵام شەوێكی زۆر سارد بوو كە بەڕاستی سەخت بوو، لەوانەیە لە هەندێك جێگا مەترێك لە هەندێکی تر 20 تا 30 سانتیمەتر بەفر كەوتبوو ، سەری رەش-یش  لە هەموو ناوچەیەكی هەولێر ساردترە زیاتر بەفر دەیگرێتەوە، دۆخەكەمان وابوو.
 جا من یەك شت دەگێڕمەوە، بۆ نموونە لە گەڕانەوە بۆ لای گازینۆی سەری رەشی گەشتیاری، ئەوانەی كە كاتی خۆی لە ساڵانی هەشتاكان و حەفتاكاندا بینیویانە ئەوێ بارەگای كۆتایی و سەرەكی بوو كە هەمووی كۆگای چەك بوو هەم بارەگا و هەموو شتێك بوو بۆ ئەوێ دەگەڕاینەوە، بڕواتان هەبێت پێشمەرگەکان باسیانکرد و وتیان شێرزاد (پێشمەرگەیەکی خەڵکی سلێمانی بوو لە مەفرەزەكەی من بوو، وتیان مرد! منیش وتم بۆچی مرد؟ وتیان وەڵا رەق بۆوە، وتم بەجێتان هێشت وتیان بەڵێ! پاڵەپەستۆم خستە سەریان و گەڕاینەوە سەری رەش شێرزادمان هەستاندەوە، هەندێك شێلامان و بەڕێمان خست و هاتین و گەیشتینە گازینۆ گەشتیارییەكە كارەكان كرابوون، ئەگەرچی ئەگەر دەستكەوتێكی كەم، دەستكەوت چییە، خۆ كەس ئیشی بە قەنەفە و كەرەستەی ماڵی سەدام نەبوو، كەس هیچی نەهێنابوو كەس ئیشی پێنەبوو ئەگەر لابەلا پێشمەرگەیەك ئامێرێكی تۆماركردن یا رادیۆیەكی هێنابێت، دەنا هیچ كەس كاری پێیان نەبوو، لەوێ كارەبا نەبوو، هەمووی كوژابۆوە كە ئەو هەموو شەڕە و ئەو هەموو ئاربیجییە و ئەو هەموو تەقەكردنە روویدا، هیچ کارەبایەک نەبوو، تاریك بوو لەو گازینۆیە، هەموومان كۆبووینەوە، شەهیدمان زۆر نەبوو بەڕادەی ئەو شەڕە گەورەیە، ئەگەرچی پیاوی زۆر قارەمانمان شەهیدببوو، بۆ نموونە لە هێزەكەی من فەرماندەی كەرتێكمان بەناوی فەخرەدین شەهید بوو،  بەڕاستی كوڕێكی قارەمان بوو، پێشتر لە سكرتاریەتی مام جەلال بوو، خەڵكی كۆیە بوو هاتبووە لای ئێمە یەكێك بوو لەكوڕە زیرەك و ئازا و باشەكان، بەڵام ئەو شەوە شەش كەسمان لەناو بەفردا رەقبوونەوە، لاتان سەیر نەبێت كە دەڵێم رەقبوونەوە، یەكێک لەبرساندا، دووان لە سەرمادا بەوجۆرە من لەسەر تەرمی یەكێكیان وەستابووم لە جێگای خۆی لەناو بەفردا نیوەی جەستەشی بەفر بوو، وەكو ئەوەی خەوی لێكەوتبێت ئاوا بوو، كە رەقبوونەوەكان بەو شێوەیە بوو، بەڵام یەكێک لە هۆكارەكان برسێتی بوو، چونكە نەمانتوانی بوو نانی نیوەڕۆ و ئێوارە بخۆین، بۆمان رێكنەكەوتبوو نان لەگەڵ خۆمان هەڵبگرین، نەمانزانی تووشی ئەو دۆخە خراپە دەبین، وامانزانیبوو ئەگەر بێین ئەو شوێنانە بگرین، لەوانەیە نان و خواردن و كەرەستەی پێویست بەدەستبێنین، كەچی هیچی لێنەبوو، ئەگەر بەبیرم بێت ئێمە نزیكەی 10 بۆ 12 ئێسترمان بردوو، ئیدارە ئەوكات بەهێز و رێكوپێك بوو، بەڵام لەبەرئەوەی شەهید و بریندارەكانیان بردبۆوە، هیچ ئێسترێك لەبەر دەستماندا نەبوو، هاتین بەدیار ئەو مەشجەبەوە وەستاین كە بەرەبەری بەیانی بوو بۆ ئەوەی هێزەكەمان بەڕێبكەین بگەڕێنەوە و شەهید و بریندارەكان بەڕێكران، ئیتر ویستمان بزانین چیبكەین كە مەشجەبێکی گەورەی پڕچەك بوو، لەناو خۆماندا گفتوگۆمان كرد، كاك كۆسرەت و كاك سەفین و شەهید رێباز و من و ئەوانەی بەبیرم بێت لەو تاریكییە کە لەو کاتەدا لەوێ بوون، زۆر لەیەكتریشەوە نزیك بووین و دۆستی یەكتری بووین، تەكبیرمان كرد با وابكەین هەر پێشمەرگەیەك دوو كڵاشینكۆف لەگەڵ خۆیدا ببات كە بۆ ئەوكاتە یەك كڵاشینكۆف زۆر بوو، كە رەبیەیەك دەگیرا یان چالاکییەک دەكرا،   كڵاشینكۆفێك یا دوو دانە دەستکەوت دەبوو، دەبووە دەستكەوتێكی زۆر گرنگ كەچی ئەو هەموو كڵاشینكۆف و ئەو هەموو مەخزەن و سندوقە فیشەكەمان لەبەردەمدا بوو، بۆیە تەكبیرمان لەسەر ئەوە كرد كاك كۆسرەت كە رێچكەیەك هەبوو كە بەبەردەم مەشجەبەکەدا دەڕۆیشت، واكرا كە هەموو پێشمەرگەكان بەوێدا رەت ببن، من و شەهید رێباز چووینە ناو مەشجەبەکە كاك سەفین لە خوار ئێمەوە  بوو، چوو بۆ لای كاك كۆسرەت، من و شەهید رێباز كڵاشینكۆفەكانمان لەناو سندوقەكاندا دەردەهێنا و دەماندایە دەست كاك سەفین و ئەویش دەیدایە دەست كاك كۆسرەت و كاك كۆسرەتیش هەر پێشمەرگەیەك دەهات، دوو كلاشینكۆفی پێ دەداو دەیوت بڕۆ بیبە كە ئەو کارە سەعات زیاتری خایاند، كاتێك پێشمەرگە نەما، هەواڵیان پێداین کە من و شەهید رێباز كە لەناو مەشجەبەکەدا بووین، بەڵام تەماشامان كرد نە كڵاشینكۆف تەواو بووە نە ئەو هەموو مەخزەن و فیشەكەش کە بەسندوق لێیبوو، ئێستاش لە بیرمە، لەگەڵ شەهید رێباز لایتێكم پێبوو كە هەموو كارەكانم بەلایت جێبەجێ دەکرد كە زۆر گرنگ بوو، لایتێکی جۆری بچووكم پێبوو تەماشای یەكمان كرد کە چۆن  ئەو هەموو دەستكەوتە هەیە بەڵام پێشمان ناگوێزرێتەوە و هیچیشمان پێنەدەكرا، بۆیە هاتینە دەرەوە.
لە بیرمە زرێپۆشێكی زۆر تازەو جوانیش لەوێ راگیرابوو نەماندەزانی چی لێبكەین، چونکە رێگا نەبوو پێیدا ببەین،  ویستمان بیسوتێنین، نەشماندەزانی چۆن بیسوتێنین، شەهید مەلا سلێمان دوو ئاربیجی پێوەنا، کەچی نەسووتا بۆیە بەناچاری بەجێمانهێشت   و هاتینە خوارەوە.
 تا هەموو پێشمەرگەكانمان ئیزندا  نزیکەی سەعاتێكمان پێچوو، پێشمەرگەكان هەموویان رۆیشتنەوە بەرەو خوارەوە بۆ لای قیرژە و سەر ئاوەكەی و بۆلای سوسە و زیارەت و ئەو گوندانەی سنوورەکە.
خەریك بوو هەردوو  قاچم  لە دەست بدەم
 ئەو ژمارەیەی كە مابووینەوە كە پەنجا كەسێك بوو لە گازینۆكەوە هاتین بەرەو خوارەوە، رەشەبایەکی بەهێز دەهات بە بارانەوە، چاومان هیچی نەدەبینی و زۆریش کەشوهەواکە سارد بوو، بەڵام كە جووڵەمان كرد و هاتین کەمێک خۆشتر بوو، پاشان شۆڕبووینەوە و ئێمەش گەیشتینە سەر ئاوەكەی نێوان قیرژە و عەلیاوە کە ئێستا دەیانەوێت بیكەن بە بەنداو لەدەربەندی گۆمەسپان، ئاوێكی زۆر بوو، ئاوەكە هەموو کڵۆتە بەفر بوو، ئاوەکە زۆریش بوو، ژمارەیەكی ئێجگار زۆر پێشمەرگە دەستەوەستان وەستابوون، بەڕاستی جێی سەرسوڕمان بوو كە چۆن خۆمان لەو ئاوە بدەین، كاك كۆسرەت وتی: با دەستی یەكتریی بگرین، ئەوەبوو من و كاك كۆسرەت و عەبدوڵڵای جیهاز كە كوڕێكی باڵا بەرز بوو دواتر شەهید بوو، كوڕێكی زۆر ئازاو ژیر بوو، كاك كۆسرەتیش زۆری خۆشدەویست، عەدەد جیهازی خۆی بوو، هەردوو سێیەكمان پێکەوە رۆیشتین، كاك كۆسرەت لەنێوان من و شەهید عەبدوڵڵادا بوو، قۆڵی یەكتریمان گرت و هەر بەجل و بەپێڵاوەوە چووینە ناو ئاوەكەوە، لە نیوەی ئاوەكەدا كاك كۆسرەت پێی خلیسكا و ئێمە بەهەردووكمان بەرزمانكردەوە و چووین و پەڕیینەوە كە پەڕینەوە پێشمەرگەكان تەماشایان كرد كاك كۆسرەت هاواری كرد و وتی: هەمووتان وەرن، بەڵام هەمووتان دەستی یەكتری بگرن نەوەك دوو كەس سێ كەس فیعلەن بەشی هەرە زۆری پێشمەرگەكان بەو شێوەیە پەڕینەوە، ئیتر لەولا هەر لە تراكتۆر و چەند كۆنە ئیڤایەك و ئەوانە هەبوون کە هی دەستكەوتی پێشمەرگە  بوون لە پێشتردا، بەتایبەتی تیپی 85 ی بەڕانەتی، ئەوان شتیان هەبوو، هاتن پیشمەرگەکانیان  گواستەوە.
بەڕاستی هەندێك پێشمەرگە لەهۆش خۆیان چووبوون لەبەر سەرماو لەبرساندا، هەندێكیان بەهۆی بەپێ رۆیشتنەوە، ئێمە لەگەڵ كاك كۆسرەت ئەو كۆمەڵە برادەرانەی كە باسمكردن فەرماندەكان شەهید تەحسین كاوانی و كاك سەفین و كاك رێباز لەوانەیە ناوی هەموویانم لەبیر نەبێت بەڕێكەوتین بۆ سوسێ ئەو ماوەیەی كە دەڵێم لەسەر رووباری قیرژە و عەلیاوە و بۆ سوسێ ئەوەش مەودایەكی زۆرە و هەمووشی هەورازە كە قوڕ و    بەفر و بارانیش بوو گەیشتینە ئەوێ و پشووماندا، بەڵام یەكێك لە هەڵەكانی من لەوێ ئەوەبوو كە من گەیشتم، ئەوان لەبەر سۆپاكە پاڵیاندابۆوە كە من 10 خولەکێک دوای ئەوان گەیشتم، من چووم پێ و گۆرەوییەكەم زۆر تەڕ ببوو، قاچم دەرهێنا شارەزا نەبووم، پێمدابووە بەر سۆپاكە و پاش دەمێك وام لێهات، هیواخواز بووم هەردوو قاچەكانم ببڕنەوە، ئەوەندە ئێش و ئازارم زۆر بوو، شەهید تەحسین كاوانی لەخەو هەستا و پێی وتم:ئەوە چییە تۆ بۆ خەوت لێناكەوێت؟ منیش وتم من شێت بووم و حەزدەكەم پێم ببڕنەوە، وتی: پێت نەدابێتە بەر سۆپاكە؟ وتم بەرەوەڵڵا، چونكە ئەو خەڵكی خۆشناوەتی بوو، ئەزموونی زۆر بوو گوێی لێببوو و باشتری لێدەزانی، بۆیە وتی: ئۆو زۆر كارێكی خراپت كردووە، ئەوە كارێكی زۆر ترسناكە، نەدەبوو تۆ پێی خۆت بەو تەڕیە دەربێنی و بیدەیتە بەر سۆپا، بەڵام دوای یەك دوو سەعات ئەو ئێش و ئازارە نەما.
مام جەلال پیرۆزبایی بۆ ناردن
دەسكەوتەكانی ئەو داستانە ئیجگار زۆر بوو، لەڕووی راگەیاندنەوە هەموو رادیۆكانی وەكو مۆنتیكارلۆ و لەندەن باسیانكرد، كە ئەوە بۆ ئێمە بەس بوو، هەر ئامانجە سەرەكییەكەی ئێمە ئەوەبوو بە جیهانی بگەیەنین كە شۆڕشی كورد هەیە و  كۆشك و ماڵی سەدامی بە ئامانج گرتووە، ئەوە زۆر بە چڕی باسكرا و دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو، ئینجا هەڤاڵ مام جەلال و كاك نەوشیروان لە سەركردایەتییەوە بروسكەی پیرۆزبایی و هاندانیان  بۆ ناردین و زۆر پێخۆشحاڵ بوون، دەنگدانەوەكەشی لە كوردستان هەر زۆر بوو كە لە هەموو رادیۆ عەرەبیەكانی جیهانەوە باسكرا، بۆ ئێمە ئەوە دەستكەوتێكی زۆر گەورە بوو دەتوانم بڵێم ئامانجی ژمارە یەكمان بەدەستهێنا، ئامانجی ژمارە دوو بۆ نموونە پێشمەرگەكانمان زۆر هاندران و زۆر زیاتر متمانەیان بەخۆیان پەیداكرد و وایلێهات مەڵبەندی  3 ی سنووری هەولێر ئەگەر بچیتە هەر جێگایەك، دەیگرێت، مادام لە سەری رەش بەو سەرماو بەفرە توانییان كۆشك و ماڵی سەدام بگرن، كە ئەو هەموو رەبیە و سەربازەی لێبوو،  كەواتە هەموو جێگایەكی تری پێ دەگیرێت، ئەوە مەعنەویاتی پیشمەرگە و شۆڕشی بە یەكجاری بەرزکردەوە، لەڕووی مادیشەوە دەستكەوتی باشمان هەبوو، كە ژمارەكەی نازانم، بەڵام ژمارەیەكی زۆر كڵاشینكۆفمان هێنا، لە بیرمە هەر تیپەكەی من 200 كڵاشینكۆفمان دەسكەوت تا بیبەم لە دەشتی كۆیە کە بەرگریی میللیمان دامەزراندبوو، چونكە گوندەكانی کۆیە زۆر لە ناو شاری كۆیەوە نزیكبوو، كۆیەش چوار پێنج كۆمەڵە جاشی لێبوو، كە هەندێكجار زیادەڕەویی و تەعەدایان دەكرد و دەهاتنە گوندەكانەوە خەڵكی گوندەكانمان هەموو كردبووە بەرگریی میللی، بۆیە ئەو 200 كڵاشینكۆفەم دایە بەرگری میللییەکانی دەشتی كۆیە.
ئامادەکردنی: رەوەست نەوزاد

 

بەکر مستەفا

هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی- یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی 27/1/1992 لەڕاستەوە:  شەهید رێباز ، بەکر مستەفا  و سەفینی مەلاقەرە

 

پۆلێک لە پێشمەرگەکانی مەڵبەندی هەولێر دوای سەرکەوتنەکەی داستانی سەری رەش

بابەتە پەیوەندیدارەکان