د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا، پێشوازیكرد لەقەداسەتی مار ئەگناتیوس یوسفی سێهەم یۆنان پاتریاكی سریانی كاسۆلیكی ئەنتاكیا لە جیهان و ژمارەیەك لە مەترانەكانی عیراق و سوریا و لوبنان.
لە دیدارێكدا، سەرۆك كۆمار، رایگەیاند: كریستیانەكان هاونیشتمانیی رەسەنن و لەگەڵ گشت پێكهاتەكاندا یەك ئامانج كۆیاندەكاتەوە ئەویش خزمەتی كۆمەڵگە و سەقامگیربوونی ئاسایشە، ئەركی هەموانیشە كاربكەن بۆ دروستكردنی ژینگەیەكی ئارام و سەقامگیر بۆ نەوەكانی داهاتوو بەبێ ململانێ و دووبەرەكی. وتیشی: ناوچەكە پێویستی بە سەقامگیریی و ئاسایش هەیە و دەبێت كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەڕێگای دیالۆگ و دانوستانەوە چارەسەربكرێن، هەموانیش ئەوە دەزانن كە گرفتەكان هێندە سەخت نین و دەكرێت چارەسەربكرێن.
لای خۆیانەوە، وەفدی میوان، داوایان لە سەرۆك كۆمار كرد كە لە گرنگیپێدان و پاراستنی فرەڕەنگی و پشتیوانییەكانی بۆ پێكهاتەكان بەردەوام بێت.
لە دیدارێكی دیكەدا، سەرۆك كۆمار و ماجد عەبدولڕەزا باڵیۆزی عیراق لە توركیا، تاوتوێی دواپێشهاتەكانی ناوچەكەیان كرد، بەتایبەتی ئەو بارودۆخەی ئێستا توركیا و سوریای تێدایە دوای بوومەلەرزەكە، بۆ ئەوەش سەرۆك كۆمار، جەختیكردەوە لە گرنگیی پێشكەشكردنی هاوكاریی بۆ خێزانە زیانلێكەوتووەكان.