بەهۆی بوومەلەرزەوە، بەنداوەكانی توركیا بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر سوریا و عیراق

04:10 - 2023-02-12
جیهان
257 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێكی باڵای توركیا دڵنیایی دەدات كە بوومەلەرزە زیانی بە بەنداوەكانی ئەو وڵاتە نەگەیاندووە و بەڵام بەشێك لە شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی بەنداوەكان زیانیان بەركەوتووە و رەنگە لێكەوتەی خراپی هەبێت.

وەحید كیریچ، وەزیری كشتوكاڵی توركیا رایگەیاندووە، بەنداو و وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانێكی ئەوتۆی پێنەگەیشتووە كە هەڕەشە لەسەر خودی بەنداوەكان و دەوروبەری دروست بكات و ئەگەری كەوتنەوەی زەرەر و زیانی گەورەی هەبێت. ئەو لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونانەی پاش بوومەلەرزەكە كراون، ئەوەیان پشتڕاست كردۆتەوە كە زیانی گەورە بەر بەنداوەكان نەكەوتووە.

لە بەرامبەردا، بەپێی راپۆرتێكی سكای نیوز كە بۆچوونی ژمارەیەك پسپۆڕ و شارەزای وەرگرتووە، بەنداوەكانی توركیا، بەتایبەتی هەردوو بەنداوی ئەتاتورك و كیبان، بەهۆی بوومەلەرزەكانی چەند رۆژی رابردووەوە زیانی گەورەیان بەركەوتووە. تەنانەت دەوترێت، بەنداوە تازەكان بوونەتە هۆكاری زیادبوونی هێزی بوومەلەرزەكان بەو پێیەی كاریگەرییان لەسەر قووڵایی زەویی ناوچەكە هەبووە.

بەپێی راپۆرتی سكای نیوز، بەنداوەكان بوونەتە هۆكاری دزەكردنی ئاو بۆ قووڵایی زەوی و پڕكردنەوەی كەلێن و رێڕەوە ئاوییەكانی ناخی زەوی و روودانی گۆڕانكاری لە سەقامگیری و باڵانسی هێز و پەستان و روودانی لێكخشاندن و جووڵەی گەورە و نا ئاسایی.

لە توركیا 579 بەنداوی گەورە و بچووك و مام ناوەنجی هەن كە پێكەوە 650 ملیار مەتر سێجا ئاو گلدەدەنەوە و بەسەر ناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتەدا دابەشبوون. چاودێران و شارەزایان ترسیان هەیە بوومەلەرزە بووبێتە هۆی زیانگەیاندن كە رەنگە لە ئایندەدە ببێتە هەڕەشە، بەتایبەتی بۆ سەر ئەو گوند و شار و ئاواییانەی دەكەونە رێڕەوی هەردوو رووباری دیجلە و فوراتەوە لە سوریا و عیراق.

بابەتە پەیوەندیدارەکان