لەسەر رەخنەگرتن، كۆمپانیایەك لە هەولێر دادەخرێت

11:55 - 2023-02-25
کوردستان
577 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەك كە داوای جوانكردنی سیمای شارەكەی كردووە، بەبێ یاسا و دادگا لقەكانی كۆمپانیاكەی دادەخرێن و خاوەنی کۆمپانیاکەش ئاماژە بەوە دەدات، ئەگەر بە زووترین كات لقەكانی كۆمپانیاكەی نەكرێنەوە، بەرەو دەرەوەی وڵات كۆچ دەكات.
سەردار ئازاد، خاوەنی كۆمپانیای ئەملاك لە هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا رەخنەم لە پاركی پەپولە لە شاری هەولێر گرت و وتم پێویستی بە نوێكردنەوەیە، كەچی بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر پەیوەندی پێوەكردم و داوای سڕینەوە ڤیدیۆكانی لێكردم، پاش سڕینەوەشیان بەبڕیاری قائیمقامی هەولێر چوار ئۆفیسی كۆمپانیاكەمان داخران و 12 كارمەندمان بێكار بوون.
راشیگەیاند، پاش ئەوەی لەسەر ئەو بابەتە پەیوەندیم بە نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی هەولێرەوە كرد، پێی راگەیاندم تا دڵی بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر چاكنەكەیتەوە ئۆفیسەكانتان ناكرێنەوە، بۆیە دەپرسم بۆ دەبێت رەخنە بگریت و نان بڕاوت بكەن؟ كەسێكم لە پشت بوایە نەیانەتوانی دایخەن.
ئەوەشی راگەیاند، ئەگەر لەم وڵاتە سەرۆكی حكومەت و داواكاری گشتی هەن بۆ ئەم نایاساییە قبوڵ دەكەن؟ ئەگەر لە شەممەوە ئۆفیسەكانمان نەكرێنەوە دەرگاكانی دەشكێنم و ئەم وڵاتە جێدەهێڵم.
خاوەنی كۆمپانیای ئەملاك وتیشی، رەخنەم لە پاركێك گرت كۆمپانیاكەیان پێداخستم، رەخنە لە حكومەت بگرم رەنگە نەمبیننەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر رایگەیاندبوو، ئەمریكا نیگەرانە لە پاشەكشێی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و مافی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان.

PUKMEDIA

#هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان