روسیا؛ جۆنسۆن بۆی نییە بێتە خاكی وڵاتەكەمانەوە

10:18 - 2022-04-18
جیهان
829 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی پشتیوانیی لەندەن بۆ ئۆكرانیا لە جەنگی دژی روسیادا، مۆسكۆ سەردانیكردنی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ‌و چەند بەرپرسێكی دیكەی ئەو وڵاتە بۆ ناو خاكی روسیا قەدەغە دەكات. 
وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: بڕیاریانداوە سەردانیكردنی بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ‌و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی ئەو وڵاتە بۆ روسیا قەدەغە بكەن ‌و بۆیان نییە بێنە ناو خاكی وڵاتەكەمانەوە. 
ئاماژەی بەوەشداوە: بەهۆی هەڵسوكەوتە دوژمنکارییەكانی لێپرسراوانی بەریتانیا ‌و وەك وەڵامدانەوەیەكی هەڵمەتە سیاسی ‌و میدیاكانی ئەو وڵاتە بۆ پەراوێزخستنی روسیا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ‌و سەپاندنی سزا بەسەر گەورە بەرپرسانی روسیادا، ئەو بڕیارەیان داوە. 
وەك دەربڕینی پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ ئۆكرانیا، سەرەتای هەفتەی رابردوو، بۆریس جۆنسۆن سەردانی كیێڤ-ی كرد ‌و لەگەڵ ڤلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئەو وڵاتە، شەقامەكانی ئەو شارەیان بەسەركردەوە.
لەنێو ئەو لێپرسراوە بەریتانییانەی چوونە ناو خاكی روسیایان لێ قەدەغە كراوە، هەریەك لە لیز تراس وەزیری دەرەوە ‌و بین واڵاس وەزیری بەرگری ‌و 10 ئەندامی دیكەی حكومەت ‌و سیاسەتمەداری ئەو وڵاتەیان تێدایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان