سەرۆك وەزیرانی فنلەندا: داواكاریی ئەندامێتیی ناتۆ پێشكەش دەكەین

10:38 - 2022-04-18
جیهان
862 جار خوێندراوەتەوە

فنلەندا بڕیار دەدات كە لە جیاتی چەند مانگی داهاتوو، لە چەند هەفتەی داهاتوودا داواكاریی بە ئەندامبوون لە پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) پێشكەش بكات.
سانا مارین سەرۆك وەزیرانی فنلەندا رایگەیاندووە: وڵاتەكەی بڕیار دەدات بۆئەوەی لەبری چەند مانگی داهاتوو، لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا داواكاریی پێشكەش بكات بۆ بە ئەندامبوون لە ناتۆ.
روونیشیكردەوە: دەیەوێت لە ناو پەرلەمانی وڵاتەكەیدا تەوافوق هەبێت لەبارەی ئەو مەسەلەیەوە ‌و خشتەیەكی زەمەنیی دیاریكراویش نییە بۆ ئەو بابەتە، چونكە لە دوای هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، شتەكان زۆر گۆڕاون، بۆیە پێدەچێت لەماوەی چەند هەفتەیەكدا داواكارییەكەیان پێشكەش بكەن.
بەپێی دوا راپرسی لەسەر ئەو پرسە، رێژەی %68ی هاووڵاتیان لەگەڵ بە ئەندامبوونی وڵاتەكەیاندان لە ناتۆ، لە كاتێكدا تەنها %12ی هاووڵاتیان لەگەڵ ئەو هەنگاوەی حكومەتەكەیاندا نین، تەنانەت هەندێك لەو پەرلەمانتارانەی پێشتر دژی ئەو هەنگاوە بوون، ئێستا لە هەڵوێستەكانیان پاشگەزبوونەتەوە ‌و پشتیوانیی وڵاتەكەیان دەكەن بۆ بە ئەندامبوون لە ناتۆ. 
فنلەندا كە 1300 كیلۆمەتر سنووری وشكانی لەگەڵ روسیادا هەیە، ئەگەر ببێتە ئەندامی باكووری ئەتڵەسی، ئەوا سنووری نێوان ناتۆ ‌و روسیا بۆ نزیكەی دوو هێندە زیاد دەكات ‌و بە وتەی لێپرسراوای هێلسنكی، یەكلابوونەوەی دۆسێكە چوار بۆ 12 مانگ دەخایەنێت.

 سەرچاوە/ ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان