نووسینی: جه‌لال تاڵه‌بانی*
و : بورهان حاجی سلێمان
وه‌ك هه‌ر كوردێكی پێشكه‌وتنخواز، كاتێك ده‌بینم مافه نه‌ته‌وایه‌تییه كارگێڕیی و كەلتورییه‌كانی هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی برا توركمان و ئاشوور له یاسا و سیستمه كوردستانییه‌كاندا به‌رجه‌سته نه‌بوون و دانه‌ڕێژراون، ئازار ده‌كێشم، به‌داخیشم كه بۆ نموونه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی تایبه‌ت به خۆیان نییه، تا گرنگی به مافه كەلتوری و كارگێڕیی و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانیان بدات.
هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی برای گه‌لی كورد، نه‌ته‌وه‌ی ئاشوور و نه‌ته‌وه‌ی توركمان، چه‌ندین سه‌ده‌یه له‌گه‌ڵ گه‌لی كورددا له‌سه‌ر خاكی هاوبه‌ش ده‌ژین و پێكه‌وه خۆشی و ناخۆشی به‌ش ده‌كه‌ن، له مێژووی دووردا هاوشانی گه‌لی كورد رووبه‌ڕووی سته‌می داگیركه‌ران و سته‌مكاران و كرده‌وه قێزه‌ونه‌كانی عه‌فله‌قیی شۆڤینی و تاوانه‌كانی ئه‌نفال و هه‌ڵمه‌ته‌كانی كۆچپێكردن و ده‌ربه‌ده‌ری و به به‌عسیكردن و به‌عه‌ره‌بكردنی زۆره‌ملێ بوونه‌ته‌وه و له كۆڕی خه‌باتی هاوبه‌شدا له دژی دیكتاتۆریه‌ت و له پێناوی دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤدا، خوێنی تێكۆشه‌رانی ئاشوور و توركمان تێكه‌ڵ به خوێنی برا تێكۆشه‌ره كورده‌كان بووه.
ئێستا كه نزیكه‌ی نیوه‌ی كوردستانی عێراق له سیستمی دیكتاتۆریی ئازاد بووە، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكهاتووه، چی بكرێت باشه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی برا ئاشووری و توركمانه‌كانمان تا به سه‌رجه‌م مافه نه‌ته‌وه‌یی و كارگێڕیی و كەلتوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و...هتد بگه‌ن؟
گومانی تێدا نییه كه مسۆگه‌ركردنی یه‌كسانیی ته‌واوه‌تیی سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی له كوردستاندا، له سایه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین، كارێكی باشه، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌وه به‌س نییه.
هه‌روه‌ها گومانی تێدا نییه به‌شداریپێكردنی برایانی ئاشووری له په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تدا كارێكی باشه، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك ئه‌وه به‌س نییه، به‌ڵكو جگه له دابینكردنی ئازادییه دیموكراسییه‌كان بۆ برایانی ئاشوور و توركمان و پێدانی ئازادیی كاری حزبی و و رووناکبیریی و سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی، پێویسته ئه‌م مافانه‌ی لای خواره‌وه‌شیان بۆ دابینبكرێت:
یه‌كه‌م:
ده‌ركردنی یاساگه‌لێكی پابه‌ند له ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانه‌وه بۆ ده‌ستبه‌ركردنی سه‌رجه‌م مافه نه‌ته‌وه‌یی و كارگێڕیی و رووناکبیرییه‌كانیان و رێگریكردن له چه‌وساندنه‌وه و جیاكاری و به تاوان ناسینی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر زه‌وی و كاروباره تایبه‌تی و بیروباوه‌ڕه‌كانیان و ... هتد.
دووه‌م:
دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی رووناکبیریی توركمانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی رووناکبیریی ئاشووری بۆ ده‌ستبه‌ركردنی مافه رووناکبیرییەکان و خوێندنی زمان و مێژوویان له خوێندنگه‌كاندا.
سێیه‌م:
ده‌ستبه‌جێ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی جووتیاره‌كان ئاشوور و توركمان بۆ گونده‌كانیان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی زه‌وی و زاره‌كانیان و به‌كارهێنانی هێزی یاسا و پۆلیس و پێشمه‌رگه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌وانه به‌بێ دوودڵی.
چواره‌م:
ده‌ستنیشانكردنی رۆژی یه‌كی نیسان وه‌كو جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی برا ئاشوورییه‌كانمان و دانانی وه‌كو پشووی ره‌سمی له كوردستان.
پێنجه‌م:
گره‌نتی مافه ئایینییه گشتییه‌كانی برا كریستیانه‌كانمان و گەره‌نتی ئازادیی په‌رستن و رێزگرتنی جه‌ژنه مه‌سیحییه‌كان و دانانیان وه‌كو جه‌ژنی ره‌سمی، هه‌روه‌ها پێشكه‌شكردنی هه‌موو ئه‌و هاوكارییانه‌ی له توانادان بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كڵێسا‌و په‌رستگاكانی دیكه.
شه‌شه‌م:
دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌ری كارگێڕی له برا توركمان و ئاشوورییه‌كان له‌و قه‌زا و ناحیانه‌ی توركمان و ئاشووری تێیاندا زۆرینه‌ن، هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌ری توركمان و ئاشووری له سه‌رجه‌م فه‌رمانگه و ده‌زگاكاندا، نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر بناغه‌ی لێهاتوویی و پله‌كانیان، به‌ڵكو بۆ ده‌ستبه‌ركردنی مافه كارگێڕییه‌كانیان، به‌بێ ره‌چاوكردنی رێسا كارپێكراوه‌كان ئه‌وه‌ش له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییەکانیان.
حه‌وته‌م:
ده‌بێت رێز له نوێنه‌ره هه‌ڵبژێردراوه‌كانی ئاشووری و نوێنه‌رانی حزبه توركمانییه‌كان بگیرێت و له دامه‌زراندنه‌كاندا راوێژیان پێ بكرێت، هه‌روه‌ها رێزگرتن له هه‌موو ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به مافه نه‌ته‌وه‌یی و كارگێڕیی و رۆشنبیرییه‌كانیان و ... هتد-ەوە هه‌یه.
ئه‌مانه هه‌ندێك له داواكاریی به‌په‌له و دادپه‌روه‌ریی برا توركمان و ئاشوورییه‌كانمانه و پێوسته له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی ده‌ستبه‌ركردن و گەره‌نتی پیاده‌كردنی ئه‌و مافانه له‌لایه‌ن برایانمانه‌وه بده‌ن. دیسان ده‌یڵێمه‌وه راستگۆیی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد له پێشكه‌وتنخوازیدایه و دیموکراتخوازییەکەشی له هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رامبه‌ر برا توركمان و ئاشوورییه‌كانماندا خۆی ده‌بینێته‌وه، بۆیه نابێت رێگه بدرێت خۆدزینه‌وه یان پشتگوێخستن یان ته‌نانه‌ت ساردبوونه‌وه‌ش هه‌بێت له پرسی ده‌سته‌به‌كردنی مافه نه‌ته‌وه‌یی كارگێڕی و رووناکبیرییەکان و ... هتد-ی برا ئاشووری و توركمانه‌كانمان.
من هاوپشتیی ره‌های یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی برای كورد، توركمان و ئاشووری دووپات ده‌كه‌مه‌وه، داواش له سه‌رجه‌م رۆڵه دڵسۆزه‌كانی كوردستان له كوڕان و كچان ده‌كه‌م، به لێبڕاوانە و به روونی له‌گه‌ڵ ئه‌م داواكارییانه‌دا بن تا ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه له سایه‌ی كوردستانی ئازاد‌دا به مافه ره‌واكانی خۆیان بگه‌ن، ئه‌گه‌رنا ئازادییه‌كه‌مان سه‌ركه‌وتوو نابێت و دیموكراسییه‌كه‌شمان راسته‌قینه و ته‌واو نابێت و نمه‌كداری ئه‌و وته نه‌مره‌ش نابین كه ده‌ڵێت: « ئه‌و گه‌له‌ی گه‌لێكی دیكه ده‌چه‌وسێنێته‌وه، گه‌لێكی ئازاد نییه«.
سڵاو له‌وانه‌ی رێگه‌ی تێكۆشانی نه‌پساوه ده‌گرنه‌به‌ر بۆ زامنكردنی مافی ته‌واوی بێ كه‌موكوڕیی برا ئاشووری و توركمانه‌كانمان له هه‌رێمی كوردستانی فیدراڵ‌دا.
*سه‌روتاری رۆژنامه‌ی (الاتحاد) ژماره (8)ی 19/12/1992
له مێژووی دووردا هاوشانی گه‌لی كورد رووبه‌ڕووی سته‌می داگیركه‌ران و سته‌مكاران و كرده‌وه قێزه‌ونه‌كانی عه‌فله‌قیی شۆڤینی و تاوانه‌كانی ئه‌نفال و هه‌ڵمه‌ته‌كانی كۆچپێكردن و ده‌ربه‌ده‌ری و به به‌عسیكردن و به‌عه‌ره‌بكردنی زۆره‌ملێ بوونه‌ته‌وه و له كۆڕی خه‌باتی هاوبه‌شدا له دژی دیكتاتۆری و له پێناوی دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤدا، خوێنی تێكۆشه‌رانی ئاشوور و توركمان تێكه‌ڵ به خوێنی برا تێكۆشه‌ره كورده‌كان بووه