فراكسیۆنی یەکێتی: لە خزمەتكردنی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی بە مەبەست پەراوێزدەخرێن بەردەوامدەبین

10:45 - 2022-04-18
کوردستان
296 جار خوێندراوەتەوە

د.بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەکێتی، رایدەگەیەنێت: سلێمانی بەمەبەست لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە رووبەڕووی قەیران كراوەتەوە. دەشڵێت: ئێمە لە بەغدا هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی سلێمانی دەدەین.

پێشبینی دەكرێت كێشەی تریشی بۆ دروستبكرێت
د.بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەکێتی، لەمیانی بەشداری لە بەرنامەی (گفتوگۆیەكی تر)ی رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان، ئاماژەی بەوەكرد كە سلێمانی رووبەڕووی كێشە و قەیرانێكی زۆر كراوەتەوە و نادادییەكی زۆری  بەرامبەر دەكرێت، لە دیارترینیان كێشەی بەنزین، دەرمان و پاككردنەوەیە و پێشبینی دەكرێت لە داهاتوودا كێشەی تریشی بۆ دروستبكرێت، بۆیە پێویستە سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی سلێمانی بدەن، كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆی دروستدەكرێت.

هەوڵەكان بۆ چارەسەری كێشەكان
سەبارەت بە هەوڵەكانیش بۆ چارەسەری كێشەكان، وتی: لە چەند رۆژی رابردوودا پەیوەندیمان بە وەزارەتەكانی نەوت و تەندروستیی عیراقەوە كردووە بۆئەوەی بەشە بەنزین و دەرمانی زیاتر بۆ سلێمانی بنێرن، هەردوو وەزارەتیش هاوڕابوون لەگەڵ داواكارییەكان، بەڵام پێیانڕاگەیاندین كە «كێشەمان ئەو كتابەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانە، كە ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عیراقی كردووە و ئاگاداری كردووینەتەوە كە بەهیچ شێوەیەك نابێت سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمدا بكەین»، ئەوەش وادەكات بەغدا نەتوانێت هاوكاریی هەرێم و پارێزگاكانی بكات و بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەسەر هەمان تەوەر گفتوگۆی زیاتر بكەین.

هۆكارەكانی پشت دروستبوونی كێشەكان
سەبارەت بە بەشە دەرمانیش، د.بڕیار رەشید، باسی لەوەكرد كە لۆدێكی زۆر لەسەر نەخۆشخانەكان دروستبووە بەهۆی ئەوەی نەخۆشێكی زۆر روویتێدەكەن و دەرمانەكان بەش ناكات، هەروەها نەبوونی پارە لە بانكەكاندا و دابیننەكردنی بودجەی پێویست لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی هەرێمەوە، هۆكارێكی تری كەمیی دەرمانە لە پارێزگای سلێمانی، «بۆیە ئێمە وەك فراكسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەوڵەكانمان چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی كێشەكانی سلێمانی چارەسەر بكەین، بەتایبەتی كێشە سەرەكییەكان كە پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانی هاووڵاتیانەوە هەیە».

وەزیرەكانی پارتی جیاوازی لە نێوان پارێزگاكانی هەرێم و دانیشتووانەكانیاندا دەكەن
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی «وەزیرەكانی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم هیچ جیاوازییەك لە نێوان پارێزگاكاندا ناكەن و بەبێ جیاوازی خزمەتی هاووڵاتیانی سەرجەم پارێزگاكان دەكەن و بە ئەركی خۆیانی دەزانن، بەڵام بە داخەوە وەزیرەكانی پارتی جیاوازی لە نێوان پارێزگاكانی هەرێم و هاووڵاتیانیدا دەكەن و وەك پێویست خزمەت ناكرێن، بۆیە ئێمە لە فراكسیۆنی یەکێتی لە بەغدا لە هەوڵەكانمان بۆ خزمەتكردنی پارێزگاكان و دانیشتوانەكانیان بەتایبەتی ئەو ناوچانەی بە مەبەست پەراوێزدەخرێن، بەردەوامدەبین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان