شەهید حەمەڕەش، تێكۆشەری رۆژی تەنگانە

02:14 - 2023-03-12
ڕاپۆرت
321 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات کۆکەیی

گەنجینەی خەبات و تێكۆشانی شەهید حەمەڕەش، هێندە دەوڵەمەند و پڕبەرەكەتە، مرۆڤ نازانێ لە كوێوە لێی بدوێت و لە چ سوچێكەوە لێی رابمێنێت، چونكە ترسی ئەوەی لەلا دروستدەبێت نەتوانێت هەقی خۆی بداتێ و دێڕەكانی چەندە زۆریش بن، نەتوانێت وێنەیەكی كتومت و شایستە بەخۆی بنەخشێنێت.
زۆرجار لە باسی كەسێتییەكی گرنگ و كارادا، ئەو بۆچوونەم دەربڕیوە كە هەر باسكردنیش غەدرێكە و لێیان دەكرێت، شەهید حەمەڕەشیش یەكێكە لەوانە.
ئاخر نووسین چەند دوورودرێژ و باسەكانیش چەندە هەمەجۆربن، هەر ناتوانن ئەو كەڵەمێردەمان بۆ پێناسەبكەن، ناتوانن و ناتوانرێت حەمەڕەشی فەرماندە و پارتیزان و پێشمەرگەی سەختترین قۆناغی بزووتنەوەی رزگاریخوازیمان، لە لاپەڕەیەك و كتێبێك و لە پڕۆگرامێكی تەلەفزیۆنیدا بۆ بخەنە بەرچاو. 
لەهەر سەردەمێكدا كەسانێكی وا دەگمەن هەڵدەكەون، رۆڵ و كاریگەرییان بەجۆرێكە هیچ وەسف و ستایشێك، هیچ باسكردنێک نابنە كاڵای شایستە بەباڵایان، لە حاڵەتی وادا ئەوەی لەبارەیانەوە دەنووسرێ و باسدەكرێت، تەنها ئاوڕدانەوە و تیشكێكی لاوازە بۆ سەر تەنێكی گەورەی پڕ لە شكۆ و مەزنی.
 شەهید محەمەد شێخ كەریم (حەمەڕەش) پیاوی تەنگانە و رۆژگاری سەخت، لە شۆڕشی ئەیلولدا پێشمەرگە بووە، هەر لە سەرەتای شۆڕشی نوێوە پەیوەندیی كردۆتەوە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی 1978 بۆتە پێشمەرگە، یەكێك بووە لە فەرماندە دیارەكانی هێزی پێشمەرگە.
لە رۆژگاری رەشی ئەنفالدا، چونكە خاوەن ورەو ئیرادەیەكی بەهێز و فەرماندەیەكی بەئەزموون و كارامەبوو، لەناو جەرگەی بارودۆخی ئەنفالدا، سەدان پێشمەرگەو هاووڵاتی لە چنگی ئەنفال رزگاركرد.
قۆناغی پارتیزانی یەكێكی ترە لە خاڵە هەرە گەش و پڕ شانازییەكانی خەباتی ئەو فەرماندە دلێرە، لەكاتێكدا سوپای بەعس لە دوای ئەنفال تەواوی كوردستانی سوتماككردبوو، حەمەڕەشی بوێر خەباتی پارتیزانی دەستپێكرد و فەرماندەیی پۆلێك پێشمەرگەی كرد لە ناوچەی گەرمیان تا سەروەختی راپەڕینی ساڵی 1991.
راپەڕینیش ئەو وێستگە گرنگەیە كە رۆڵی شەهید حەمەڕەشی بە روونی پێوە دیارە.
راپەڕین كراو كوردستانیش رزگاركرا، بەڵام ئاخ زۆرجار سەركەوتنەكان نرخی گەورەیان گەرەكە، هەربۆیە بە گیانی خۆی نرخی رزگاربوونی كوردستانی دا.
حەمەڕەشی فەرماندە، رۆژی 11/3/1991 لەسەر رێگەی دوز-تكریت برینداركرا، لەكاتی هەوڵی رزگاركردنیدا، كەوتنە بۆسەی بەكرێگیراوانی موجاهیدینی خەڵقەوە و شەهیدكرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان