لەسەر راسپاردەی سەرۆکی یەکێتی، پێنجوێن و رازیانە سەوز دەکرێن

08:12 - 2023-03-12
کوردستان
266 جار خوێندراوەتەوە

هەڵمەتی نیشتمانی رواندنی یەک ملیۆن نەمام و سەوزکردنی کوردستان لەسەر بڕیار و راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامە و ئەمڕۆش هەڵمەتی  نەمام رواندن لە سنووری دوو پڕۆژەی دارستانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی بەڕێوەچوو. 

لەمیانی بەشداریکردنی لە هەڵمەتەکەدا، زانا رەحمان قائیمقامی قەزای پێنجوێن وێڕای ئەوەی بە گرنگییەوە باسی لەم هەڵمەتە نیشتمانییە کرد، داواکارییەکی ئاراستەی لایەنە حزبی و سەرمایەدارەکان کرد کە بەهەمان شێوە پڕۆژەی وەها جێبەجێبکەن و بەشداربن لە پاراستنی ژینگەی کوردستان   و وتیشی، خەڵکی پێنجوێن بەگرنگییەوە لێی دەڕوانن و سوپاسی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دەکەن بۆ بەسەرکردنەوەی قەزاکەیان.

هاوکات حسێن حەمە کەریم، نوێنەری نووسینگەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، ئەمڕۆ قۆناغێکی تری هەڵمەتەکەمان گەیاندە سنووری دوو پڕۆژەی دارستانی گرنگ کە ئەوانیش پڕۆژەی دارستانی کێلووی سەر بەهۆبەی دارستان و پاوانی پێنجوێن و پارکی دارستانی رازیانە بوون کە توانیمان بڕێکی باش نەمامی تێدا بڕوێنین.
وتیشی، پێنجوێن ناسراوە بەزۆریی رووبەری دارستانی سروشتی لەگەڵ ئەوەشدا پلانی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی زیادکردنی رووبەری دارستانی دەستکردی لەخۆگرتووە بۆیە هەڵمەتەکە قەزاکەی گرتەوە. 

هەر لەوبارەیەوە، عەلی ئەحمەد، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی رایگەیاند، لە هەڵمەتەکەدا رەچاوی ئەوەکراوە کە بەپێی چڕی دانیشتوان و دابەشبوونی، نەمامی پێویست بۆ ناوچەکان دابین بکرێت لەپێناوی فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار و تەندروست بۆ دانیشتوانەکەی. 

#ئاشتکردنەوەى_سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان