تونس لە نوقمبوونی كەشتییەكی گواستنەوەی سووتەمەنی نیگەرانە

10:05 - 2022-04-19
جیهان
634 جار خوێندراوەتەوە

وێڕای ئەوەی چەند رۆژێك بەسەر نوقمبوونی كەشتییەكی گواستنەوەی سووتەمەنی لە نزیك كەناراوەكانی تونسدا تێپەڕیوە، بەڵام تائێستا دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ‌و رێكخراوەكانی ژینگە لە لێكەوتەكانی ئەو رووداوە نیگەرانن ‌و هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەكانیش بەردەوامە بۆ بەرگرتن لە ئەگەری پیسبوونی ژینگەی دەریاكە.
وەزارەتی بەرگریی تونس رایگەیاندووە: بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە ‌و بەرگرتن لە ئەگەری روودانی پیسبوونی ژینگە، چەند وڵاتێك پێشنیازیانكردووە هاوكارییان بكەن.
رۆژی شەممەی رابردوو، كەشتییەكی بازرگانی كە 750 تۆن سووتەمەنی هەڵگرتبوو، لە نزیك كەناراوەكانی ناوچەی قابس لە باشووری خۆرهەڵاتی تونس ژێرئاوكەوت، بەڵام ستافەكەی كە لە حەوت كەس پێكهاتبوون، رزگاركران ‌و بە مەبەستی بڕیاردان لە گرتنەبەری رێكارەكان لە ئەگەری روودانی پیسبوونی دەریاكەدا، لیژنەی تایبەت بە بەرگرتن لە كارەساتەكان لە تونس كۆبۆوە. 
لای خۆشیەوە، وەزارەتی ژینگەی تونس لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: هۆكاری رووداوەكە بۆ خراپیی كەشوهەوا دەگەڕێتەوە ‌و شەپۆلەكانی دەریا هێندە توند ‌و بەرزبوون، كە بە بەرزیی دوو مەتر ئاو چۆتە ناو كەشتییەكەوە.
پێشتریش، وەزارەتی ژینگەی تونس رایگەیاندبوو: كەشتیی بازرگانیی كسیلۆ كە ئاڵای غینیای كەمەریی هەڵكردووە، نزیكەی 750 تۆن سووتەمەنیی هەڵگرتووە ‌و هەڕەشەی نوقمبوونی لەسەرە ‌و بە بەرزیی دوومەتر، ئاو چۆتە ناو كەشتییەكەوە. 
كەشتییەكە لە بەندەری دەمیات-ی میسرەوە بەرەو ماڵتا بەڕێكەوتووە ‌و بەهۆی خراپیی كەشوهەوا و بەرزبوونەوەی شەپۆلەكانی دەریاوە، داوای هاوكاریی لە دەسەڵاتدارانی تونس كردبوو، تا بچێتە سنوورە ئاوییەكانی ئەو وڵاتەوە. 

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

#تونس

بابەتە پەیوەندیدارەکان