ئەفریقای باشوور؛ لافاو سەدان كەس دەکاتە قوربانی

10:15 - 2022-04-19
جیهان
498 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەنجامی ئەو لافاوەی چەند رۆژێكە باشووری ئەفریقای گرتۆتەوە، زیاتر لە 400 كەس گیانیان لە دەستداوە ‌و دەیان هەزار كەسیش برینداربوون، حكومەتیش ناوچەكەی بە كارەساتبار راگەیاند.
حكومەتی باشووری ئەفریقا رایگەیاندووە: چەند رۆژێكە لافاوی بەهێز كە بۆتەهۆی رۆچوونی زەوی، ناوچەی دوربانی لە هەرێمی كوازولو ناتال لە خۆرهەڵاتی وڵات گرتۆتەوە ‌و بەهۆیەوە زیانی گیانی ‌و مادی زۆری بە ناوچەكە گەیاندووە، حكومەتیش بە ناوچەیەكی كارەساتبار وەسفیكردووە.
 لای خۆشیەوە، سوپای ئەفریقای باشوور ئاشكرایكردووە، كە بە مەبەستی هاوكاریكردنی تیمەكانی فریاكەوتن، زیاتر لە 10 هەزار سەربازی لە ناوچە كارەساتبارەكە بڵاوەپێكردووە ‌و سەرقاڵی گەڕانن بە دوای دەیان كەسی بێسەروشوێندا.
ئاژانسەكانی هەواڵ لە زاری بەرپرسانی ئەفریقای باشوورەوە بڵاویانكردۆتەوە: بەهۆی لافاوەكەوە، تائێستا 443 كەس گیانیان لەدەستداوە ‌و لانیكەم 41 هەزار كەس برینداربوون ‌و 63 كەسیش بێسەروشوێنن، هەروەها نزیكەی چوار هەزار خانوو رووخاون ‌و زیاتر لە هەشت هەزاریش زیانیان بەركەوتووە ‌و زیانەكانیش بە سەدان ملیار یۆرۆ دەخەمڵێنرێن.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

#ئەفریقای باشوور

بابەتە پەیوەندیدارەکان