״کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوانبارن بەرامبەر بە گەلی کورد״

10:42 - 2023-03-16
جیهان
223 جار خوێندراوەتەوە

سالار مەحمود لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە پەرلەمانی ئەوروپا، بابەتێکی پێشکەش کرد و رەخنەی توندی ئاڕاستەی یەکێتی ئەوروپا کرد کە چاوپۆشی لە تاوانەکانی تورکیا دەرحەق بەخەڵکی رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان دەکات.
سالار مەحمود هەر لەو کۆنفرانسەدا، باسی بێ هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپی کرد لە کاتی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە، نەک هەر ئەوە بەڵکو کۆمپانیاکانی بەلجیکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کەرەستەی کیمیاییان بە عیراق فرۆشتووە و دواتر وەک چەکی کیمیایی لە کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردستان، لە تاوانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەدا بەکارھێنرا.
لەو نووسینەدا دەڵێت: لە دۆسێی هەڵەبجەدا، لە دادگای باڵای تاوانەکان لە 2008 بۆ 2010 لیستی ناوی کۆمپانیاکان و جۆری تەقەمەنی و کەرەستەکان دیکۆمێنت کران و وەک بەڵگە خرانەڕوو.
ئەوەشی روونکردۆتەوە: بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی راستکردنەوەی هەڵەکان ھێشتا لە ئەستۆی کۆمەڵی نێودەوڵەتییە بەتایبەتیش یەکێتیی ئەوروپا. هەروەها باسی لە 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزان کرد کە چ کاولکاری و کۆمەڵکوژییەکی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دروست کرد.
لە کۆنفرانسەکەدا رۆژانی 8 و 9/3/ 2023 بەستراوە، چەندین کەسایەتی جیهانی، ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا بەشداریان کرد، لەلایەن پارتی سۆسیالدیموکرات، پارتی سەوز و چەپەکانی ناو پەرلەمانی ئەوروپا، کۆنفرانسەکە رێکخرا بوو تایبەت بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و مەسەلەی کورد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان