هێشتا دوان لە زیندانیانی بادینان ئازاد نەكراون

07:37 - 2023-03-16
ڕاپۆرت
632 جار خوێندراوەتەوە

هێشتا دوان لە زیندانیانی بادینان ئازاد نەكراون، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینانیش دەڵێت، "دوای جەژنی نەورۆز هەوڵدەدەین بە ئازادكردنی مەرجدار ئەو دوو زیندانییەی دیكەش ئازاد بكرێن، ئەگەر داواكەشمان رەتبكرێتەوە دەبێت شەش مانگی دیكە لە زینداندا بمێننەوە".

بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاند، "لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ هەریەك لە شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، ھاریوان عیسا، دوای تەواوكردنی نزیكەی سێ ساڵ زیندانی ئازاد كران، بەڵام بەبیانووی جیا جیا هەریەك لە شێروان شێروانی و گوھدار زێباری، سزاكەیان تا مانگی نۆی ئەمساڵ بۆ درێژكرایەوە".

وتیشی، "لەگەڵ ئەوەی ئەو بڕیارە بەنایاسایی دەزانین، بەڵام دوای جەژنی نەورۆز جارێكی دیكە داوا لە دادگا دەكەینەوە كە بە ئازادكردنی مەرجدار شێروان شێروانی و گوھدار زێباری، ئازاد بكرێن".

هاوكات ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان لە بارەی ئازانەكردنی ئەو دوو زیندانییەی بادینان رایگەیاندبوو، "لە كاتێكدا كەمتر لە 24 سەعات مابوو بۆ ئازادكردنیان، دادگای كەتنی 2ی ھەولێر بەپێ مادەی 279ی سزای عیراق و بێ ھیچ ئاگاداكردنەوەیەك بۆ پارێزەرەكانی، سزایەكی نوێی بەسەر رۆژنامەنووس گۆھدار زێباری سەپاند بە بیانووی لۆگۆ گۆڕینەوەی ئۆتۆمبێلەكەی لە "نیسان" بۆ "دایو" لە پێش سێ ساڵ (لە كاتێكدا ھیچ لۆگۆی نە گۆڕیوە و ئەمە پەیوەندی بە غرامەیەكی ھاتوچۆ ھەیە)، ئەم بڕیارە بە سووكایەتی كردن بە دادگا و دیموكراسی دەزانین".

راشیگەیاندووە، "بۆ رای گشتی و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاشكرایە كە رۆژنامەنووس و چالاكوانانی بادینان ماوەی دوو ساڵ و ھەشت مانگە لە پڕۆسەیەكی ناسایایی و نادیموكراسیدا سزادەدرێن و ئەو نادادییە دژ بە رەچاوكردنی سادەترین بڕگەكانی یاسا كارپێكراوەكانی ھەرێم، بەندەكانی دەستووری عیراق و بگرە دژبە 13 مادەی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بوون، ئەمەش سومعەی ھەرێمەكەمان ناشیرینتر كردووە".

ئەمە لە كاتێكدایە بەفەرمانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی ھەریەكە لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، ھاریوان عیسا و گوھدار زێباری) كەمكرایەوە بۆ (دوو ساڵ و چوار) مانگ، بەلەبەرچاوگرتنی مادەی 331ی ئازادكردنی مەرجدار (الإفراج الشرطي)، پێویست بوو ھەر پێنج زیندانییەكە لە مانگی هەشتی پارساڵدا ئازاد بكرانایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان