سربیا ئۆكرانیا ‌و وڵاتێكی دیكەی ئەوروپا تۆمەتبار دەكات

09:29 - 2022-04-20
جیهان
831 جار خوێندراوەتەوە

ئەلیكساندەر ڤوسیچ سەرۆكی سربیا، ئۆكرانیا ‌و وڵاتێكی دیكە لە پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) تۆمەتبار دەكات بەوەی لە پشت ئەو پڕوپاگەندانەوەن، كە باس لە بوونی بۆمبی چێنراو دەكەن لە فڕۆكە نەفەرهەڵگرەكانی سەر بە كۆمپانیای فڕۆكەوانیی سربیادا.
سەرۆكی سربیا ئاماژەی بەوەداوە: دەزگای هەواڵگریی دوو وڵات لە پشت ئەو هەواڵانەن كە دوورن لە راستییەوە. وتیشی: یەكێكیان ئۆكرانیایە ‌و ئەوی دیكەیان یەكێكە لە وڵاتانی سەر بە ناتۆ، بەڵام ناوی نەهێناوە.
سربیا كە پشتی زۆری بە نەوت ‌و غازی سروشتیی روسیا بەستووە، رەتیدەكاتەوە سزا بەسەر كریملیندا بسەپێنێت ‌و گەشتە ئاسمانییەكانی وەكو خۆی لەگەڵ مۆسكۆ ماوەتەوە. بە وتەی سەرۆكی ئەو وڵاتەش، بەلگراد لەو سیاسەتەی بەردەوام دەبێت، چونكە پەیوەندی بە مەسەلەی پرەنسیپەوە هەیە. 
جێی ئاماژەیە، لەماوەی ئەم چەند هەفتەیەی دواییدا، حكومەتی بەلگراد سێجار لە بەرژەوەندیی بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەنگیداوە، كە ئیدانەی هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا دەكەن ‌و ئەندامێتیی ئەو وڵاتەیان لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بەو رێكخراوە نێودەوڵەتییە هەڵپەسارد. ئەو كاتەش سەرۆكی سربیا بە تەلەفزیۆنی رەسمیی وڵاتەكەی راگەیاند، كە دەنگدانیان بە هەڵپەساردنی ئەندامێتیی روسیا لەو ئەنجومەنە، بەهۆی گوشاری زۆری وڵاتانی خۆرئاواوە بووە.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

#سربیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان