دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس و راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی تورکیاوە، لەپێناوی داهاتووی میللەتەکەمان و رێگریکردن لە دروستبوونی گرفت و قەیرانی گەورە، کاتی ئەوەیە بڕیارە دروستەکە بدرێت. کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت و کۆی داهاتی نەوت لە سەرتاسەری عیراق بچێتە یەک خەزێنەوە.
پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و داهاتی عیراق دیاری بکرێت و مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێم گەرەنتی بکرێت. سیستەمی بەنزین، نەوت و گازوایلی هەرێمی کوردستان ببەسترێتەوە بە عیراق و بەهەمان نرخ بدرێتەوە بە هاووڵاتیان. نوێنەری هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیای سۆمۆ و کۆی سیستەمی نەوت و غازی عیراق هەبێت و بەشێکبن لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ساڵانێكە هەوڵ بۆ رێكەوتن لەگەڵ بەغدا و كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان دەدات. بیركردنەوەی دروست، هەماهەنگی و كاری پێكەوەییە نەك دووركەوتنەوە و قووڵكردنەوەی كێشەكان. ناکۆکییە ناوخۆییەکان و تاکڕەوی، قەوارەکەمان لاواز دەکات و هەرێمەکەمان دەخاتە مەترسییەوە نەک کاری هاوبەش و داواکردنی مافەکانمان لە بەغدا. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رووبارێك خوێنی لەپێناوی سەربەرزی و سەرفرازیی كوردستان رشتووە و هیچ هێز و لایەنێك لە خۆمان بە دڵسۆزتر نازانین بۆ كوردستان و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكانی. هەر بۆیە هەنگاوی لۆژیكی و بەرپرسیارانە، رێكەوتنە لەگەڵ بەغدا و دەستەبەركردنی مافەكانمانە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان