ستران عەبدوڵڵا: سەرۆکی حکومەت کابینەکەی کردە گاڵتەجاڕی دۆست و دوژمن

02:39 - 2023-04-08
کوردستان
520 جار خوێندراوەتەوە

لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندی یەکێتی لەبارەی وتەکانی وتەبێژی حکومەت و هەڵوێستەکانی سەرۆکی حکومەتەوە دەڵێت، "سەرۆکی حکومەت ئەم کابینەیەی بەشەخسی کردووە. خراپترین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و تەنانەت سەرۆکی پارتیش گیرۆدەی ئەو بیرکردنەوە تەسکەیەتی".
دەشڵێت، "خەڵک زیاتر لە جاران لە ئێستادا پاڵپشتی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی یەکێتی دەکەن، چونکە دەزانن رێگە راستەکە ئەوەیە کە یەکێتی پەیڕەوی دەکات".

ستران عەبدوڵڵا، لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند، "بۆ ئەو بارودۆخەی روویدا ئێمە وەک یەکێتی روومان لە وتەبێژی حکومەت نییە، فەقیرە ئەو تەنها فەرمانبەرێکە و چی پێبڵێن ئەوە جێبەجێ دەکات، بەڵام روومان لە سەرۆکە فاشیلەکەی کابینەی نۆیە کە بەدەستی خۆی کابینەکەی گەیاندە بارودۆخێکی گاڵتەجاڕی بۆ دۆست و دوژمن و وایکردووە نەیار و دوژمنەکانمان لە حکومەتەوە دەسکەوتیان دەستکەوێت".
سەرۆکی پارتیش گیرۆدەیە
وتیشی، "سەرۆکی حکومەت ئەم کابینەیەی بە شەخسی کردووە و خراپترین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، تەنانەت بەشێک لە حزبەکەشی لەگەڵی نین و بەدڵنیایی سەرۆکی پارتیش گیرۆدەی ئەو بیرکردنەوە تەسکەیەتی، هەرکاتێکیش یەکێتی و پارتی لێک نزیک دەبنەوە بە مەرامی شەخسی رووداوێک دەخوڵقێنرێت و تا ئەو دوو هێزە لەیەک دووربکەونەوە".

 

دەشڵێت، "سەرۆکی حکومەتێکی تاکڕەو ناتوانێت یەکپارچەیی و بێ جیاوازی لە نێوان پارێزگاکاندا بکات، هەروەها حەزناکات بودجە بچێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی ئەو داهاتەی دەستی دەکەوێت فەوجی لابەلا و چەکداری پێ دروست بکات، ئەمەش یەکێکە لەو دیاردانەی لەم کابینەیەدا رەنگیداوەتەوە و بەیەکێک لە خاڵە هەرە خراپەکانی ئەم کابینەیە هەژمار دەکرێت".

خەڵک پاڵپشتی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی یەکێتیە
ستران عەبدوڵڵا بۆ PUKMEDIA تەئکیدی لە هەڵوێستی راستەقینەی کوردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرژەوەندی خەڵک کردەوە و رایگەیاند، "خەڵک زیاتر لە جاران لە ئێستادا پاڵپشتی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن، چونکە دەزانن رێگە راستەکە ئەوەیە کە یەکێتی پەیڕەوی دەکات، یەکێتی بێ ئاگایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاری نەکردووە، بۆیە لامان ئاساییە کە تورکیا بەو هەڵوێستە نیشتمانییەی یەکێتی تەنگەتاو بێت، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە و لێی تێناگەین ئەوەیە بۆ سەرۆکی حکومەت تەنگەتاو بووە؟".
وتیشی، "سەرۆکی حکومەت بە بڕینی مووچە و بودجە و دەرمان و راگرتنی خزمەتگوزارییەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی نەوەستاوە و ئێستا پیلانی نوێ لە دژی یەکێتی و خەڵکی سلێمانی دەگێڕێت، بەڵام بێ ئاگایە لەوەی کە رۆژ دوای رۆژ یەکێتی بەهێزتر دەبێت و خەڵکی سلێمانیش باشتر بیری تەسکی شەخسی سەرۆکی حکومەتیان بۆ دەردەکەوێت".

#فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی #حکومەتی هەرێمی کوردستان #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان