سەرۆكی تونس گۆڕانكاری لە دەستەی باڵای هەڵبژاردندا دەكات

08:58 - 2022-04-25
جیهان
267 جار خوێندراوەتەوە

قەیس سەعید سەرۆكی تونس لە بڕیارەكانی بۆ كۆنترۆڵكردنی كایەكانی دەسەڵات لە وڵاتەكەی بەردەوامە ‌و دوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەت ‌و هەڵپەساردنی كارەكانی پەرلەمان، ئەمجارەیان لە مەرسومێكیدا، بڕیاریدا بە گۆڕینی ئەندامانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی وڵاتەكەی.
بەپێی مەرسومەكەی سەرۆكی تونس، دەستەی نوێی هەڵبژاردنەكان لە حەوت ئەندام پێكدێت، كە سێ ئەندامیان لە دەستەی پێشوون ‌و لەلایەن قەیس سەعیدەوە دادەنرێن، سێ ئەندامیشیان لەلایەن ئەنجومەنەكانی دادوەری ‌و ئیداری ‌و داراییەوە پێشنیاز دەكرێن، لەگەڵ ئەندامێكیش كە سەنتەری راگەیاندنی نیشتمانیی تونس كاندیدی دەكات.
لای خۆشیەوە، نەبیل بافۆن سەرۆكی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی تونس رایگەیاند: دوای مەرسومەكەی سەرۆك بە گۆڕینی ئەندامەكانی، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكان سەربەخۆیی خۆی لەدەستدەدات.
وێڕای سەركەوتنی لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی تونس لە ساڵی 2019 دا، كە هەمان دەستەی باڵای هەڵبژاردن سەرپەرشتی دەكرد، بەڵام سەعید قەیس بەردەوام رەخنەی لەو دەستەیە گرتووە ‌و بە ناسەربەخۆ وەسفیكردووە.
ناكۆكی نێوان سەرۆكی تونس ‌و سەرۆكی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی وڵاتەكەی تازە نییە ‌و ئەو كاتەی كە لە 25ی تەمموزی رابردوودا قەیس سەعید دەسەڵاتی جێبەجێكردنی وڵاتەكەی كۆنترۆڵكرد، نەبیل بافۆن رایگەیاند، كە لە سایەی بۆشایی دەستووریدا، ناتوانرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت.


سەرچاوە: ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان