کورتەچیرۆك

لە عیادەی دكتۆری ددان

10:37 - 2023-04-27
ئەدەب و هونەر
436 جار خوێندراوەتەوە
تابلۆی باوەش پێداکردن

ولیام مەیلز
لە فارسییەوە: گەنم محەمەد

مردن لەناكاو یەخەی مرۆڤ دەگرێت. ئەمە قسە هەڵناگرێت. بەڵام ژیان زۆر ئالۆزترە. مرۆڤ هەتا زیندووە، وەكو بەشێك لە بەرنامەی كەسانیتر حسابی بۆ دەكرێت، بەتایبەتی ئەگەر لە سویدیش بێت.
تەلەفۆنم بۆ عیادە كرد بۆ ئەوەی سەرەكەی خۆم بخەمە كاتێكیتر. سكرتێرەكە تەلەفۆنی هەڵگرت. وتم: "داوای لێبووردن دەكەم دادە باوكم مردووە و ناتوانم بێم بۆ عیادە." یەكەمجار هیچی نەگوت. پێم وابوو پەیوەندییەكە پچڕاوە، بەڵام چەند ساتێ دوای ئەوە قسەی كرد و وتی: "چ پەیوەندییەكیان بەیەكەوە هەیە؟" وتم: "دادە گیان باوكم مردووە، بێگومان لە دۆخێكی باشدا نیم بتوانم بێم." وتی: "ئەی بۆچی بۆ تەلەفۆنكردن لە دۆخێكی باشدایت؟ "
ئێستا سەرەی من بوو بێدەنگ بم. دوای چەند ساتێ وەستان وتم: "من ئیشم زۆرە. بیست و پێنج ساڵە لە ئۆكلاهما دوورم. هەڵبەتە هێشتا دڵنیانیم كە دەڕۆم یان نا، بەڵام ئەگەر بچم، دەبێت قاتێ جلی رەش بكڕم، ڤیزا وەرگرم، كارتی بانك پەیدا بكەم و مۆڵەتی شۆفێرییەكەم ببەم بۆ بەشی نێودەوڵەتی. سەرتاشخانەشم بیر چوو. بەڵگەنامەی زانكۆشم پێویستە. باشە لەم ماوە كەمەدا چۆن فریای ئەم هەموو ئیشە بكەوم؟"
ژنەكە وتی: "من نازانم. بەڵام ئەگەر بتوانی ئەو هەموو ئیشە بكەیت كە وتت، بێگومان دەتوانی بێی بۆ عیادەش. ئێمە ناتوانین سەرەكەی تۆ بدەین بە یەكێكیتر، دەبوو پێشتر ئاگادارمان بكەیتەوە."
چ ناماقووڵییەكم كرد. بەدەست چ كەسێكەوە گیرم خواردبوو.
وتی: "جەنابی بێری گوێبگرە! ناتوانین سەرەكەی تۆ كانسڵ بكەین. حاڵەتی تایبەتیش تەنیا لە كاتێكدا قبووڵ دەكرێت كە دكتۆرێكیتر مۆڵەتت بداتێ." وتم: "تێگەیشتم"
وتی: "جەنابی بێری ئێمە لەبەرامبەر نەخۆشەكانی خۆماندا بەرپرسیارین. پابەندین بەو بەڵێنەوە كە بە نەخۆشەكانمان داوە. كەواتە ئاساییە چاوەڕێی رێزی بەرامبەریش بكەین." وتم: "تێگەیشتم."
وتی: "خەرجی خزمەتگوزارییەكانی پزیشكی ددان زیاتر لە دوو هەزار كرۆنە، تێدەگەی جەنابی بێری؟ دووهەزار كرۆن. سەد جۆر خەرجی هەیە. دڵنیام تێدەگەیت. خەرجی سوانی كورسییە جووڵاوەكەی دكتۆری ددان، ئامێری تیشك، فیلم و مەوادی پێویست بۆ تیمار و پڕكردنەوەی ددان، نرخی هەمووی زۆر بەرزە." وتم: "زۆر سوپاس تێگەیشتم."
ژنەكە نەیبڕییەوە: "تۆ تەنیا لەسەدا بیست و پێنجی تیمار دەدەیت. لە دووهەزار كرۆن خەرجی تیمار تەنیا پێنج سەد كرۆن دەدەیت. باقی خەرجییەكان لە ئەستۆی سویدییە شەریف و زەحمەتكێشەكانە كە باج دەدەن."
بێگومان دەیەویست بڵێت من شەریف و زەحمەتكێش نیم. یان باج نادەم یان ئەسڵەن بە سویدی حساب ناكرێم.
ژنەكە وەك ئەوەی شتێكی لەدەمدا بێت، مڵچە مڵچی دەهات و بەو حاڵەوە وتی:
"بەداخەوە ناچارم ئاگادارت بكەمەوە، ئەو كەسانەی لە كاتی خۆیدا سەرەكەیان كانسڵ نەكەن دەبێت هەزار كرۆن وەكو غەرامە بدەن."
دیسان شتەكەی دەمی مڵچاند و وتی: "كەواتە دوو رێگە زیاترت لەبەردەمدا نییە." ئێستا گەیشتبووە جێگا باشەكەی. دەمتوانی بیهێنمە بەرچاوم كە لەسەر كورسییەكەی دانیشتووە و شیرینی دەخوات و چارەنووسی سەرەكەی من یەكلایی دەكاتەوە. پێم وایە هەندێ ژن بۆ ئەوە دروست بوون بۆ ئەوەی چارەنووسی ئیشی خەڵك یەكلایی بكەنەوە. ئەم ژنە پارەی ئەم شتانە وەردەگرێت. درێژەی دایە: "یان دەبێت لە سەرەكەی خۆتدا بێیت و خەرجی تیمارەكە بدەیت یان نەیەیت و باجێكی قورس بدەیت." وتم: "قیروسیا، دێم."
وتی: "زۆر باشە. خۆشحاڵ دەبم، سەعات دوو و نیو وەرە."
لەو كەسانە بوو كە دەیزانی، تاقەتی چەلەحانێم نەبوو لەگەڵیدا. نەشچوومایە دەبوو هەزار كرۆن كەرانە بدەم.
دوای ئەو هەموو درێژدادڕییە رۆژی دوای ئەوە چووم بۆ عیادە. پێت وانەبێت خۆشحاڵ بووم، بۆ ئەوەی بچم بۆ ئەم جۆرە شوێنانە. سکرتێرەکە بەدەنگی بەرز قسەی دەكرد، كاتێ زانی من بیانیم كەمێكیتر دەنگی بەرز كردەوە. لە روانگەی ئەوە شێوازی ژیانی سویدییەكان بێوێنە بوو. بەلای ئەوەوە ئاسایی بوو حكومەت بڵێت رۆژی چەند پارچە نان بخۆین بۆ ئەوەی سەلامەتی خۆمان بە شێوازی سویدی بپارێزین، ساڵی چەند جار خۆمان بشۆین و چۆنچۆنی ددانمان بشۆین.
من قەت فێر نەبووم بەڕاستی ددانم بشۆم. نەشارەزایی من تووڕەبوونی ئەوی لە بیانییەكان زیاتر كرد. بەڕای ئەو بیانییەكان گوێیان گرانە و زۆر درەنگ فێر دەبن.
قیروسیا لەوەی نەمدەزانی بەڕاستی ددانم بشۆم، فڵچەكەی خۆشم نەهێنابوو. چوونە بەردەستی دکتۆرەکەش كارەساتێك بوو. سەیری دۆسێكەی دەكرد و بە دەنگی بەرز دەیپرسی: "فڵچەت هێناوە؟" هەمیشە دەمهێنا، بەڵام ئەو رۆژە بیرم چووبوو، بەهۆی خەمی مردنی باوكمەوە.
دەمزانی هاتن بەبێ فڵچە یەكسانە بە شەرم و سووربوونەوە. هەمیشە سەیری فڵچەكەی دەكرد دەتگوت هەموو شتێك لە فڵچەكەدا دەخوێینێتەوە.
بەڵام بەختم هەبوو، دکتۆرێکی تر هات ئیشەكەم بۆ بكات. كە هاتە ژوورەوە بە ئینگلیزی قسەی لەگەڵ كردم: "سڵاو. من ئینگریدم. تۆ سەربازە ئەمریكاییە هەڵاتووەكەی ئەمریكایت، وایە؟"
نەمدەزانی چ وەڵامێكی بدەمەوە. خۆم ئامادەكردبوو لەبارەی فڵچەكەوە روونكردنەوەی بدەمێ. قۆڵمی گرت و وتی: "پێم وایە ددان شۆردن بەلای تۆوە قورسە، وانییە؟" شەرمم كرد.
وتی: "مێردی یەكەمی منیش وابوو. پێی وابوو دەبێت بە توندی ددانی بشوات، فڵچەكەی هەڵدەگرت و دەكەوتە گیانی ددانەكانی."
قۆڵمی بەردا و لە تەنیشتمەوە دانیشت. ژنێكی رۆحسووك دیاربوو. سی و پێنج یان چل ساڵ دەهاتەبەرچاو. وەكو خۆم بە ئینگلیزی بە شێوازی ئەمریكایی قسەی دەكرد.
وتی: "مێردەكەم لە ڤێتنام كوژرا."
عیادەی دكتۆری ددان وەكو فڕۆكەخانە وایە. لە هەموو شوێنێكی دنیا فڕۆكەخانەكان وەكو یەك دروست دەكەن. بەچیدا دیاربوو كە لە سویدین، دەمتوانی تەسەور بكەم لە عیادەی پزیشكی ددان لە سان فرانسیسكۆ دانیشتووم.
بە شێوازێكی گێلانە پرسیم: "شووت كردبوو بە كەسێكی ئەمریكایی؟"
وتی: "بەڵێ. لە كالیفۆرنیا خوێندكاری میوان بووم. هاوین گەڕامەوە بۆ وڵاتی خۆم. دوای پشوو دووبارە گەڕامەوە بۆ كالیفۆرنیا و شووم كرد بە فرانك، ساڵی 1968 بوو. دایك و باوكم رازی نەبوون. فرانك بانگرا بۆ خزمەتی سەربازی و یەكسەر ناردیان بۆ ڤێتنام. جارێك كە بە مۆڵەت هاتبۆوە زۆر شتی بە من وت. هەموو شتە ناشیرین و قۆڕەكانی ئەوێی دیبوو. زۆر بێتاقەت بوو. دەیوت هیچ باوەڕی بەو قسە قۆڕانە نییە كە بۆی دەكەن. قسە و كرداریان جیاوازە، بەڵام ناچاربوو بڕوات."
نەدەگریا. من دەگریام، بەڵام ئەو ئەسڵەن نەدەگریا. من بۆ خۆم دەگریام؟ بۆ فرانك دەگریام یان بۆ ژنە داماوەكەی؟ نازانم لەوانەیە بۆ باوكم گریابم. بەڵام بەهەرحاڵ مردنی فرانك منی خستە گریان كە نەشم دەناسی. بیانووی گریان زۆر بوو، پێویستیش نەبوو بەر بەگریانی خۆم بگرم.
ژنەكە هەوڵی دەدا من ئارام بكاتەوە. لە چاوانیدا روخساری كچێكم دەبینی كە بە هەزار ئومێد و ئارەزووەوە لە سویدەوە چوو بوو بۆ ئەوەی شوو بە فرانكی ئەمریكایی بكات. ئەو ژنەی لە تەنیشتمەوە دانیشتبوو، هەمان بەرائەتی گەنجی لە روخساری ژاكاویدا بەدیدەكرا. مرۆڤ ئازار و دابڕانی لە لۆچەكانی روخساریدا دەبینی. فرمێسك لە چاوانیدا قەتیس مابوو، بەڵام نەدەگریا.
وتم: "بەتەنیا ماویتەتەوە؟"
بەقووڵی سەیری كردم. دەتگوت شتێكی دۆزیوەتەوە. دەتگوت دەیەوێ قسەیەكی گرنگ بكات. وەك ئەوەی تەنیا من لە گرنگی قسەكەی تێبگەم. وتی: "نامەم بۆ دایك و باوكم نووسی، ئەوان باوەڕیان نەدەكرد. قسەكانی فرانكم بۆ نووسین. باوكم وتی خۆت كردووتە تەگبیرت لای من نییە. دەبوو بە قسەی ئێمە بكەیت. كەسێكم نەدەدۆزییەوە دەردەدڵی خۆمی لابكەم."
خودایە چ گوناهێكم كردبوو كە هەموو خەم و خەفەتی دنیا لە عیادەی دكتۆری ددان بە سەرما باری. بۆچی ئەو ساڵانەی لەبیری خۆم بردبۆوە، دووبارە زیندوو بوونەوە.
باوك مردووە، بەڵام دەڵێی باقی شتەكان نازانن مردن چییە. ئەو ساڵانە بۆ ئەم ژنە و من مردووە، بەڵام گیانیان دەرناچێت و دووبارە زیندوودەبنەوە.
ژنەكە وتی: "بە دایك و باوكم وت راست دەكەن دەبێت خۆم باجەكەی بدەم. قەت نەمتوانی كەسێك بدۆزمەوە گوێم  لێ بگرێت. كە تۆم بینی پێم وابوو دەتوانم دەردەدڵی خۆم بكەم."
من خوشكم نەبوو. ئەو شتانەی نەتبێت، خۆیان دروست دەبن. ئەوەندە بەسە دەرفەتێك بێتە پێشەوە. بێگومان ئەم ژنەش برای نەبووە. بێگومان هەروا بووە. من و ئەو بووین بە خوشك و برا. لای یەكەوە دانیشتین و دەردەدڵمان بۆ یەكتری كرد.
و/ بۆ / فارسی/ اسدالله امرایی
سەرچاوە: از زبان دیگران 

 

ولیام مەیلز

بابەتە پەیوەندیدارەکان