پارتی كاری هۆڵەندی خولێك بۆ 60 كادری یەكێتی دەكاتەوە

09:11 - 2022-04-25
کوردستان
564 جار خوێندراوەتەوە

وەفدێكی پارتی سۆسیال دیموكراتی هۆڵەندی و دامەزراوەی ماكس فەن دەر ستوڵی سەر بە پارتی كار، لە سلێمانی دوو خول بۆ 60 كادیری یەكێتی دەكاتەوە.
لە خولەكەدا، كە رۆژانی 24 و 25/4/2022 بەڕێوەچوو، بەختیار بەكر نوێنەری یەكێتی لە هۆڵەندا، وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: یەكێتی، لەسەر دەستی مەكتەبی پەیوەندییەكانی، لەڕێگەی نوێنەرایەتییەكانی لە دەرەوە، خەباتی دیپلۆماسی و هێزی لۆبیكاری بە بەشێكی گرنگ زانیوە لەپێناوی زووتر گەیشتن بە ئامانجەكان، ئێستاش كە پێشوازیمان لە دۆستەكانمان كردووە لە سلێمانی، بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییەكانمان و بەرەوپێشبردنیانە لەگەڵ پشتیوانانی گەلەكەمان، هۆڵەنداش كە لە مەیدانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا رۆڵێكی چالاكی هەیە، یەكێكە لە پشتیوانەكانمان بۆ پرسی رەوای گەلەكەمان و لە چەند دەیەی رابردووشدا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانە بووە، كە لە هەموو روویەكەوە هاوكاریی گەلی كوردی كردووە، هەر لەو روانگەیەشەوە یەكێتی لە پێشەنگی هێزە كوردستانییەكانە كە پەیوەندیی سیاسی لەگەڵ هۆڵەندا و تەواوی هێزە سیاسییەكانی وڵاتەكەدا هەیە.
هەر لە رێوڕەسمەكەدا، وتاری پارتی كار لەلایەن ئاریەن بێركڤێنس ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی كاری هۆڵەندی، كە هاوكات سكرتێری گشتیی دیداری ئەوروپی بۆ دیموكراسی و سۆڵیدارێتی و رێكخەری گشتیی دامەزراوەی ماكس فەن دەر ستوڵی-ی پارتی كاری هۆڵەندییە، خوێندرایەوە و بەگرنگییەوە باسی لە پەیوەندیی پتەوی پارتەكەی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كرد و رایگەیاند: سۆسیال دیموكراتەكان بەهای هاوبەشی زۆریان هەیە، بەڵام بەهای هاودەنگی نێودەوڵەتی گرنگترە، دەمانەوێت جیهان باشتر بكەین، دەبێت بە بەردەوامی بەیەكەوە برەو بە چاكەكارییەكان بدەین و بیانبەینەپێشەوە، وتیشی: ئەم سەردانەمان بۆ سلێمانی و كردنەوەی خولە بەردەوام و هاوبەشەكان، كە 10 ساڵە بەردەوامە، بۆ پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانە، بۆ ئەوەیە گرنگە ئێمە لە مێژووی گەلی كورد بگەین و لە ناوەڕۆكی هەرێمی كوردستانیش وردبینەوە. «ئاگاداری تاوانە كۆمەڵكوژییەكانم كە بەسەر كورددا هێنراون، كە ئاسەواری برینی ناخهەژێن و جەرگبڕیان جێهێشتووە».
لە كۆتایی وتەكەیدا، ئاماژەی بە گرنگیی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان كرد، لەو رووەشەوە رۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی خستەڕوو و وتی: كاردەكەین بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانمان و لە داهاتووشدا چەندین چالاكیی هاوبەش رێكدەخەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان