‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی: نابێت هیچ بەربەستێك لە نێوان لێپرسراوانی یەكێتی و خەڵكدا هەبێت

08:57 - 2022-04-26
کوردستان
683 جار خوێندراوەتەوە

‏‎ بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئۆرگانەكانی یەكێتی گوزارشت لە سیاسەتی یەكێتی لە ناوچەكانی خۆیاندا دەكەن

بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە دەباشان لە دوو كۆبوونەوەی جیاوازدا لەگەڵ هەریەك لە میقداد شێخ بەهادین لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی گەرمیان و ئاسۆس عەلی لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی شارەزوور، كۆبووەوە.
‏‎لە كۆبوونەوەكاندا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، پیرۆزبایی ئاڕاستەی هەڤاڵان كرد كە وەك لێپرسراوی نوێی مەڵبەندەكانی گەرمیان و شارەزوور دەستبەكاربوون.
‏‎لەبەرامبەر خستنەڕووی راپۆرتێك، كە خۆی لە پێداچوونەوە و رێكخستنەوەی ئۆرگانە حزبییەكان و خزمەتكردنی خەڵكی ئەو دوو سنوورە دەبینییەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، روونیكردەوە گەرمیان و شارەزوور دوو ناوچەی گرنگ و پڕبایەخن، مێژووی قوربانیدان و سەروەرییەكانیان لە شۆڕشی نوێ بەرپرسیارێتی دەخاتە سەرشانمان، كە هەموو هەوڵێك بدەین بۆ خزمەتكردنی خەڵكی تێكۆشەری شارەزوور و گەرمیان، چونكە لای ئێمە ئەم سنوورانە بزوێنەری شۆڕش و قەڵای پشتیوانیی یەكێتین.
‏‎سەبارەت بە ئەركی نوێی رێكخراوەیی و بەرپرسیارێتی مەڵبەند و دامەزراوەكانی یەكێتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: ئۆرگانەكانی یەكێتی گوزارشت لە سیاسەتی یەكێتی لە ناوچەكانی خۆیاندا دەكەن، بۆیە ئەركی مەكتەب، مەڵبەند و كۆمیتەكانە دەرگایان بە رووی هاووڵاتیاندا كراوەبێت و خزمەتكاری خەڵك بن. نابێت هیچ بەربەستێكیش لە نێوان لێپرسراوانی یەكێتی و كۆمەڵانی خەڵكدا هەبێت، چونكە یەكێتی لەناخی ئەوانەوە هەڵقوڵاوە و دەبێت بەدەم داخوازییەكانیانەوە بچین و خزمەتیان بكەین.
‏لەو رووەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، هەر دوو لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان و شارەزووری راسپارد یەكێتییانە لە خزمەتی ناوچەكەیاندا بن و ئەگەر لە رابردوودا گلەیی یاخود هەر ناڕەزاییەك بەرامبەر یەكێتی هەبووبێت، ئەوا پێویستە گلەیی و ناڕەزاییەكان بكەنە بنەمای بەخۆداچوونەوە و خزمەتكردن. بۆ ئەمەش هەموو پشتیوانی و هاوكارییەكی بۆ دەربڕین.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان