دەکرێت مرۆڤ تا چەند تەمەن درێژ بێت؟

11:25 - 2023-05-14
دووتوێ
367 جار خوێندراوەتەوە

ئا: مانی سامان


لە کاتێکدا زۆربەی خەڵک پێشبینی دەکەن تا تەمەنی 80 ساڵی بژین، بەڵام هەندێکی تر 100 ساڵ تێدەپەڕێنن، لە شوێنەکانی وەک ئۆکیناوای ژاپۆن و سەردینیای ئیتالیا، هاوکات بە تەمەنترین کەس لە مێژوودا ژنێکی فەرەنسییە بە ناوی جین کالمەنت، تەمەنی 122 ساڵ بوو، لە ساڵی 1875 لەدایکببوو، لە سەردەمێکدا رێژەی تەمەن تا نزیکەی 43 ساڵ مەزەندە دەکرا.
بەڵام ئایا مرۆڤ دەتوانێت تا چەند بژی؟ درێژترین تەمەنی مرۆڤ چەندە؟
توێژینەوەکانی پێشوو ئەو سنوورەیان لە تەمەنی 140 ساڵیدا داناوە واتا مرۆڤ تا ئەو تەمەن دەتوانێت بژی، بەڵام لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە لە گۆڤاری زانستی Nature بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات دەکرێت مرۆڤ تا 150 ساڵی بژی.

درێژترین تەمەنی مرۆڤ
لەم هاوکێشە نوێیەدا توێژەرانی سەنگافورە و روسیا و ئەمریکا هاوکاریان کرد بۆ ئەوەی بە یارمەتی ھاوشێوەکردنی کۆمپیوتەر و داتای زانستی نوێ خەمڵاندنێکی نوێ پێشکەش بکەن.
لەڕووی کردارییەوە دەبێت پەیوەندییەک هەبێت لە نێوان چانسی مردن و چەند مرۆڤ توانای خێرا چاکبوونەوەی هەیە لە نەخۆشییەکان، ئەم پەیوەندییە پێوەرێکە بۆ توانای مرۆڤ بۆ پاراستنی هاوسەنگی فیسیۆلۆژی سروشتی جەستەی واتا تا چەند بەرگە دەگرێت و دەمێنێتەوە. 
 توێژەران نموونەی خوێنیان له زیاتر له 70 هەزار بەشداربوو وەرگرت تا تەمەنی 85 ساڵ، بۆ نموونە ژمارەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن کە کەسێک هەیەتی دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ ئاستی هەوکردن لە جەستەدا، لە کاتێکدا قەبارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک، لەدەستدانی بیرەوەری.
دوای کۆکردنەوەی داتاکان، توێژەران هەموو داتاکانیان سادەکردەوە بۆ یەک چوارچێوە و ناویان لێنا ئیندێکسی دۆخی ئۆرگانیزمە داینامیکیەکان .
لە ئەنجامدا پێشبینی کرد کێ تووشی نەخۆشی پەیوەست بە تەمەن دەبێت، ئەم حیساباتانە پێشبینیان بۆ هەموو کەسێک کرد- بەبێ گوێدانە تەندروستیان یان جیناتیان – بۆ مانەوە لەژیاندا و بۆیان ئاشکرابوو کارکردنی ئەندامەکانی لەش لە تەمەنی 150 ساڵیدا بە تەواوی شکست دەهێنێت، ئەمەش سنوورێکی تیۆرییە بۆ درێژترین تەمەن مرۆڤ پێی بگات.
جودیس کامپیسی مامۆستا لە پەیمانگەی باک بۆ توێژینەوە لەسەر پیربوون لە شاری نۆڤاتۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بە لایڤ ساینس-ی راگەیاند: توێژینەوەکانی وەک ئەم توێژینەوەیە «لە داتای مێژوویی و ئێستای دانیشتوانەوە وەرگیراوە» ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە پێشبینییە، بەڵام لەسەر بنەمای ژمارەیەکی باش مرۆڤ دروستکراوە.
شایەنی باسە نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات لە ساڵی 2020دا 573 هەزار کەسی سەد ساڵە لە جیهاندا لە ژیاندا بوون، کە زیاتر لە 20 هێندەی 50 ساڵ پێش ئێستایە.
گومانیشی تێدا نییە تەمەنی مرۆڤ گۆڕاوە، ئەمەش لەلایەن نووسەرانی توێژینەوەکەوە پشتڕاستکرایەوە، کە زۆرترین یان درێژترین تەمەنی مرۆڤ لە ڕووی زانستییەوە هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە جێگیر نییە.
جودیس کامپیسی ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا چەندین هۆکاری بێشومار هەن، لە داهاتەوە تا سیستمی خۆراکیی، کە رەنگە کاریگەرییان هەبێت لەسەر ماوەی تەمەنی مرۆڤ، لە کاتێکدا ئەو ئەمجۆرە لێکۆڵینەوانە لە بنەڕەتدا بە ناڕوون دەزانێت، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە جگە لە روودانی گۆڕانکاری لە سیستەمی بایۆلۆژی مرۆڤدا، شتێک لێی دڵنیابین ئەوەیە دواجار: «هەموومان دەمرین!».
سەرچاوە: عربی بوست

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان