وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆراتی ساڵانەی خۆیدا لەبارەی رەوشی ئازادیی ئایینیەوە، بە ئەرێنی باسی ھەرێمی کوردستان دەکات و رەخنەی توند ئاڕاستەی ھێزە ئەمنیەکانی عیراق دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی 2022 لەبارەی ئازادی ئایینی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ساڵانێکی زۆرە ئازادیی پەیڕەوکردنی ھەموو جۆرە ئایینەکان لە لایەن ھەموو پێکھاتەکانەوە لە ھەرێمی کوردستان رێگەپێدراوە، بەڵام لە دەرەوەی سنووری ئەو ھەرێمە، لە عیراقدا بە تایبەتیش لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە پەیڕەوکردنی ئایین لە پێکھاتەکانی تر سنووردارکراوە و رێگەیان پێنادەن.
ئاماژەشی بەوەشکردووە، شەڕی مەزھەبی گروپە چەکدارەکان لەسەرانسەری عیراقدا بەردەوامە بێجگە لە ھەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئەم راپۆرتە پشتیبەستووە بە سەرکردە ئاینییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان، بە پێی وتەی ئەوان ھێزە ئەمنییەکانی عیراق کەمیینەکانی ئەو وڵاتەیان ھەراسانکردووە.