راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لە راگەیەنراوێكدا، ئەوەی خستۆتەڕوو كە بڕی 180 ملیۆن دینار بۆ تەندروستیی سلێمانی دابینكراوە.
لە راگەیەنراوەكەدا، ئاماژە بەوەش كراوە كە دوای دروستبوونی گرفتی نەمانی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی لە نەخۆشخانەی شار و هەروەها بەنزین و گاز بۆ ئەمبوڵانسەكانی سەنتەری فریاكەوتنی خێرای تەندروستیی سلێمانی، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان،
بڕی 100 ملیۆن دیناری بۆ كڕینی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی و 80 ملیۆن دیناری دیكەشی بۆ كڕینی بەنزین و گاز دابینكرد، كە لە ماوەی رابردوودا یەكێكبوون لە كێشەكانی بەردەم تەندروستیی سلێمانی.
راگەیەنراوەكەی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، تەئكید لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە لەكاتی بوونی ئاستەنگ و كێشەكانی كەرتی تەندروستیدا، یەكێتی؛ هەمیشە پێشەنگبووە لە خزمەتگەیاندن و چارەسەركردنی كێشەكانی كەرتی تەندروستی.