قەرزی ئەمریکا و فەلسەفەی هەردوو پارتەکەی

09:58 - 2023-05-21
ئابووری
439 جار خوێندراوەتەوە
#بانکی فیدراڵی ئەمرێکا

فەیسەڵ عەلی
بەهۆی مانۆڕە سیاسییەکانی نێوان کۆشکی سپی و کۆمارییەکانەوە سەبارەت بە بەرزکردنەوەی سەقفی قەرزی حکومەتی ئەمریکا بۆ سەرو 31 ترلیۆن دۆلار، پێشبینی روودانی هێدمەیەکی گەورەی بازاڕی دارایی دەکرێت، ئەو مانۆڕەش بە کردەوە دەستی پێکرد، کاتێک جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کە رێگە بە کۆمارییەکان نادات، سەقفی قەرزەکان وەک ئامرازی گوشارخستنەسەر حکومەت بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان بەکاربهێنن.
سەرچاوەی جیاوازیی نێوان هەردوولا بۆ جیاوازیی ریشەی فەلسەفی هەریەک لەو دوو پارتە دەگەڕێتەوە، کۆمارییەکان بڕوایان بە کەمکردنەوەی قەبارەی هەژموونی حکومەتە بۆ ئەوەی ئابووری بە رێگەی سروشتی و بەبێ دەستوەردانی هەرلایەنێک هەر کەسێک کاری خۆی بکات، لە هەمان کاتیشدا پێیان باشە قەبارەی پشتیوانی حکومی بۆ تاک و کۆمپانیان کەم بکرێتەوە، چونکە پرنسیپی کۆمارییەکان ئازادیی ئابووریی پشت بەخۆبەستنە.
رۆڵی حکومەت
لە بەرامبەریشدا، هزری دیموکراتی زیاتر بەلای بەشداریکردنی زیاتری حکومەتە لە کۆمەڵگەدا، تەنانەت ئەگەر ئەوەش زیادبوونی قەبارەی کەرتی حکومی و بەرزبوونەوەی تێچوونی کۆمەڵگەی بەدوادا بێت، تا دەستی یارمەتی درێژ بکەن بۆ هەموو ئەوانەی ناتوانن رەوشی داراییان باش بکەن، لەبەرئەوەی هزری دیموکراتی  تارادەیەک لەگەڵ هزری سوسیالیستیدا ناکۆکە، کە تێیدا حکومەت رۆڵێکی گەورەی هەیە لە چاودێریی وڵات و یارمەتی کەمدەرامەت و پەککەوتووەکان.
کۆمارییەکان گفتوگۆکانی بەرزکردنەوەی سەقفی قەرزەکان بەکاردەهێنن تا گوشار بخەنە سەر کۆنگریس بۆ ئەوەی قەبارەی خەرجییەکان کەمبکەنەوە، کە بە دیارترین هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی قەبارەی قەرزی ئەمریکای دەزانن، هەروەها دێژەدان بە قەرزکردن پرسی لەدەست دەرچوونی قەبارەی قەرزەکان و هەڵكشانی تێچوونی بەرەنگاربوونەوەی چارەسەر ناکات، کە ئێستا لە یەک تریلۆن دۆلار بۆ ساڵێک بەرزبۆتەوە.

قەبارەی قەرزەکان
بە بەراوردکردنی قەبارەی قەرزی حکومەتی ئەمریکا بە قەبارەی قەرزەکانی جیهان، قەرزی ئەمریکا نزیکەی %10ی کۆی قەرزی نیشتمانییە لە جیهاندا، بێگومان ئەم رێژەیە گەورە و مەترسیداریشە، هۆکارەکەشی بۆ کورتهێنانی ساڵانەی بودجەی گشتیی حکومەت دەگەڕێتەوە، کە بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە بەردەوامە، دواترین زێدەی بودجەی گشتی لە ساڵی 2001دا بووە. کورتهێنان بەسەر بودجەی گشتییدا بۆ ساڵانێکی درێژ بەردەوام بووە، بە نزیکەی (100 بۆ 200) ملیار دۆلار ساڵانە، دوای قەیرانی دارایی ساڵی 2008 بۆ 1.3 ترلیۆن دۆلار بەرز بۆوە، بەهۆی قەیرانی پەتای کۆرۆنا لە ساڵی 2020 بۆ 3.1 ترلیۆن و لە ساڵی 2021 بۆ 2.8 بەرز بۆوە، تا ئێستاش ساڵانە زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلار بەرز دەبێتەوە.
لە نێو دەوڵەتانی گروپی بیستدا، بۆ ساڵی 2023، بەپێی پێشبینییەکانی سەنتەری (ستاتیستا)ی تایبەت بە ئامار، بەرزترین رێژەی قەرزی گشتی بۆ کۆی بەرهەمی ناوخۆیی هی ژاپۆنە کە بە نزیکەی %161 دادەنرێت، بە دوایدا ئیتالیا دێت بە %129، پاشان فەرەنسا و بریتانیا و ئەمریکا بە نزیکەی %100 دێت.
بە تێڕوانینی دیموکراتەکان، جگە لە رێگەی قەرزکردن بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ساڵانە هیچ رێگەیەکی تریان لە بەردەستدا نییە، چونکە بەرزکردنەوەی داهات لەڕێی باجەوە بە پرسێکی ئێجگار هەستیاری دەزانن، هەرچەندە حکومەت لە ساڵی 2022دا بڕی 4.9 ترلیۆن دۆلاری لەڕێی باجەوە کۆکردەوە، هەروەها پرسی داشکاندنی خەرجیی گشتی و کۆمەڵگەیی وەک ئەویدی بە پرسێکی هەستیار دەزانن و گورزێکی گەورە دەبێت لە قوڵایی هزری دیموکراتی و بنچینەکانی دەهەژێنێت.

چین و ژاپۆن
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی پێ بکرێت، رێژەی ئەو سوودە داراییەی حکومەتی ئەمریکایە وەک دەستهاتی هەڵگرانی سەنەداتەکانی بۆ خۆی دەگەڕێتەوە، ئەویش بە حوکمی ئەوەی گەورەترین کڕیاری قەرزی حکومی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، ئەنجومەنی یەدەکی فیدراڵییە، کە بە پێی سیستمی کارکردنی ئەو سوودەی دەستی دەکەوێت دەیگێڕێتەوە بۆ خودی حکومەت، بە جۆرێک زیاتر لە %40ی قەرزی گشتیی حکومەتی ئەمریکا هی یەدەکی فیدراڵی ئەمریکایە. بەڵام لەگەڵ ئەم راستییەشدا، هێشتا سوودە شایستەکان ئێجگار گەورەن و بە بەردەوامی بەهۆی کورتهێنانی ساڵانەی بودجەی گشتییەوە زیاد دەکات، هەروەها بەهۆی بەرزبوونەوەی نێوەنجی سوود کە لە سەرەتای 2022وە چەند قات بەرز بۆتەوە.
چەند دەوڵەتێکی جیهان خاوەنی نزیکەی %25ی قەرزی ئەمریکان، کە لە ساڵی 2022 نزیکەی 7.4 ترلیۆن دۆلار بووە، لە ساڵی 2014دا ئەو رێژەیە نزیکەی سێ یەکی قەبارەی قەرزەکانی ئەمریکا بووە، بەڵام لەو کاتەوە بەهۆی ئەوەی هەندێک لە دەوڵەتان دەستبەرداری سەنەداتی ئەمریکا بوون، رووی لە داکشان کردووە، بەڵام هێشتا هەریەک لە چین و ژاپۆن بە یەکەوە خاوەنی نیوەی قەبارەی قەرزەکانی ئەمریکان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان