خەڵاتی زێڕینی بلە بەخشرایە نۆ كەسی نموونەیی

11:22 - 2023-05-21
کوردستان
343 جار خوێندراوەتەوە
رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە

دوێنێ 20/5/2023، لە تەلاری هونەر لە سلێمانی، لە رێوڕەسمێكدا خەڵاتی زێڕینی بلە بۆ ساڵی 2023 بەخشرایە نۆ كەسایەتی، كە لە بوارە جیاوازەكاندا خزمەتی كورد و كوردستانیان كردووە.
لە رێوڕەسمەكەدا، كە د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق و ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتیی حكومی و حزبی و چینوتوێژەكان ئامادەبوون. سەرەتا هۆنراوەیەكی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و پاشانیش هەردوو سروودی نیشتمانیی كوردستان و عیراق، پێشكەشكران.
لە بەشی دواتری رێوڕەسمەكەدا، میوزیكی دوو سروود لە نووسینی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، لەلایەن ئۆكێسترای ماڵی میوزیك پێشكەشكرا. پاشان فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری لەسەر ژیانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد پێشكەشكرا، كە بڕیارە درێژەی فیلمەكە لە رۆژانی ئایندەدا لە كەناڵی كوردسات پەخش بكرێت.
هەر لە رێوڕەسمەكەدا، وتاری لیژنەی باڵای خەڵاتی زێڕینی بلە لەلایەن خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خوێندرایەوە و رایگەیاند: «ئەم رێوڕەسمە ئاوڕدانەوەی جدییە لەو كەسایەتییانەی كە ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی گەلی كورد و كوردستان تەرخان كردووە، هەروەها بۆ ئەو نووسەر و ئەدەبدۆست و مێژوونووسانەیە كە بە میللەتەكەمان بێگانەبوون، بەڵام رۆڵی گرنگیان لە دۆزی میللەتەكەماندا بینیوە، ئێمەش پێیاندەڵێین كە ئێوە لەبیرناكەین».
ئاماژەی بەوەشكرد كە «نووسین و پڕۆژەكانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، هەموو سنوورەكانی تێپەڕاندووە و بەڕوونی لە نووسینەكانیدا ئاماژە بە باوەڕی دیموكراسیی خۆی و خەباتی ژنان لە خەباتی سیاسیدا دەدات، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هزر و بیركردنەوەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، دەبینین كە نووسینەكانی كاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر رەوتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و عیراقیشدا».
لە كۆتایی وتەكەیدا، خاتوو شاناز، سوپاسی هەموو ئەو كەسانەی كرد كە هاوكاربوون لە رێكخستنی رێوڕەسمەكەدا و هیوای خواست لە ساڵی ئایندەدا بتوانن چەندین كەسایەتیی دیكە، كە خزمەتیان بە فەرهەنگ و مێژوو و دۆزی میللەتی كورد كردووە، خەڵات بكەن.
پاشان، رێوڕەسمی پێشكەشكردنی خەڵاتی زێڕینی بلە دەستیپێكرد، كە بە نۆ كەسایەتیی دیار و نموونەیی بەخشرا و بریتیبوون لە:
-خاتوو نێرگز، خەڵاتی دایكی نموونەیی پێبەخشرا، كە یەكێكە لە رزگاربووانی پڕۆسەی ئەنفال و بە مامانی ئەنفال ناسراوە.
-محەمەد عەلی قەرەداغی، خەڵاتی نووسەری نموونەیی پێبەخشرا.
-ئاكۆ جەلیلیان، خەڵاتی زێڕینی بلەی بۆ پاراستنی زمان پێبەخشرا.
-حاكم قاسم عوسمان، خەڵاتی دادوەری نموونەیی پێبەخشرا.
-بوار نورەدین، خەڵاتی زێڕینی بلەی بۆ توێژەری نموونەیی پێبەخشرا.
-مۆرین مەكلەكی، خەڵاتی زێڕینی بلەی بۆ چالاكوانی نموونەیی پێبەخشرا.
-د.ئیسماعیل قەمەندار، خەڵاتی زێڕینی بلەی بۆ نووسەر و ئەكادیمیستی نموونەیی پێبەخشرا.
-خاتوو ئانكلۆید، خەڵاتی دۆستی نموونەیی كوردی پێبەخشرا.
-جەنگیز چاندار، خەڵاتی زێڕینی بلەی بۆ رۆژنامەنووس و نووسەری نموونەیی دۆستی كوردی، پێبەخشرا.
PUKMEDIA



بابەتە پەیوەندیدارەکان