‎سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی: ‎ دەبێت بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ئەرکی لە پێشینەمان بێت

10:04 - 2023-05-23
کوردستان
417 جار خوێندراوەتەوە

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەڤاڵان رەفعەت عەبدوڵڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و ئاسۆ مامەند، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال
‏‎لە دەباشان پێشوازیان لە سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کرد.
‏‎سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ستایشی رۆڵی مێژوویی و ئازایانەی فراکسیۆنی یەکێتی کرد و پشتیوانی تەواوی یەکێتی بۆ سەرۆکی پەرلەمان دووپاتکردەوە کە لە دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، رێگریان لە کارێکی یاساشکێنی کرد و ئیرادەی خەڵکیان سەرخست و رێگرییان لە شکاندنی شکۆی پەرلەمان گرت. وتیشی، هەڵوێستی دوێنێتان بۆ سەرخستنی ئەزموونی دیموکراسیی هەرێم مایەی شانازیی یەکێتی، دڵسۆزانی گەل و دۆستانی دیموکراسی بوو کە دەیانەوێت هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و یاری بە چارەنووس و دەنگی خەڵکەوە نەکرێت.
‏‎سەرۆک بافڵ راشیگەیاند، لەسەرەتای دروستبوونی کێشە سیاسی و یاساییەکانەوە سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، یەکێتی بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە کاری بۆ سازان و رێکەوتنی نیشتمانی کردووە و ھەنگاوی پێویست نراوە  لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکاندا کە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و ھاوتەریب کۆمسیۆنیش کارابکرێتەوە. دوور لە خۆسەپێنی خواستی کۆمەڵانی خەڵکی تێدا جێبەجێ بکرێت و کورسی کۆتاکان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکان بەکارنەهێرێت وەک ئەوەی دوێنێ بینیمان و بەداخەوە ئەوەی نەدەبوو رووبدات، روویدا.
‏‎لەبارەی نوێنەرایەتی پێکهاتەکان و هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆیانەوە سەرۆک بافڵ وتی، ئێمە لە سەرەتاوە داوامانکردووە پێکهاتەکان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بکەن و لە ململانێ سیاسی و حزبییەکاندا بەکارنەهێنرێن.
‏‎لەبەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، وێڕای هەڵوەستەکردن لە سەر دۆخی گشتیی هەرێم و عیراق بەرچاوروونیدایە پەرلەمانتارانی یەکێتی و داوایکرد، وەک هەمیشە پشتبەستوو بە یاسا لە سەنگەری بەرگری لە مافەکانی خەڵکدا بن و رێگە نەدەن دامەزراوەی شەرعی و یاساییەکان بۆ بەرژەوەندی حزبی بەکاربهێنن و شکۆی دامەزراوە نیشتمانییەکان لەکەدار بکرێت.
‏‎لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ گەشبینی خۆشی نیشاندا کە بە پشتیوانیی دڵسۆزانی گەل و وڵات ئەم دۆخەش تێدەپەڕێنین و داوایکرد، هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغە هەستیارەدا بکەن. وتیشی، دەبێت بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ئەرکی لەپێشینەمان بێت.
‏‎سەرۆكی یەكێتی وتیشی، سەرباری ئەو كێشەیەی لە پەرلەمان روویدا، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان 
‏‎لەسەر باوەڕە نەگۆڕەكانی خۆی سوورە و دەرگای بۆ هەموو گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنێك كراوەیە كە ئامانج لێی چارەسەركردنی كێشەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد بێت لە وادەی خۆیدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان