ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
ئه‌نتۆنیۆ گۆتیرێش سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له وته‌یه‌كدا كه له كۆنگره‌ی وڵاتانی7 له هێرۆشیما پێشكه‌شی كرد رایگه‌یاند: كاتی ئه‌وه هاتووه چاكسازی و گۆڕانكاریی له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و سیستمی بریتۆن ودز-دا بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی رێكخراوی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و سیستمی بریتۆن ودز-یش ره‌نگدانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێزی جیهانن له ساڵی 1945دا و ئێستاش پێویستیان به گۆڕانكاری و نوێكردنه‌وه هه‌یه تا له‌گه‌ڵ واقیعی ئه‌مڕۆی جیهاندا بگونجێن.
مۆته‌كه‌ی مایه‌پوچبوون
گۆتیرێش وتی: «ئه‌و په‌یكه‌ربه‌ندییه‌ی بۆ سیستمی ئابووری جیهان داڕێژراوه، به‌سه‌ر چووه و توانای جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی خۆشی نه‌ماوه، كه بریتییه له پاراستنی ئابووری جیهان له به‌رامبه‌ر كاره‌ساته ئابوورییه‌كاندا، نموونه‌ی ئه‌و بێتواناییه‌ش زۆر به روونی له سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای كۆرۆنا و جه‌نگی روسیا و ئۆكرانیادا ده‌ركه‌وت». ئه‌وه بوو له سه‌رهه‌ڵدان و ته‌شه‌نه‌كردنی په‌تای كۆرۆنادا سیستمی ئابووری جیهانی به ته‌واوی په‌كی كه‌وت هه‌موو ئه‌و وڵاته زلهێزانه‌ی سه‌رقاڵی مامه‌ڵه‌كردن بوون به نه‌وته‌وه، بۆ ماوه‌یه‌ك به گیرفانی به‌تاڵ گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی نرخی نه‌وت ئه‌وه‌نده دابه‌زی كه مایه‌كه‌ی خۆی نه‌ده‌كرده‌وه، ئه‌مباره‌كانی نه‌وت پڕبوون و به‌كاربه‌ریان نه‌بوو، كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی نه‌وت، مۆته‌كه‌ی مایه‌پوچبوون خه‌وی زڕاندبوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌نده توانای به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتت هه‌بێت، ئه‌گه‌ر توانای ساغكردنه‌وه‌یت نه‌بێت، هیچت نه‌كردووه.
دوو هه‌ڵه‌ی گه‌وره
سه‌باره‌ت به جه‌نگی روسیا و ئۆكرانیاش، هه‌موو جیهان، به تایبه‌ت جیهانی سه‌رمایه‌داری كه‌وته دوو هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌وه، هه‌ڵه‌یه‌كیان ئه‌وه بوو كه هه‌موان پێیان وابوو له رووی سه‌ربازییه‌وه چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك نابات و روسیا ئۆكرانیا به ته‌واوی داگیر ده‌كات، هه‌ڵه‌ی دووه‌میش كه زۆر زه‌ق و كاریگه‌ر بوو، وڵاتانی خۆرئاوا پێیان وابوو روسیا له‌و جه‌نگه‌دا له رووی ئابوورییه‌وه هه‌ره‌س ده‌هێنێت، به تایبه‌ت دوای سه‌پاندنی سزای ئابووری له‌لایه‌ن ئه‌وروپا و ئه‌مریكاوه به‌سه‌ر روسیادا و سنووردار كردنی نرخ و ئاستی هه‌نارده‌ی نه‌وتی روسیا، ئه‌و بۆچوونه‌ش وا ده‌رنه‌چوو، كه‌واته تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كێشه ئابووری و سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی ئه‌مڕۆی جیهان له جێی خۆیدا نییه.
گۆتیرێش ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كه هه‌ستی كردووه وڵاتانی تازه‌گه‌شه‌كردوو هیچ گۆڕانكارییه‌ك به‌دی ناكه‌ن له دامه‌زراوه جیهانییه‌كاندا سه‌باره‌ت به هه‌وڵ ماندوبوون و به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌وان، هه‌وڵێكی جدی نابینن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شكسته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی سیستمی جیهانی، ئه‌م هه‌سته‌ی گۆتیرێش له‌خۆیه‌وه دروست نه‌بووه، به‌ڵكو بنه‌مای به‌رجه‌سته‌ی هه‌یه.
چین و هیندستان
سندوقی نێوده‌وڵه‌تی نه‌خت له راپۆرتی خۆیدا كه تایبه‌ت بوو به ئاسۆی ئابووری جیهان و له مانگی كانونی یه‌كه‌مدا بڵاوی كرده‌وه، باسی له‌وه كردووه كه ئابووری هیندستان ئه‌م ساڵ و ساڵی داهاتووش به رێژه‌ی %6 گه‌شه ده‌كات.
پیێر ئۆلیڤێ گۆرینشا پسپۆڕی ئابووری و به‌ڕێوه‌به‌ری تویژینه‌وه‌كان له سندوقی نێوده‌وڵه‌تی نه‌خت ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له ساڵی 2023دا، به ته‌نیا چین و هیندستان %50ی كۆی گشتی گه‌شه‌ی ئابووریی جیهان پێكده‌هێنن، ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه كه هێزی ئابووری حه‌وت وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی جیهان كه به كۆمه‌ڵه‌ی حه‌وت ناسراوه، به جۆرێك پاشه‌كشه‌ی كردووه، له ساڵی 2023دا ته‌نیا %29,9ی داهاتی گشتی ناوخۆی جیهانی پێكبهێنێت، ئه‌و رێژه‌یه تا ساڵی 1980ش زۆر جیاواز بوو، ئه‌و كاته هێزی ئابووری حه‌وت وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه %50,7ی داهاتی گشتی ناوخۆیی جیهانی پێكده‌هێنا.
گفتوگۆ ده‌ستی پێكرد
له دوای كۆنگره‌كه‌ی ئه‌م جاره‌ی هێرۆشیمای ژاپۆنه‌وه، ئه‌گه‌ری هه‌یه وڵاتانی جیهان، به تایبه‌تیش كۆمه‌ڵه‌ی حه‌وت بیرێك له گۆڕانكاریی بكه‌نه‌وه، سكرتێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌وباره‌یه‌وه رایگه‌یاند: گفتوگۆكانی ئه‌م جاره‌مان كه له هێرۆشیما به‌ڕێوه‌چوو كاریگه‌رییان ده‌بێت، چونكه وڵاتانی ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی حه‌وت توانییان له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له وڵاته تازه گه‌شه‌كردووه‌كانی جیهاندا ده‌ست به گفتوگۆ بكه‌ن، هه‌ڵبه‌ت خودی ژاپۆن زۆر به په‌رۆش بوو بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رانی وڵاتانی تازه گه‌شه‌كردوو بانگێشت بكرێن بۆ كۆنگره‌كه، هه‌ر بۆیه ناریندرا مودی سه‌رۆكی هیندستان و لۆلا دا سیلڤا سه‌رۆكی به‌رازیل و جۆكۆ ویدۆدۆ سه‌رۆكی ئیندۆنیسیاش له كۆنگره‌كه‌دا ئاماده بوون.
وڵاتانی زلهێزی ئابووری جیهان هه‌ر ده‌بێ له‌گه‌ڵ وڵاتانی تازه گه‌شه‌كردوودا بكه‌ونه گفتوگۆوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێك وڵاتی تازه گه‌شه‌كردوو ئابوورییان به راده‌یه‌ك پێشكه‌وتووه، كه ناكرێ نادیده بگیرێن، چ وه‌ك هێزی كار و سه‌رمایه‌ی مرۆیی پێشكه‌وتوو، یان وه‌ك بازاڕ و ساغكردنه‌وه‌ی كاڵا، ئه‌م وڵاتانه له‌مه‌ودوا كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هاوسه‌نگی ئابووری جیهان ده‌بێت.
سه‌رچاوه: ئاژانسه‌كان