رێگە بە پێكهاتەكان نادرێت رۆڵی راستەقینەی خۆیان لە پەرلەماندا ببینن

01:05 - 2023-05-25
کوردستان
201 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، تەئكیددەكاتەوە كە «یەكێتی، پشتیوانیی پێكهاتەكانی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی دەنگی راستەقینەیان لە پەرلەمانی كوردستاندا هەبێت». بەڵام ئەوەی لە كۆبوونەوەی رۆژی 22/5/2023ی پەرلەمانی كوردستاندا بینرا، دووپاتكردنەوەی ئەوەیە كە «پارتی؛ بە پێكهاتەكان پرسە نیشتمانییەكان لە بەرژەوەندیی خۆی یەكلادەكاتەوە». لێپرسراوی بۆردی پێكهاتەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش دەڵێت: پێكهاتەكان لە پەرلەمان كراون بە داردەستی لایەنێكی سیاسیی دیاریكراو، كە یەكێتی بۆ مافی پێكهاتەكان هەرگیز ئەوە قبووڵ ناكات و دەیەوێت پێكهاتەكان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن لە پەرلەمان و نەچنە ژێر هەژموونی هیچ حزبێكەوە».
بەشداریی پێكهاتەكان لە پەرلەماندا پڕ‌ۆژەی سەرۆك مام جەلال بوو
حەسیبە عەبدوڵڵا لێپرسراوی بۆردی پێكهاتەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ PUKMEDIA، رایگەیاندووە: سەرۆك مام جەلال، خاوەنی بیرۆكەی هێنانەناوەوەی نوێنەری پێكهاتەكانە بۆ پەرلەمانی كوردستان، هیچ حزب و لایەنێك بۆی نییە داكۆكیكردن لە پێكهاتەكان، بە یەكێتی بفرۆشێتەوە». وتیشی: «پێكهاتەكان كراون بە داردەستی لایەنێكی سیاسیی دیاریكراو لە پەرلەمانی كوردستاندا، ئەوانەی نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان دەكەن تەنها نوێنەرایەتیكردنێكی كارتۆنییە و نەیانتوانیوە نوێنەرایەتیی راستەقینەی پێكهاتەكان بكەن، چونكە بە دەنگی ئەوان نەچوونەتە پەرلەمان، بەڵكو ئەو لایەنە سیاسییە بە دەنگی زێرەڤانی دەریچاندوون و خستوونێتییەژێر هەژموونی خۆیەوە، ئەوەش خاڵی ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتییە لەسەر پێكهاتەكان، كە یەكێتی دەیەوێت پێكهاتەكان نوێنەری راستەقینەی خۆیان لە پەرلەماندا هەبێت».
پێكهاتەكان رۆڵی راستەقینەی خۆیان بگێڕ‌ن
یەكێتی هەوڵیداوە پڕ‌ۆژەكەی سەرۆك مام جەلال بۆ پێكهاتەكان بەردەوامبێت و پێكهاتەكان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت لە پەرلەماندا و هیچ فشارێكیان لەسەر نەبێت، هەروەها كورسییەكانیان بەشێوەی جوگرافی راستەقینە دابەشبكرێن.
حەسیبە عەبدوڵڵا، دەڵێت: «یەكێتی دەیەوێت پێكهاتەكان لەسەر هەمان پڕۆژەكەی سەرۆك مام جەلال، بتوانن رۆڵی راستەقینەی خۆیان بگێڕ‌ن و هیچ فشارێكیان لەسەر نەبێت، بەڵام ئەو كەسانەی كە نوێنەری پێكهاتەكان دەكەن یان ئەندامی ناوچەن یاخود پلەیەكی حزبییان هەیە و لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە فەرمان وەردەگرن و مووچەشیان هەیە». راشیگەیاند: «قسەی یەكێتی لەسەر ئەوەیە كە دەبێت پێكهاتەكان دابەشبكرێن بەشێوەی جوگرافیی راستەقینە، ئەوەی لەو روانگەیەوە كە لە کفری توركمان، لە هەڵەبجە كاكەیی و لە سلێمانیش مەسیحی هەیە، ئەگەر دابەشبوونی پێكهاتەكان بە مەبەست نییە، خێرە سەرجەم كورسیی پێكهاتەكان لە سنووری هەولێر و دهۆكە».
نوێنەری پێكهاتەكان بە دەنگی پارتی لە پەر‌لەمانن
نوێنەری پێكهاتەكان لە پەر‌لەمانی كوردستان بە دەنگی پێكهاتەكان نەبوونەتە ئەندام پەر‌لەمان، بەڵكو بە دەنگی كادری ناوچە و لق و هێزی ئەمنی بوونەتە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان.
رۆژان شەهید حەمەڕ‌ەش ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە PUKMEDIAی وتووە: «نوێنەری پێكهاتەكان لە پەر‌لەمانی كوردستان نوێنەری راستەقینەی پێكهاتەكان نین و بەدەنگی هێزەكانی پارتی هێنراونەتە پەرلەمان و زۆرینەیان كادری پارتین و كارگێڕ‌ی لقەكانیانن». وتیشی: «یەكێتی دژی پێكهاتەكان نییە، بەڵكو داوای مافی راستەقینەی پێكهاتەكان دەكات، ئەوە سەرۆك مام جەلال بووە كە بۆ یەكەمجار داوای كورسی بۆ پێكهاتەكان كردووە لە پەرلەمانی كوردستان، ئیتر چۆن ئێستا دژی دەبێت».
بەناوی پێكهاتەكانەوە سازانی نیشتمانییان تێكداوە

 بەناوی پێكهاتەكانەوە لە پەرلەمانەوە هەوڵی تێكدانی سازانی نیشتمانیی هەرێم دەدرێت.

كاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی، دەڵێت:»یەكێتی هەمیشە لەسەر بنەمای راسپاردەی سەرۆك سەرۆك مام جەلال، باوەڕ‌ی بە مافی پێكهاتەكان هەبووە، بەڵام بۆ پێكهاتەیەك نا كە بەشێك بێت لە تێكدانی سازانی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستاندا». وتیشی: «پێكهاتەیەك كە بە دەنگی لق و ناوچەی پارتی و هێزی زێرەڤانی بووبێت بە نوێنەری پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان و نوێنەری راستەقینەی خودی پێكهاتەكان نەبن، هەر چاوەڕ‌وانی ئەوەیان لێدەكرێت كە ببنەهۆی تێكدانی یەكڕ‌یزیی و سازانی نیشتمانی». وتیشی: پێشتر چەند جارێك لەسەر كورسیی پێكهاتەكان دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی و مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی كۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك، بەوهۆیەشەوە یۆنامی بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە پێشنیازی خۆی پێشكەش بە یەكێتی و پارتی كرد، كە ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو «پێویستە پێكهاتەكان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن لە پەرلەمان و بە دەنگی پێكهاتەكانی هەرێم دەرچن، هەروەها پێشنیازی كردبوو پێویستە كورسیی پێكهاتەكان بەسەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستاندا دابەشبكرێن، بەڵام پارتی بەو پێشنیازەش رازی نەبوو و رەتیكردەوە».
ئێستا دەنگی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ خواستی حزب و دوور لە داواكاریی راستەقینەی پێكهاتەكان بەكاردەهێنرێت و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش داوادەكات پێكهاتەكان نوێنەری راستەقینەیان لە پەرلەمان هەبێت، نەك وەك ئەوەی كە ئێستا هەیە لە پەرلەمان كە بە فەرمانی پارتی دەجوڵێنەوە، وەك ئەوەی لە دانیشتنەكەی رۆژی 22/5ی پەرلەماندا بینراو لەگەڵ پەرلەمانتارەكانی پارتی جیانەدەكرانەوە.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان