48 ساڵ خەبات و قوربانی

12:24 - 2023-06-01
کوردستان
144 جار خوێندراوەتەوە
سەرەڕای بەربەستەکان ورەی پێشمەرگە بەرز بوو

 نەرمین عوسمان محەمەد

زۆرن ئەو گەلانەی جیهان كە لەپێناوی مافی رەوای خۆیاندا دەجەنگن و خەبات دەكەن، ئێمەی كوردیش یەكێكین لەو گەلانەی كە مێژوییەكی دوورودرێژمان هەیە لە خەبات و قوربانیدان و شۆڕشدا هەرلە سەردەمی شێخ سەعیدی پیرانەوە تا دەگاتە مەلیک مەحمودی نەمر و رۆژگاری ئەمڕۆمان.
ئەمڕۆ ئەگەر قسە لەسەر شۆڕش بێت، قۆناغ قۆناغی شۆڕشی پەرلەمانی و میدیایی و دیپلۆماسییە و شۆڕشی ئاشتیخوازانەیە، یەکێتیش لەو رەوتە مۆدێرنە  دوانەکەوتووە.
ئێستا یەکێتی بە خەباتی مەدەنی و قانوونی و پەرلەمانی ئازایانە و ئازادانە بەرگریی لە مافە رەواكانی خەڵکی كوردستان دەكات. لەسەر ئاستی سیاسیش لەنێو ئەم كۆڕی خەباتەدا ئەگەر بە یادو یادگەی خۆماندا بچینەوە، دەبینین یەکێتی لە نزیکەی نیو سەدەی رابردوودا یەكێكبووە لەو حزبە تێكۆشەر و بەئەمەك و شۆڕشگێڕانەی کە پێشڕەوایەتیی هەموو قۆناغ و شێوازەکانی خەباتی کردووە.
 هەر لە سەرەتاوە و لە سەرەتاکانی دامەزراندنییەوە بە هەڵوێست و بوێر و داهێنەر بووە چ لەڕووی گۆڕینی مۆدێلی حزبایەتیی تەقلیدییەوە و چ لە بواری خەباتی چەکداریی و شۆڕشگێڕی و بەرگریدا لە ماف و بوون و مانەوەی گەلی كورد لە باشووری کوردستان کە هەڕەشەی جدیی تواندنەوە و سڕینەوەی ناسنامەی لەسەربوو.
ئەم حزبە بە درێژایی مێژووە پرشنگدارەکەی لە هەموو قۆناغەکاندا خاوەنی بیری سەربەخۆی خۆی بووە و لەپێناوی هێنانەدیی ئامانجە رەواكانی گەلەكەماندا هەمیشە لە ریزی پێشەوەی قوربانیداندا نووە و گەواهیدەری ئەم راستییەش داستان و نەبەردییەکانی و ژمارەی شەهیدەکانێتی.
یەكێكی دیكە لە سەروەرییەكانی یەكێتی كە شكۆ و تایبەتمەندیی جیاکەرەوەی بەخشیوە بەم حزبە، بەرهەمهێنانی چەندین سەركردە و کادری لێهاتووە كە  بوونەتە سەرمەشقی شۆڕش لە سەنگەرەکانی بەرگریی و زیندانی فاشیستەکاندا و تا لە ژیاندا بوون، رێنیشاندەر و رێنوێنیكاری خەڵک و هەڤاڵەکانیان بوون و لە پاش شەهیدبوونیشیان كۆمەڵێك خەسڵەت و پڕەنسیپیان بەجێهێشتووە كە بۆتە مایەی لاساییکردنەوە و درێژەپێدانی ئەو رەوتە لەلایەن زۆرێک لە هەڤاڵەکانی دوای خۆیانەوە و تەنانەت لەلایەن جەلادی زیندانەکان و فەرماندە سەربازییەکانی سوپای دوژمنیشەوە ئەو خەسڵەتە مایەی سەرسامی بووە.
هەر ئەو خەسڵەتانە وای لە دوژمنان کردووە سەرەڕای لووتبەرزییان و نکۆڵیکردن لە رۆڵی تێکۆشەرانی ئەم رێبازە و نادیدەگرتنی قارەمانێتیان لەسەرەتای شۆڕشەوە، بەڵام بەناچاری لەپاش چەند ساڵێکی کەم ناچاربوون  دان بە بوون و پێگەی یەكێتیدا بنێن و داوای دانوستاندن و گفتوگۆی لێبکەن.
لە سەردەمی پاشەکشە و پووکانەوەی چەندین حزبدا لە کوردستان و ناوچەکە و بەرەوپێشچوونی سیستمی سیاسی جیهان و لەوکاتەی چەندین کەس و لایەن گرەویان لەسەر لاوازبوون و نەمانی یەکێتی دەکرد، ئەو لەو سەردەمەدا بووە ئەندامی کارای رێکخراوی سۆشیالیست ئینتەر ناشناڵ  و لەو رێگەیەوە توانی دەنگ و رەنگی كورد بگەیەنێتە ناوەندە جیهانییەکان و کورد و مەسەلەکەی باشتر بە جیهان بناسێنێت.
لەلایەكی دیكەوە فیكری یەكێتیانە، فیكرێكی میانڕەوی ئاشتیخوازانەیە، ئەو شێوازی خەباتەش توانیی رەوتێکی میانڕەو لە خەباتی کوردایەتی هاوچەرخ بهێنێتە ئاراوە کە کوردەواریی بەو شێوە خەباتە ئاشنا بکات و هەر ئەو میانڕەوییەش بووە مایەی كۆبوونەوەی خەڵكێکی زۆر لە دەوری ئەم حزبە.
خەسڵەتێکی دیکە کە یەکێتی بە مەزنی هێشتۆتەوە ئامادەبوون و بەدەنگەوەهاتنی دەستوبردی ئەو حزبەیە لەبەرامبەر هەموو ئەو نەهامەتی و رووداوانەی  کە لەسەر هەموو ئاستە جیاوازەكاندا بەرۆکی خەڵک دەگرێت و خەڵک پێویستی بە فریادڕەسێکی راستەقینەیە، ئالەو کاتانەدا یەکێتی و یەکێتییەکان لە سەنگەرەکانی پێشەوە دەردەکەون کە خەڵک وێڵی دوای فریادڕەسێکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری تەنگژە و ئاریشەكان.
ئەمڕۆش لەدوای ئەو هەموو سەروەریی و خۆڕاگریی و قوربانیدانەی مێژووی 48 ساڵەی تەمەنی ئەم حزبە، كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ئەندامان و دۆستانی یەكێتی و خەڵکێکی بەویژدانی کۆمەڵی کوردەواری بەرێز و شکۆوە ئەو یادە مەزنە بەرز رادەگرن.
جێی خۆیەتی هەموان سەری رێز و وەفاداری بۆ شەهیدانی یەکێتی، رێبوارانی رێگای رزگاریی و دیموکراسی دابنەوێنن، بە ئومیدی درێژەدان بە دەستكەوتەکانی حزبەكەیان و بە ئومێدی بەدیهێنانی ئەو دەستکەوتانەش کە بەدی نەهاتوون کە دڵنیان بۆ ئەوانەش کۆمەڵانی خەڵک چاویان لە هیمەتی یەکێتییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان