له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
ده‌رفه‌تی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆك و رۆمان و وێناكردنی دنیاكانی دیكه و ژیان له دنیا خه‌یاڵییه‌كاندا، یه‌كێكه له به‌هێزترین مه‌رهه‌مه‌كان بۆ ئازاره‌كانی ئێمه. خه‌یاڵ و فه‌نتازیا پاڵه‌وان و به‌دكارانێك نیشانی ئێمه ده‌دات كه له رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه دنیای خۆمان باشتر ده‌ناسین.
خه‌ڵكی هه‌ندێ جار به چاوی کەم بایەخەوە له ئه‌ده‌بی فه‌نتازی ده‌ڕوانن، هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا مه‌به‌ست له ئه‌ده‌بی فه‌نتازی، ریالیزمی جادوویی نییه كه لایه‌نگرێكی زۆری هه‌یه، به‌ڵكو مه‌به‌ست له‌و ژانره‌یه كه پڕه له شمشێر و جادووگه‌ریی و ئه‌ژدیها. باوه‌ڕی باو ئه‌وه‌یه كه مناڵان حه‌زیان له دنیای دروستكراو، گیانداری جادوویی و كاره‌كته‌ری ناو تاریكییه. به‌ڵام كاتێ گه‌وره ده‌بن، گوایه ناچارن بچن به‌لای ئه‌ده‌بی «گونجاو»دا، واته ئه‌ده‌بێكی كامڵ و سه‌نگین كه به شێوه‌یه‌كی جوان نووسرابێت. چونكه ئه‌و كتێبانه‌ی ده‌یانخوێنینه‌وه، پێناسه‌ی كاره‌كته‌ری ئێمه ده‌كه‌ن و ئه‌و كه‌سانه‌ی كتێبی جدی ده‌خوێننه‌وه، مرۆڤی جدین. به‌ڵام ئه‌م روانینه نیشانه‌ی نه‌ناسینی فه‌نتازیایه، باوكی ره‌مزی ئه‌م ژانره، یانی (جۆن تۆلكین-J.Tolkien) له‌م باره‌یه‌وه قسه‌ی زۆری هه‌یه.
ورده داهێنان
لووتبه‌رزی ئه‌و كه‌سانه‌ی رقیان له فه‌نتازیایه، پێشینه‌یه‌كی دوور و درێژی هه‌یه- به‌جۆرێك كه ساڵی 1947 جۆن تۆلكین هه‌ستی كرد ده‌بێت داكۆكی له‌م ژانره بكات و بۆ ئه‌مه‌ش وتارێكی نووسی به ناوی «له‌باره‌ی ئه‌فسانه‌وه«. له روانگه‌ی تۆلكینه‌وه، فه‌نتازیا و ئه‌فسانه ته‌نیا چیرۆك نین سه‌باره‌ت به بوونه‌وه‌ری خه‌یاڵی. به‌ڵكو ئه‌و چیرۆكانه‌ن كه له «جیهانی»ی بوونه‌وه‌ری خه‌یاڵیدا رووده‌ده‌ن. یانی له جیهانی دروستكراوی خۆیاندا هه‌ن، له‌و شوێنه‌دا كه هه‌ر رووداوێكی سه‌یروسه‌مه‌ره له‌وانه‌یه رووبدات، به‌ڵام هه‌میشه خوێنه‌ر ئه‌و چیرۆكانه به‌جدی وه‌رده‌گرێت. چوونه ناو جیهانێكی خه‌یاڵییه‌وه به مانای چوونه ناو جیهانێكی ساده و ده‌سكرد نییه، به‌ڵكو به‌كرده‌وه ده‌ست ده‌ده‌ینه جۆرێك له «ورده داهێنان» كه له رێگه‌یه‌وه جیهانێك له‌ناو جیهانی واقیعی خۆماندا ده‌خوڵقێین.
به‌ڵام بازنه‌ی وشه‌كانی ئێمه ناتوانێت ئه‌و دنیا تازه‌یه وه‌سف بكات كه دروستی ده‌كه‌ین. له راستیدا ئه‌و قه‌ڵه‌مڕه‌وه خه‌یاڵییه دیارده‌یه‌ك نییه قابیلی وه‌سف بێت و ناتوانین به وشه گوزارشتی لێبكه‌ین. وشه هه‌رگیز به ته‌نیا ناتوانێت كارێك بكات كه بتوانین به ته‌واوی له جیهانێكی جادوویی تێبگه‌ین. هه‌ر بۆیه پێویستیمان به توانای ورده داهێنان هه‌یه. كاتێك دنیایه‌ك دروست ده‌كه‌ین، به كرده‌وه دنیایه‌كی لاوه‌كی دروست ده‌كه‌ین كه به شێوه‌یه‌كی زیهنی ده‌چینه ناوی. ئه‌م دنیا نوێیه، لۆجیك و یاسا و رێسای خۆی هه‌یه. ئێمه له‌و دنیا تازه‌یه‌دا به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بینین و هه‌ست ده‌كه‌ین و ده‌ژین كه به ئاسانی به وشه‌ی سه‌ر كاغه‌ز قابیلی ده‌ربڕین نییه- ئه‌و ره‌نگ و ورده‌كاریی و دیمه‌ن و بۆن و شته سه‌یروسه‌مه‌رانه‌ش كه دروستیان ده‌كه‌ین به هه‌مان شێوه‌ن. هه‌ر بۆیه هه‌ندێ جار ئه‌و شتانه‌ی له سینه‌ماوه وه‌ریده‌گرین ئه‌وه‌نده نا راسته‌قینه دێنه به‌رچاو.
ئه‌گه‌ر (لۆردی ئه‌ڵقه‌كان- The Lord of the Rings)ت خوێندبێته‌وه، له مه‌به‌ستی تۆلكین تێده‌گه‌یت. بۆ نموونه «دنیای ناوه‌ڕاست» به ورده‌كاریی و قووڵاییه‌كی واوه دروستكراوه كه هه‌ست ده‌كه‌یت به‌ڕاستی له‌و دنیایه‌دایت. ئه‌و ورده داهێنانه پێویستی به كات و وزه‌یه‌كی زۆره. وه‌سفكردنی قورسه. ته‌نیا به مانای داهێنانی وێنه‌ی خه‌یاڵیی نییه له جیهانێكی دروستكراودا به كاره‌كته‌ری زیندوو. به‌ڵكو به مانای ته‌ماشاكردنی نمایشێكه له ناخی خۆیدا.
بلیمه‌تی بیۆولف
ورده داهێنان ئه‌زموونێكی فه‌لسه‌فی جادووئامێزه سه‌باره‌ت به شێوازی ئیشكردنی زیهن له كاتی خوێندنه‌وه‌دا سه‌باره‌ت به دنیاكانی دیكه، به‌ڵام هێشتا له‌و به‌هایه ئاگادارمان ناكاته‌وه كه له‌و ره‌وته‌دا خۆی حه‌شارداوه. لێره‌دا ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و وتاره‌ی كه تۆلكین سه‌باره‌ت به (بیۆولف-Beowulf) نووسیویه‌تی.
بیۆولف چیرۆكی جه‌نگێكی گه‌وره نییه به پیلانی كه‌سانی ده‌ربار. شیعرێكه ده‌رباره‌ی پیاوێك. به‌لای تۆلكینه‌وه، ئه‌سڵی بابه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه. چیرۆكی بیۆولف به‌سه‌رهاتی پیاوێكه له‌به‌رامبه‌ر شه‌پۆلێك به‌دبه‌ختیدا. بیۆولف بچووكترین و كورتترین مۆمه له پانتایی به‌رفراوانی تاریكی‌دا و ئه‌مه‌ش مانای پاڵه‌وانبوونه.
بیۆولف شیعرێكی به شكۆیه چونكه قسه له‌سه‌ر دوالیزم ده‌كات له سه‌راپای ژیانی مرۆڤدا: باسی گه‌نجی و پیری، سه‌ركه‌وتن و شكست، شكۆ و له‌ناوچوون ده‌كات. هه‌موو كه‌سێك چێژ له رۆژانی گه‌رم و خۆشی هاوین و شه‌وانی سارد و دڵساردی زستان ده‌بینێت. له ماوه‌ی یه‌ك رۆژ، یه‌ك ساڵ، یان یه‌ك ته‌مه‌ندا، هه‌موو شتێك له نێوان رووناكی و تاریكی‌دا ده‌گۆڕێت. ئێمه ده‌خۆین و ده‌خۆینه‌وه و كه‌یف ده‌كه‌ین، به‌ڵام سبه‌ی ده‌مرین.
بلیمه‌تی بیۆولف و به شێوه‌یه‌كی گشتی فه‌نتازیا، له‌و هیولا و تاوانبارانه‌دا كه نیشانمان ده‌دات- دێ‌و و درنج و ئه‌ژدیها و هیولاكان، یان ئیمپراتۆره سته‌مكاره‌كان. له‌وێوه كه ئه‌م دوژمنانه خه‌یاڵین، له قاپێكی خه‌یاڵیی ده‌چن كه ئێمه دوژمنی خۆمان ده‌كه‌ینه قاڵبه‌كه‌یه‌وه.
به قسه‌ی تۆلكین: بیۆولف سه‌یری بوونه‌وه‌ران ده‌كات و به ئه‌ندێشه‌ی ته‌واوه‌وه مرۆڤه‌كان له‌باره‌ی چاره‌نووسی ژیان و هه‌وڵی مرۆڤه‌وه ده‌جووڵێنێت، ده‌چێته قووڵایی مێژوو و ده‌چێته ناو سنووری چاخ و زه‌مه‌نه‌وه، به‌ڵام له‌سه‌روو ئه‌مانه‌وه ده‌وه‌ستێت.
له فه‌نتازیا گه‌وره‌كاندا شتێك هه‌یه كه جورئه‌ت به رۆح ده‌به‌خشێت و رۆح ده‌كات به‌به‌ری به‌ربه‌ره‌كانێدا. ئه‌و شته‌ی كه نه‌ك ته‌نیا له قسه و گێڕانه‌وه‌یدا ده‌توانین بیدۆزینه‌وه، به‌ڵكو له هه‌میشه‌بوونیدا ده‌توانین بیبینین. چونكه پێمان ده‌ڵێت شتێكی جیهانی له بارودۆخی مرۆڤدا هه‌یه كه ده‌بێت به‌های بۆ دابنێین. ئه‌و شته‌ی كه هه‌م بۆ خه‌ڵكی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست دروست بوو هه‌م بۆ كه‌سانی ئاسایی سه‌رده‌می ئێمه‌ش راسته.
ئه‌و شته‌ی پێمان ده‌ڵێت: رووبه‌ڕووی هه‌ر هیولایه‌ك ببینه‌وه، سه‌ركه‌وتوو ده‌بین و درێژه به ژیان ده‌ده‌ین. ئێمه شكست ناهێنین. كتێب رێگایه‌كه بۆ خۆسه‌رقاڵكردن و هه‌ڵاتن له واقیع. گێڕانه‌وه خه‌یاڵییه‌كان و كاره‌كته‌ره دروستكراوه‌كان فاكته‌ری پێناسه‌كه‌ری رۆمانن. به‌هاكه‌شی هه‌ر لێره‌دایه. كاتێك هه‌ندێ شتی وه‌كو قوتابخانه‌ی جادووگه‌ران، سوارانی ئه‌ژدیها، یان ئه‌و لادێیه ئاساییانه‌ی كه ده‌بن به پاڵه‌وان وێنا ده‌كه‌ین، دنیای واقیعی خۆمان له‌بیر ده‌كه‌ین. ده‌چینه ناو دنیایه‌كه‌وه كه به‌لامانه‌وه تاڕاده‌یه‌ك به‌رجه‌سته‌یه، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا ئه‌وه‌نده نامۆیه كه هه‌ژێنه‌ره و مایه‌ی شه‌وق و زه‌وقه و زۆریش ده‌خوێنرێته‌وه.
تۆلكین ده‌یوت: «هه‌ڵاتن» یه‌كێكه له ئیشه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌فسانه‌كان، من ئه‌و ریتمه گاڵته‌ئامێزه‌م قبووڵ نییه كه ئه‌مڕۆ له به‌كارهێنانی «هه‌ڵاتن»دا هه‌یه. بۆچی ده‌بێت گاڵته به مرۆڤ بكه‌یت، كاتێك خۆی له زینداندا ده‌بینێت و هه‌وڵ ده‌دات ئازاد بێت بڕواته‌وه بۆ ماڵه‌وه؟ ئه‌گه‌ر نه‌توانێت وا بكات، ته‌نیا ده‌توانێت بیر له وه‌ردیانه‌كان و دیواره‌كانی زیندان بكاته‌وه و قسه له‌باره‌یانه‌وه بكات.
خوێندنه‌وه‌ی كتێب و وێناكردنی چه‌ند دنیایه‌كی تازه و ژیان له دنیا خه‌یاڵییه‌كاندا، یه‌كێكه له هه‌توانه به‌هێزه‌كان كه له‌به‌رده‌ستی ئێمه‌دایه. خه‌یاڵ و فه‌نتازیا سه‌فه‌ری وامان پێده‌كات كه بیرمان لێنه‌كرده‌وه، به‌ڵام پاڵه‌وان و تاوانبارانی وامان نیشان ده‌دات كه له رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه باشتر دنیای خۆمان ده‌ناسین.
سه‌رچاوه: Nebesht.com