ئا: كوردهوان محهمهد سهعید
لە ماوەی كەمتر لە سێ ساڵدا سۆماڵ گەورەترین سەركەوتنی ئابووری بەدەست هێناوە، لەبەرئەوەی توانیویەتی 17 ملیار دۆلار سەرڕێژی یەدەكی هەبێت و لە گەشەی ئابووریشدا كە بۆ وڵاتێكی وەك سۆماڵی وشك و بێئاو لە خەون دەچێت، پێش 43 دەوڵەتی جیهان كەوت، ئەوەش دوای ململانێیەك دێت كە 27 ساڵی خایاند و دوو ملیۆن هاووڵاتی ئەو وڵاتەش تیایدا بوونە قوربانی.
ئەم پێشكەوتنە لە بواری ئابووریدا، بە تایبەتیش بۆ وڵاتێكی وەك سۆماڵ كە بەردەوام هەواڵی قاتوقڕیمان لێ بیستووە جێگەی سەرسوڕمانە، هەر بۆیە لە حەسەن شێخ مەحمود سەرۆكی سۆماڵیان پرسی، نهێنی ئەم سەركەوتنە چییە؟ لە وەڵامدا وتی: كارمان بە سیستم و دادپەروەری كرد و یەكەم كەسیش لە خۆمەوە دەستم پێكرد.
خزمایەتی بەكار نەهێنا
ئەم قسەیە زۆر هەڵدەگرێت، كە دەڵێ كارمان بە سیستم و دادپەروەری و چاودێری و بەراوردكاری كردووەن رەنگە لە زۆر شوێنی جیهان هەمان قسە بكرێت، بەڵام چۆن جێبەجێ دەكرێت ئەوەیان گرنگە، حەسەن شێخ مەحمود سەرۆكی سۆماڵ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە وتی: یەك كەسیشم لە خێزانەكەی خۆمان لای خۆم دانەمەزراند، هەرچەندە زۆر كاریشم پێیان بوو، بەڵام هەر كاتێك كارم پێدەكردن، لە مووچەی تایبەتی خۆم پارەم دەدانێ، نەك لە پارەی دەوڵەت، بەوەش كارەكەیان بۆ دەكردم و ئەو پارەیەش كە لە گیرفانی خۆم دەمدانێ كەمێك ژیانی باشتر دەكردن.
پسپۆڕیان لە دەرەوە هێنا
سەرۆكی سۆماڵ دەڵێ: ئێمە كەسانی لێهاتوومان لە ئاستی باڵادا دامەزراند كە خەڵكی سۆماڵیش نەبوون، جگە لەوەش بەرژەوەندی گشتیمان خستە پێش هەموو شتێكەوە و لە بەرنامەكانماندا چارەسەری ململانێ خێڵەكییەكانمان لە سەرو هەموو شتێكەوە دانا، شانازیش بەوەوە دەكەین كە گەلی سۆماڵ یەكەم گەل بوون كە كەسانی لێهاتووی بیانی لە ناو دامەزراوە حكومییەكاندا دابمەزرێنین، هەڵبەتە ئەوەشمان لە بیر نەكردووە كە مەشق و راهێنان بە خەڵكی سۆماڵی بكەین تا لە داهاتوودا ببنە پێشەنگی كارو كەسانی لێهاتوو كە وڵاتەكەمان پێویستیان پێیانە.
بۆ بوژانەوەی هەر وڵاتێك هەنگاوی زۆر گرنگ، پەرەپێدانی بواری پەروەردەییە، سەرۆكی سۆماڵیش لەم بارەیەوە دەڵێ: گرنگیمان دا بە پەروەردە و فێركردن و هەندێك میتۆدمان بۆ خوێندن زیاد كرد كە پێشتر بە كۆمەڵگەی ئێمە ئاشنا نەبوو، وەك رۆشنبیری كۆمەڵایەتی و شێوازی گفتوگۆ و متمانەبەخۆبوون و شێوازی ژیانی شارستانی و هەموو شێوازە نەرمەكانی پێویست بۆ ژیان.
میتۆدێكی نوێی خوێندن
ئەم میتۆدە هەندێك بابەتی لەخۆ گرتووە كە لە میتۆدی هیچ وڵاتێكی دیكەی جیهانیدا نییە، ئامانجی میتۆدەكە ئەوەیە مرۆڤی سۆماڵی لە ژیانی رۆژانەیدا هەموو شتێك تاقی بكاتەوە و ئەزموون لە هەموو گەلانی دیكە وەرگرێت، پڕۆسەكە سەركەوتوو بوو، لەبەرئەوە وەفدی سوید و كۆریای باشووریش سەردانیان كردین تا لە نزیكەوە ئەزموونەكەمان ببینن و توێژینەوەی لەسەر بكەن.
سەركۆی سۆماڵ سەبارەت بە خولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەی كە 2017 كۆتایی پێهات و محەمەد عەبدوڵڵا محەمەد جێگەی گرتەوە دەڵێ: ئەو كاتیش هەرچییەكم هەبوو لە پلان و بەرنامەی گەشەپێدان رادەستی سەرۆكە تازەكەم كرد كە محەمەد عەبدوڵلا محەمەد بوو، لەگەڵیشی رێكەوتین كە پلانی بوژانەوەی سۆماڵ بەردەوام بێت. ئێستاش كە بۆ جاری دووەم بووم بە سەرۆكی وڵات، بە ناوەڕاستی مەقەدیشۆی پایتەختدا بێباكانە پیاسە دەكەم و نە كەس لە پێشمەوە دەڕوات نە كەس لە پشتەوە پارێزگاریم لێ دەكات، تەنیا خودا پارێزگاری لە من دەكات.
سوپایەكی نوێ
لەبارەی چارەسەری كێشە ئەمنییەكان و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكان كە بۆ ماوەی 27 ساڵ لە شەڕی ناوخۆدا سەنگەریان لەیەكدی گرتبوو، حەسەن شێخ مەحمود وتی: سوپامان پێكهێنا، بەڵام بە یاسا نەك بە خزمخزمێنە، نەك لەسەر بنەمای تایەفەگەری، هەر كەس و لایەن و تایەفەیەكیش پێی خۆش بوو كوڕەكەی بنێرێتە ریزی سوپاوە، ئێمە هەڵسەنگاندنمان بۆ دەكرد تا بزانین ئەو مەرجانەی تێدایە كە بۆ بوونە ئەندامی سوپا شیاوە یان نا، ئەگەر ئەو مەرجانەی تێدا نەبوایە لە سوپا و هێزی چەكداری دوورمان دەخستەوە، بەوەش پێكهاتەیەكی كۆمەڵایەتی نوێمان لەناو سوپادا دروستكرد، ئەم پێكهاتەیە نە ناكۆكییان لەگەڵ یەكدیدا هەیە و نە یەكدیش دەناسن، چونكە بە شێوەیەكی وا دابەشكراون بەسەر ناوچەكانی وڵاتدا كە خواست و پێویستییەكانی دەوڵەت دەیخوازێت، نەك بە ویست و بەرژەوەندییەكانی خۆیان.
پەنابەران دەگەڕێنەوە
ئێمە داوامان لە میلیشیاكان كرد چەكەكانیان رادەستی دەوڵەت بكەن، لە بەرامبەریشدا لێبوردنی گشتی بۆ هەموویان دەركرا، بەڵام ئەوەی چەكی دانەنایە 10 ساڵ زیندانی دەكرا، لەبەرئەوە هەموویان چەكیان دانا، راستە لە رەسەتاوە زۆر متمانەیان نەبوو، بەڵام هێندەی پێنەچوو بە لێشاو چەكیان دانا.
رەنگە ئەو هەنگاوەی سۆماڵ گرنگترین هەنگاو بێت بۆ سەقامگیریی وڵاتەكە، بەڵام هەنگاوی زۆر گرنگی دوای ئەو گرنگیدانە بە ئابووری، لەو رووەوە سەرۆكی سۆماڵ روونیكردەوە، سەرەتا گرنگیمان بە پەرەپێدانی گواستنەوە و گەیاندن و خزمەتگوزارییە بانكییەكان و ژێرخانی وڵات دا، متمانەمان لای بانكە جیهانییەكان دروستكرد، ئێستاش خۆمان ئامادە دەكەین بۆ كۆنگرەی نێودەوڵەتی دارایی داهاتوو كە سویسرا بەڕێوە دەچێت، پلانەكان بە جۆرێكن، پێشبینی دەكەین دوو ملیۆن پەنابەری سۆماڵی بگەڕێنەوە بۆ وڵات و لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا ئارامی و سەقامگیریی هەمیشەیی باڵ بەسەر وڵاتدا بكێشێت.
پەرەپێدانی پیشەسازی
هەر سەبارەت بە گەشەی ئابووری و پەرەپێدانی كەرتە ئابوورییەكانی سۆماڵ سەرۆك ئەو وڵاتە جەختیكردەوە، كە كار بۆ ئەوە دەكەن لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا وڵاتەكەیان بچێتە لیستی 20 وڵاتە پیشەسازییەكەی جیهانەوە و راپۆرتێكی سەنتەری نێودەوڵەتی ئابووریش ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەكاتەوە.
رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان زۆر گرنگی بەم بەرەوپێشچوونەی سۆماڵ دەدەن و رێكخراوی شەفافیەتی جیهانی لە ریزبەندی وڵاتانی جیهاندا بۆ ئاستی شەفافەیەت، سۆماڵی خستە پلەی 78مین وڵات، لە كاتێكدا پێشتر لە پلەی 203میندا بوو.
لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا هیچ شتێك لە سۆماڵ نەگۆڕاوە، لە رووی سامانی سروشتی و سەرمایەی مرۆییەوە، تەنیا شتێك كە وایكردووە ئەم وڵاتە لە رووی گەشەی ئابوورییەوە پێش 43 دەوڵەتی جیهان بكەوێت، سەركردایەتییەكی ژیرانە بوو بۆ بنبڕكردنی كێشەكان و بە تایبەتیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دیاردەی خزمخزمێنە و تایەفەگەری.
سەرچاوە: ئاژانسەكان