ماكرۆن دەستبەكاربوو

09:25 - 2022-05-08
جیهان
852 جار خوێندراوەتەوە

دوای سەركەوتنی لە خولی دووەمی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی وڵاتەكەی، دوێنێ لە رێوڕەسمێكدا ئیمانوێل ماكرۆن بۆ دووەمجار وەك  سەرۆكی فەرەنسا دەستبەكاربوو.
دوای هەریەك لە چارل دیگۆڵ ‌و فرانسوا میتران ‌و جاك شیراک، ماكرۆن دەبێتە چوارەم سەرۆكی فەرەنسا، كە دووجار لەسەریەك بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی وڵاتەكەی هەڵببژێردرێتەوە، كە ماوەكەی پێنج ساڵە.
لە رێوڕەسمەكەدا، ماكرۆن لەبەردەم نزیكەی 450 كەسایەتیدا، وتارێكی خوێندەوە ‌و بە ئاماژەیەك بۆ جەنگی نێوان روسیا ‌و ئۆكرانیا، وتی: هەست بە مەترسییەكانی ئەم سەردەمە دەكەم ‌و داوای كرد كە هەوڵەكان بخرێنەگەڕ، بۆئەوەی فەرەنسا سەربەخۆتر بێت. 
لەنێو كەسایەتییە بانگهێشتكراوەكاندا بۆ رێوڕەسمەکە، هەریەك لە نیكۆڵا ساركۆزی ‌و فرانسوا هۆلاند سەرۆكانی پێشووتری فەرەنسا ‌و هاوسەر ‌و خانەوادەكەی ‌و جان كاستس سەرۆك وەزیران ‌و ئەندامانی حكومەتەكەی ‌و گەورە بەرپرسان لە ئەنجومەنی پەرلەمان ‌و زانكۆكان ‌و سەندیكاكان ‌و نوێنەرانی ئایینییەكان ‌و زۆری دیكە ئامادەبوون.  

سەرچاوە: ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان