شوخت

خولانەوە لەناو بازنەی بۆشدا

10:23 - 2022-08-07
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
324 خوێندراوەتەوە

پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق كۆتاییهات، دانوستانی لەمەودوای نێوان لایەنە سیاسییەكان لەسەر دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەبێت. ئەوەی مابێتەوە گفتوگۆی لەسەر بكەن، دەستنیشانكردنی كات و شێوازی هەڵبژاردنەكەیە.
بەپێی لۆژیکی ململانێی سیاسی و رای شارەزایانی سیاسی كشانەوەی سەید موقتەدا سەدر و فراکسیۆنەکەی لە پڕۆسەی سیاسی، هەڵە بوو ، بەڵام گواستنەوەی ململانێكە بۆ شەقام و پەكخستنی پەرلەمان، هەلێكی لەباری بۆ رەخساند هەم هەڵەی كشانەوەکە لە پەرلەمان راست بكاتەوە و هەمیش چەند مەرجێك بەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسیدا بسەپێنێت بەتایبەتیش دووبارە كردنەوەی هەڵبژاردن بەهەمان یاسای هەڵبژاردن، بەوپێیەی سەدرییەكان سوودی زۆریان لەو یاسایە بینی.
رەنگە هەموومان بپرسین، ئەرێ‌ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن گرفت و ئاڵۆزییەكانی ئێستا چارەسەر دەکات؟ ئەمە لەكاتێكدا بەر لە 10 مانگ هەڵبژاردن كراو لایەنەكان نەیانتوانی حكومەت دروستبكەن، كەوابوو كردنەوەی گرێ كوێرەی سەقامگیریی سیاسی و پێكهێنانی حكومەتی عیراق پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیی بە نەسازانی بەرژەوەندییە جیاوازەكانەوە هەیە.
ئەوەی دەیبینین عیراق لە 2018 ەوە لە بازنەیەكی بۆشدا دەخولێتەوە. نەتوانراوە حكومەتێكی سەقامگیر و لەسەرخۆ دروستبكرێت. لایەنەكانی نێو ململانێیكەش نەیانتوانیوە چارەسەرێكی دیموكراتیانە بخەنەڕوو. بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی-ش كە بەدەر نەبوون لە كاریگەریی سیاسی، دۆخی سیاسییان بەتەواوی بەستەوە و ململانێكانیان بردە قۆناغێكی دیكەوە.
ئەو ململانێیەی هەیە پەیوەندیی بە خواستی شەقامەوە نییە، بەڵكو هەموان دەیانەوێت‌ تووڕەیی و بێزاری شەقام لە دەستەبژێری سیاسی و حکومڕان لە عیراق بكەنە بەركوڵی گەیشتن بە خواستی حزبی و شەخسی خۆیان. لەیەك كاتدا هەموو لایەنە سیاسییەكان باسی بوونی گەندەڵی دەكەن و هەموشیان باس لە پێویستی چاكسازیی دەكەن و پشتیوانی لە خۆپێشاندەران دەكەن.
لە سەرەتای رووخانی رژێمی سەدام، تا 10 ساڵ دواتری لایەنە سیاسییەكانی كوردستان جگە لەوەی وەك هەموو گروپ و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی عیراق خواستی گشتییان هەبوو لەبارەی حکومڕانییەوە، هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی هەر كابینەیەكی حكومەتدا، خواستی نەتەوەییشیان هەبوو. بۆیە دەبینین ئەجێندا و نەخشەڕێی یەكگرتووی پێشكەشی پێکهاتەکانی دیکە دەكرد و دەیانكردە مەرجی بەشداریكردنی كورد لە پێكهێنانی حكومەتدا لە بەغدا و بەشداریی كورد لە پڕۆسەی سیاسیدا. 
كورد وەك یەك تیم پرسی بەشداریكردنی دەبەستەوە بە جێبەجێكردنی دەستوور و یەكلاییكردنەوەی ئەو پرس و ناكۆكییانەی کە لە نێوان هەرێم و بەغدادا هەبوون. هەر لە جێبەجێكردنی مادەی 140 ەوە بگرە تا دەگاتە بەركەوتەی كورد لە داهاتی عیراق و هاوكات پرسی پێشمەرگە و هەموو ئەو پرس و بابەتە چارەسەر نەكراوانەی لە نێوان هەرێم و بەغدادا هەبوون، بەڵام ئەوە ماوەی 10 ساڵێكە كورد نەك ئەجێندایەكی یەكگرتوو یاخود یەك تیم نییە، بەڵكو لای هەندێک لایەن، خواستی حزبی و شەخسی خراوەتە سەرووی خواستە نەتەوەیییەکانەوە. ئەوەش وایكردووە بۆ گەیشتن بە خواستی حزبی یان شەخسی، كورد خەریکە وا دەردەکەوێت کە بەسەر گروپە جیاوازەكانی عیراقدا دابەش ببێت و ببێتە لایەن لە ململانێ هەرێمایەتییەكان كە بە دڵنیاییەوە ئەوە زیانی گەورە بە دۆزەکەی دەگەیەنێت.

وتارەکانی نوسەر