ئێران و توركیا و سوریا دۆلار لە بازاڕی عیراق دەكڕن

10:26 - 2022-12-27
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
309 خوێندراوەتەوە

ئێران و سوریا و توركیا دۆلارێكی زۆر لە بازاڕەكانی عیراق دەكڕن بۆیە دیناری عیراقی بەرامبەر دۆلار گرفتی بۆ دروست بووە و كەمێك دابەزیوە.
پێشتر ئەم كڕینە لەلایەن ژمارەیەك بانك و بازرگانی عیراقی و بیانییەوە بوو، بەڵام ماوەیەكە حكومەتی عیراق زنجیرەیەك رێوشوێنی توندی گرتۆتەبەر بۆ كەمكردنەوەی بردنە دەرەوە و بازرگانیكردن بەدۆلارەوە لەناو عیراق، بەهۆیەوە ژمارەیەك بانك و بازرگان خراونەتە لیستی رەش و دۆلاریان پێنادرێت.
ئێران بەپلەی یەكەم و توركیا بەپلەی دووەم و سوریا بەپلەی سێیەم دۆلار لە بازاڕی عیراق دەكڕن، هەروەك حكومەتی سوریا دۆلارێكی زۆر لە رۆژئاوای كوردستان دەكڕێت و ئەم بازرگانییە گرفتی بۆ رۆژئاوای كوردستان دروست كردووە.
ئەو وڵاتانەی دۆلار لە عیراق دەكڕن پێویستیان بەدراوی گرانە بەهۆی ئەو بارە ئابوورییە خراپەی هەیانە و بەها و نرخی دراوەكانیان زۆر لە كورتی داوە.
بە قسەی ئابووریناسان ئەم دابەزینەی دیناری عیراقیی رەنگە درێژە نەكێشێت، بەڵام پێدەچێت لەبەغدا خاوە خاوی بكرێت لەگرتنەبەری رێوشوێنی نوێ‌ بۆ سەقامگیركردنی نرخی دۆلار.
بەرزبوونەوەی دۆلار و دابەزینی نرخی دینار، راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵك دروستدەكات بەتایبەت مووچەخۆرو كرێكاران چونكە داهاتیان سنووردارە و ئەو داهاتەی دێتە دەستیان بەهای كەم دەبێتەوە و توانای كڕینی خۆراك و كاڵایان كەم دەبێتەوە.

وتارەکانی نوسەر