چەند سەرنجێك لە رۆژی ئاڵادا

10:31 - 2022-12-19
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
328 خوێندراوەتەوە

ئاڵای كوردستان نیشانە و رەمزی گەلی كوردستانە، دەتوانین بڵێین زادە و لەدایكبووی واقعێكی تایبەتە، لێرەوە بە دەرفەتی دەزانم چەند سەرنج و تێبینییەك لەسەر ئاڵای كوردستان و سرودی ئەی رەقیب بخەمە روو.

نەتەوەكانی دیكەی، پێیانوایە ئاڵای كوردستان گوزارشت لە بوون و مێژووی ئەوان ناكات

هەرێم ئەوکات دوو ئیدارەبوو
ئاڵای كوردستان بەپێی قانونێكی پەرلەمان (ئیدارەی هەولێر ساڵی 1999) دەرچووە كە كوردستان دوو ئیدارەبوو، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كە تا ئەوكاتە نیوەی ئەندامانی پەرلەمانی هەبوو، سنووری سلێمانی و گەرمیانی بەدەستەوە بوو، لە پەرلەمانی كوردستان نەبوو. 
شەرح و شیكردنەوەكانی بۆ رەنگ و هێماكانی سەر ئەم ئاڵایە كراوە، پەیوەستە بەگەلی كورد، باسی شەهیدان و نەورۆزی گەلی كورد دەكات، بۆیە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی كوردستان پێیانوایە ئەم ئاڵایە، گوزارشت لەمێژوو، خواست و رابردووی ئەوان ناكات. واتە ئەم ئاڵایەی ئێستای كوردستان رەنگدانەوەی خواستی نەتەوەیی ئەوان وەك (توركمان و كلدۆ ئاشور سریان) و پێكهاتەكانی دیكە نییە. حزبە (راستەقینەكان)ی ئەو پێكهاتانەو رۆشنبیرانیان گلەیی و گازندەو رەخنە لەئاڵای كوردستان دەگرن و داوا دەكەن، یان ئاڵای ئێستای كوردستان كەمێك گۆڕانی تێدابكرێت بەجۆرێك گوزارشت لەبوون و مێژووی ئەوان بكات، یاخود ئەو شەرح و تەفسیرەی ئاڵای كوردستان كە لەقانونی ئاڵادا نوسراوەتەوە گۆڕانی بەسەردابێت، واتە شەرحی رەنگ و هێماكانی سەر ئاڵای كوردستان بگۆڕدرێت بەجۆرێك خواستی ئەوانیشی تێدا جێبكرێتەوە، چونكە لەو قانونەی هەیە باسی هیچ نەتەوەیەك نەكراوە جگە لەگەلی كورد.
نەك تەنها پرسی ئاڵای كوردستان، بەڵكو سرودی ئەی رەقیب-یش گلەیی و گازندەی زۆری لەسەر هەیە. سرودی ئەی رەقیب كە سرودێكی بەناوبانگی گەلی كوردەو دواتر بووە سرودی نیمچە رەسمیی لەكوردستان. 
سرودی ئەی رەقیب زادەو لەدایكبووی واقعێكی تایبەتی گەلی كوردە. ئێستا لەهەموو پارچەكانی كوردستان بە ئاوازەوە جێگەی خۆی گرتووە، بەڵام پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان (كلدۆ ئاشوور سریان و توركمان)ەكان داوا دەكەن سروودێك ببێتە سروودی كوردستان، دیسان گوزارشت لە بوون و مێژووی ئەوان بكات. چونكە سروودی ئەی رەقیب سروودی قەومی گەلی كوردە نەك گەلانی كوردستان، هەر باسی گەلی كورد دەكات نەك گەلانی كوردستان.
لەسرودی ئەی رەقیب دا هاتووە: 
ئەی رەقیب هەر ماوە قەومی كورد زوبان..
قەومی كورد هەستایە سەرپێ‌.. 
كەس نەڵێ‌ كورد مردووە، كورد زیندووە 
ئێمە رۆڵەی میدیا و كەی خوسرەوین.. 
لاوی كورد حازر و ئامادەیە..


ئەی رەقیب گوزارشت لە خواستی نەتەوەکانی تر ناکات
پێكهاتەكانی دیكەی وەك ئاشورییەكان بە هەرسێ‌ تایفەوە (كلدۆ ئاشور سریان) و توركمانەكان پێیانوایە سروودی ئەی رەقیب گوزارشت لە خواست و مێژووی قەومیان ناكات، بۆیە واباشترە سروودێك بە رەسمیی بكرێتە سروودی نیشتیمانیی، گوزارشت لە مێژووی گەلانی كوردستان بكات و جێگەی ئەوانیش لەنێو سرودەكە بكرێتەوە.
من پێموایە تێبینی و سەرنجی نەتەوە و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان (ئاشوریی) و (توركمان) و هەموو پێكهاتەكانی دیكە لە جێگەی خۆیەتی و ئەو مافەیان هەیە. هەقە هەموو لایەنەكانی كوردستان بەتایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان تێگەیشتنیان هەبێت بۆ خواستی قەومیی ئەو نەتەوە و پێكهاتانە، ئەوەی داوای دەكەن سادەترین مافی نەتەوەییانە و هاوكات بە یەكەوە ژیان و شەراكەت لە ژیان و حوكمڕانیی لە كوردستان قووڵتر دەكاتەوە.
جێی داخە، جگە لەوەی كە خواستە قەومییەكانی ئەو پێكهاتانە جێنەكراوەتەوە و هیچ حیسابێك بۆ بوون و مێژوویان لەسروود و ئاڵای كوردستاندا نەكراوە، هاوكات زۆر خراپ مامەڵە لەگەڵ ئەو پێكهاتانە دەكرێت و ئێستا لە پەرلەمان و حكومەت نەك شەریك نین و نوێنەرایەتی خۆیان ناكەن، بەڵكو ئیرادەشیان زەوتكراوە.

رۆژی ئاڵای کوردستان

وتارەکانی نوسەر