هیچ رێكەوتنێك بەبێ‌ ئەمریکا مومكین نییە

دانوستانی ئەنقەرە و دیمەشق، كورد لەبەرەی ئەمریكا یەكلایی دەكاتەوە؟

10:33 - 2023-01-03
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
365 خوێندراوەتەوە

پێدەچێت ئەردۆغان پێویستی بە گەڕێكی دیكەی گرژیی و ئاڵۆزیی بێت لە ناوچەكەدا، تاوەكو بتوانێت لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا كەمێك لەدەنگەكانی زیادبكات، روسیاش دەیەوێت لەبەیەك گەیاندنی سوریا و توركیا گوشاری زیاتر بخاتە سەر ئەمریكا لە سوریا و ئەمریكا بخاتە مەوقیفێكی ناخۆش و وەڵامدانەوەی ئاسان نەبێت، ئەمریكاش بەناردنی چەكی زیاتر و دەستپێكردنی مەشق بە هێزەكانی سوریای دیموكرات، وەڵامی جموجۆڵەكانی روسیا و توركیای دایەوە.
رێگری لە پەلاماردانی  رۆژئاوای كوردستان
رێگری ئەمریكا لە پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستان لە لایەن تورکیاوە، لە مانگی رابردوودا، ئەردۆغانی لە پەلاماردان و داگیركردنی بەشێكی دیكەی رۆژئاوای كوردستان بێ ئومێدكرد، بۆیە ماوەیەكە بە هەماهەنگی و هاوكاری روسیا دەیەوێت لەڕێی سوریاوە گوشاری زیاتر بخاتەسەر ئەمریكا و رۆژئاوای كوردستان.
لەچەند هەفتەی رابردوودا مەولود چاوش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی سوریای كرد و هەریەكە لە بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا و عەلی مەملوك سەرۆكی موخابەراتی سوریای بینی، هەروەك وەزیری بەرگری و موخابەراتی توركیا لە مۆسكۆ چاویان بە وەزیری بەرگری سوریا كەوت.
هەموو ئەو كۆبوونەوانەی دەكرێن بەنێوانگیری و فشاری روسەكانە لەناوچەكەدا، بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا لەبارودۆخێكدا نییە رێگری لە داخوازی روسیا بكات، ئەگەرنا لە ناوخۆی سوریا بە تایبەتیش لەناو ئەنجومەن و نێو ماڵی عەلەوی روبەرووی رەخنەی زۆر دەبێتەوە بەهۆی ئەو چاوپێكەوتنانەوە! چونكە پێشتر ئەسەد مەرجی چاوپێكەوتن و هەر دیدارێكی لەگەڵ توركەكان بەستبۆویەوە بە چۆڵكردن و كشانەوەی توركیا لەو ناوچانەی هاتۆتە ناوی لە سوریا.
مەبەستی توركیا لەو دیدار و چاوپێكەوتنانە گەڕانە بەدوای دەریچەیەك بۆ ئەوەی لەڕێی روسیا و سوریاوە بتوانێت پەلاماری رۆژئاوای كوردستان بدات و سیغەیەك بدۆزێتەوە ئەو قەوارەیە بەرتەسك بكاتەوە و گوشاری زیاتری بخاتەسەر، تاوەكو بتوانێت لەناوخۆی توركیا بانگەشەی پێبكات و كاریگەری لەسەر دەنگەكانی بكات لە هەڵبژاردنی داهاتوو كە بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی نوێ‌ بكرێت. چونكە چانسی سەركەوتنی زۆر لاوازبووە.
روسەكانیش دەیانەوێ‌ لەم دیدارانە، هەوڵی رێكەوتنێك بدەن لە نێوان سوریا و توركیا كە ببێتە مایەی فشاری زیاتر لەسەر ئەمریكا، بەتایبەتیش روسیا هەوڵدەدات هێزەكانی سوریا بگێڕێتەوە بەشێك لەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان كە ناوچەی جێ نفوزی ئەمریكایە. گەڕانەوەی هێزی سوریا بەناوی پاسەوانی سنوور، یەكسانە بەهەڵكشانی هێزەكانی روسیا بۆ ئەو ناوچانە.
ئەمریکا بەردەوامە لە پاڵپشتیکردن لە رۆژئاوا
جیاواز لە قۆناغەكانی رابردوو كە ئەمریكا كەمتر خۆی لەوەڵامی ئاشكرای جموجۆڵ و هەڵسوكەوتەكانی توركیا و روسیا دەدا، ئەمجارە لەگەرمەی پەلاماردانی ئاسمانیی توركیا، بڕێكی زۆری چەكی بۆ رۆژئاوای كوردستان رەوانەكرد كە بەشێك لەو چەكانە لە رووی چۆنایەتیەوە (نوعی) جیاواز بوون، هاوكات دوای دیداری وەزیرانی بەرگری توركیا و سوریا لە مۆسكۆ، لە رەققە مەشقی هێزەكانی ئەمریكا بەهێزەكانی سوریای دیموكرات دەستی پێكرد كە ئەمە بۆخۆی وەڵامێكە لەجێ و شوێنی خۆی بوو بۆ روسیا و توركیا. هەروەك بڕیاریشە ئەمریكا سەربازگەیەك یان بنكەیەكی گەورەی سەربازیی لە رەققە دروستبكات و چەند بارەگایەكی كۆنی خۆی لەرۆژئاوای كوردستان نۆژەن و ئاوەدان بكاتەوە لەوانە بارەگای سەرەكیان لە ناوچەی ئیستراحەتی وەزیر لە نزیك حەسەكە.  ئەمانە هەمووی ئاماژەن بۆ جددی بوونی ئەمریكا لەرێگریكردن لەپەلاماردانی توركیا و وەڵامدانەوەی جموجۆڵی روسیا لەرۆژئاوای كوردستان.
تائێستاش پێناچێت ئەو دیدار و چاوپێكەوتنانەی توركیا و سوریا لێكەوتەی گەورەی بەدواوەبێت، چونكە مومكین نییە هیچ رێكەوتنێك لەسەر بارودۆخی سوریا، یان لانیكەم رۆژئاوای كوردستان لە نێوان وڵاتانی ناوچەكە بەبێ‌ ئەمریكا سەربگرێت.
دەكرێت بڵێین لێكەوتەی ئەم دیدارانە یان هەر رێكەوتنێك لە نێوان سوریا و توركیا بەم شێوەیە دەبێت:
یەكەم: گفتوگۆ و دیداری نێوان رۆژئاوای كوردستان و سوریا روبەرووی گرفتی زۆر دەبێتەوەو هەر رێكەوتن یان لیكتێگەیشتنێكیان لەنێواندا هەبێت یان هەڵدەوەشێتەوە یان جێبەجێ ناكرێت، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە بڵاوەپێكردن و دووبارە رێكخستنەوەی باری ئەمنیە لەناوچەكانی مەنبەج و كۆبانیی و چەند ناوچەیەكی دیكەی نزیك عەفرین كە بەم دواییە بەنێوانگیری روسەكان كراوە.
دووەم: روسیا پاڵ بەكاربەدەستانی رۆژئاوای كوردستانەوە دەنێت زیاتر بەلای ئەمریكادا بڕۆن و لەگفتوگۆی دیمەشق دووربكەونەوە كە چەندین گەڕی دانوستان لەنێوانیاندا بووە،  واتە روسیا كورد لەسەر ئەمریكا ساغدەكاتەوە. هەروەك هەر رێكەوتنێكی نێوان سوریا و توركیا پەیوەندییەكانی نێوان دیمەشق و رۆژئاوا ئاڵۆز دەكات و دوور نییە لێكەوتەی هەبێت لەسەر باری ئەمنی لەوناوچانەی كە بە (مربع)ی ئەمنی ناسراوە لە قامیشلی و حەسەكە.
سێیەم: توركیا هاوكاریی و پشتیوانیی لەو گروپانەی بە ناوی ئۆپۆزسیۆن كەمبكاتەوە و كەمێك پەراوێزیان بخات لەبەر خاتری سوریا، یان بۆ ماوەیەك جموجۆڵی چەكدارییان لەناو خاكی سوریا رابگرێت  بۆ دڵنیاكردنەوەی سوریا.
هاوکارییەکەی بۆ ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەبڕێت
بەپێی زانیاریی، بەهۆی ئەو دانوستان و پێشكەوتنانەوە، توركیا ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا (سەر بە توركیا)ی ئاگاداركردۆتەوە كە چیتر ناتوانێت هاوكاریی مانگانەیان بكات، كە بڕەكەی 250 هەزار دۆلارەو بۆ موچەخۆر و چەكدارەكانیان سەرف دەكرد چ لەناو توركیا یاخود لەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنە لەناو سوریا. پێی راگەیاندوون كە ئەوەی دەتوانێت خۆبەخش كاربكات، ئەوەیشی ناتوانێت دەتوانێت توركیا بەجێبهێلێت.
بە كورتی روسیا و توركیا بەرژەوەندییەكانیان دەخوازێت بەیەكەوە هەوڵی رێكەوتنێك بدەن لەنێوان توركیا و سوریا هەریەكەیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی. ئەردۆغان دەیەوێت دژایەتی رۆژئاواو كورد بەكاربهێنێت بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر دەنگەكانی لەهەڵبژاردنی داهاتوو، روسەكانیش دەیانەوێت‌ لەو رێگەیەوە گوشار لەسەر ئەمریكا دروستبكەن چ لەناو سوریا یاخود لەئۆكرانیا. لەو نێوانەشدا رژێمی سوریا رۆڵێكی ئەوتۆی نییە و پێناچێت هیچی لێ دەستكەوێت. كوردیش تەنها پەناو پشتیوانیی ئەمریكایە كە ئەگەر بە ناچاریش بێت، دەبێت‌ دەستی پێوەبگرێت، چونكە هیچ دەریچەو دەرگایەكی دیكەی نییە رووی تێبكات.

سوریا لە ناو گەمەی تورکیا و روسیادا

وتارەکانی نوسەر